بەو ئاسانییەی
سەرنج و بۆچوون دەگۆڕینەوە
باوەڕ دەگۆڕی

بەو ئاسانییەی پۆشاک دەگۆڕین
هەڵوێست دەگۆڕی

بەو ئاسانییەی پێڵاو دەگۆڕین
سەنگەر دەگۆڕی

بەو ئاسانییەی
کاغەز و کارتی جەژنەپیرۆزە
دەگۆڕینەوە
بەرنامە و خواست و ڕێباز دەگۆڕی

بەو ئاسانییەی هەوا هەڵدەمژین
با دەدەیتەوە

بەو ئاسانییەی هێلکە دەشکێنین
پەیمان دەشکێنی

بەو ئاسانییەی موو هەڵدەکێشین
مل هەڵدەکێشی

بەو ئاسانییەی گوڵاڵە دەچنین
پلانی مەرگی 
دەیان عاشقی ئازادی دەچنی

بەو ئاسانییەی ئاو دەخۆینەوە
جاڕی شەڕێکی ناڕەوا دەدەی

بەو ئاسانییەی
لەڕێی ژیاندا عارەق دەڕێژین
بۆ سامان خوێنی ئینسان دەڕێژی

بەو ئاسانییەی ئامێزی دەروون
بۆ جگەرگۆشەی خۆ دەکەینەوە
دەرگای نیشتمان بە ڕووی نەیاردا
دەخەیە سەر پشت

بەو ئاسانییەی
ڕۆژانە هێزی بازوو دەفرۆشین
شەوان کەرەسەی بەختیاری دەکڕی

بەو ئاسانییەی تەماتە دەکڕین
وڵات دەفرۆشی

 

 


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا