ناڵە حەسەن


لەنێو خەمەکانت وێنەکانی خۆمم و
لەنێو چاوەکانت تیشکەکانی خۆر و
لەنێو تابلۆی جوانییەکانیشت
ڕەنگە ئارامبەخشەکانی
هەموو باخچەکان و گوڵەکان و پەپوولەکانم بینیەوە
لە دوورەوە لە مەملەکەتی غوربەتەوە 
جوانیت قسەی بۆ دەکردم 
شیعرەکانمی درێژ و درێژ دەکردنەوە 
لە شەوانی بەستەڵەک و سڕبووندا
خەون و خۆزگەکانمی گەرم دادەپۆشین 
لە شەوە تاریکەکانی تەنیاییش
ڕێگاکان و ئاسمانەکانی خەیاڵمی ڕووناک دەکردنەوە 
ئەی شۆخ
تۆ بەهارێکی لەنێو دۆزەخی عەشق
فێنکایی بە ئاگر دەبەخشیت
تۆ ئەو فریشتەیەی لەگەڵ بەفر سەما دەکەیت و 
چیاکان بۆت دەچەمێنەوە 
سەوزاییش بە فلووتێکی شین سەمفۆنیات بۆ دەژەنێ 
شەوانان پەنجەرەکەت بکەرەوە
گوێ لە چیڕۆکی سنەوبەرە تەنیاکان ڕابگرە
هەوێردەی گوێسوانی هیواکانیش سڵاوت لێدەکەن 
ئەو دەمانەی نیگاکانت پڕ دەبن لەنوور
بە ڕێنووسە نارنجییەکان 
ئایەتەکانی عەشقمان بۆ بنووسەوە 
ئەی میهرەبانتر لە میهری ڕووبار 
ماسییەکان وەک ئەوەی لەنێو گۆمی شەڕاب پیاسەبکەن
مەست مەست بەجۆرێک گڕیان گرتووە
بە زەردەخەنە و نەغمەیەکی تۆ نەبی ئارام نابنەوە 
ڕێبوارە یاخییەکان شەوانان لە چاوەڕوانیت دان 
تا بە پشکۆکانی جوانیت چراکانییان بۆ دابگیرسێنییەوە
ئەی شاپەری نێو پەرییەکانی خودا
دە قسەم بۆ بکە
برینەکانی نێو جەستەی نیشتمان 
بە پەنجەکانی تۆ نەبێ ساڕێژ نابنەوە
دەروێشە عاشقەکانی نێو زیکر و سەفا
بە ئاوازی کەمانجەکەی سەرشانی تۆ نەبێ هێور نابنەوە 
ئەی جوانکیلەتر لە پەرییەکانی ژێر کەپرەکانی بەهەشت
دەپێم بڵێ کێ دەتوانێ وەک و من 
لە ئاگرە سوورەکەی جوانیت نزیک بێتەوە و نەسووتێ 
کێ دەتوانی لە ئۆقیانووسە قووڵ قووڵەکان 
مۆری و مەرجانەکانی ملوانکەکەت بدۆزێتەوە و ون نەبێ
ئەوە من بووم
بە شەڕابە سپییەکەی فرمێسکی ئەستێران 
خۆم مەست کردو
خۆم و کتێبە شیعرییەکانم هاتم بۆلات
لەنێو خۆم و شیعرەکانم بە دوای تۆدا دەگەڕام
تا لەکونجێکی ژوورە هێمنەکانی بتدۆزمەوە 
یان لەژێر سێبەری دار چنارێک لە تەکما سەرخەوێ بشکێنی
ماندووم لەنێو ڕۆحێکی لەتلەتی تەنیا هاتم و 
بێزاربووم لە مەودا دوورەکانی نێوان خۆم و ژیان 
لە پەرێزە سووتاوەکانی نێوان خۆم و عەشق
لە بیابانە دڕکاوییەکانی نێوان خۆم و فریشتەکان 
هاتم بۆلات تا لەنێو نەخشی سەر فەرشەکانی جوانیت
خاڵخاڵۆکە وردیلەکانی نێو خەونەکانم ببینمەوە و
تەڵبەندەکانی تەنیایی جێبهێڵم و 
جارێکیتر بەرەو مەملەکەتە تاریکەکەی مردن نەگەڕێمەوە 
تۆش لە نێو تەمومژی تاوێری تەنیاییت دوورکەرەوە
دەدەستت بێنە دەی 
بۆ نێو ئەفسانە گەرم گەرمەکانی عەشق بمگەڕێنەوە ...!

                                                       مەی ٢٠٢٦

 

 

 

 

 

 


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا