
حەسەن هەندرێن
ڕۆمانێکە جارێکی دی ڕۆحی بەبەر داستانێکی قارەمانێتی گەلەکەماندا کردۆتەوە. چۆتەوە سەر تخوبەکانی مێژوو، بەڵام مێژوو ناگێڕێتەوە. بە لاوک و سەردولکە تابلۆکەی جوانتر نەخشاندووە، بەو زمانە شیرین و دەوڵەمەندەش هێندەی دی ڕۆمانەکەت لەلا خۆشەویست دەکات.
لەناو گێڕانەوە کۆن و داستانئامێزەکاندا، زۆربەمان گوێمان لە لاوکی دەروێشێ ئەڤدی بووە، هەرە نایابەکەشیان بە دەنگی شڤان پەروەرە، لە گرنگی ئەم داستانە پڕ قارەمانێتییەشدا ئۆجەلان وانەیەکی جوانی هەیە و زۆر بە گرنگییەوە هەڵوەستەی لەسەر ئەم داستانە کردۆتەوە.
لە نوسخە ئۆرجیناڵەکەدا، دەروێشێ ئەڤدی جەنگاوەرێکی زۆر ئازای ئێزیدییە، ناو و ناوبانگی لە شاروێران و ئۆرفا تێدەپەڕێ و دەگاتە شنگال و ئێزیدیخان و لە زۆر شار و ئاوایی ژێر چەپۆکی ئۆسمانیان دەنگدانەوەی هەیە، بۆیە خەونی لەناوبردنی دەروێش ئەبێتە خەمی سەرەکی سوڵتانی ئۆسمانی.
هەرچەندە کێشەیەکی ناخۆش دەکەوێتە نێوان بنەماڵەی دەروێشێ ئەڤدی و زۆر پاشای ناو ڕۆمانەکە و تەمەر پاشای ڕاستەقینە، بەڵام لەبەر ئەوەی کەریم کاکە مێژوو ناگێڕێتەوە، بەڵکو سوودی لە مێژوو بینیوە، بۆیە گۆڕینی ناوەکان تەنانەت ناوی شار و کەلەکانیش دەچنە نێو خانەی داهێنانی هونەریی و فەنتازیای نووسینەوە. ئەم کێشەیەی دروست دەبێ، هۆکارەکەی جیاوازیی ئاینە، دەروێش ئێزیدییە و (عەولە) یان ئێدلێی ناو ڕۆمان، موسڵمانە، ئێدلێ کچی زۆر پاشایە و بەو پەیوەندییەی نێوان ئەم دوو عاشقە، گڕ لە پەیوەندیی عەشایەری نێوان ئەم دوو بنەماڵەیەش بەردەبێ و بنەماڵەی ئەڤدی بەگ ناچار بە کۆچکردن دەکات، لە ئۆرفا وە بەرەو شنگال.
هێرشی ئۆسمانیان بۆسەر ناوچەی ژێر دەسەڵاتی زۆر پاشا، جارێکی دی پەیوەندی نێوان زۆر پاشا و ئەڤدی بەگ ڕێک دەخاتەوە، دەروێش و دوو برای و چەندین جەنگاوەری ئازای ئێزیدی لە دوای بانگەوازی بە هاناوەهاتنی زۆر پاشاوە، بەرەو ئۆرفا، شاری برایم پێغەمبەر بەڕێدەکەون، زوو دەکەونە ناو شەڕ و شۆڕ، چەندین نەبەردی مەزن تۆمار دەکەن، بەڵام ئەوەی نەخوازراوە و دەبێتە گرێی سەر دڵی ئەیدلێ و خوێنەران، کوژرانی دەروێشە، لە نەبەردیێکدا. چونکە زۆر پاشا زۆر پەشیمان دەبێتەوە لەو بڕیارەی پێشووی، کە ڕێگریی کرد لە پێکگەیشتنی ئەم دوو عاشقە وەفادارە، بەڵام شەڕ پەیمانێکی نوێ کردەوە و بەڵێنی هاوسەرگیریی ئەم دووانەش، دوای دوورخستنەوەی مەترسی ئۆسمانییان، دەبوە مۆری کۆتایی پەیمانەکەیان.
کارکردن لەسەر داستانەکان و ژیانەوەیان بەم شێوازە، زۆر لەگەڵ زمانە جوان و پاراوەکەی کافکافدا دێتەوە، هیوادارین، کاری دیکەیشی ببینین.