
ئێمەش ڕۆژانێک
لەوێ بووین
هاوڕێی شەقام و تەنیایی و چایخانەکەی
فەرەیدوون و
لیسا کافێ و قاوەخانەی کولتووری بووین!
تیشک بووین و
بە گژ شەوەزنگدا دەچووین
باران بووین و ڕۆحی تینووی منداڵانی ئەم شارەمان
پاراو دەکرد
چرای ئەڤینمان
هەڵ دەکرد
سڵمان لە فیشەک و فەتوای نەریتخوازەکان نەدەکرد!
لە نێو کێڵگەی بێدەنگیدا
ڕەزی یاخیبوونمان دەڕواند
لە باخچەی نائومێدیدا
تۆویی هیوامان دەوەشاند
گوڵی بەرخودانمان دەچاند!
ئێمەش ڕۆژانێک
وەک ئێوە
لە نێوانی دوو بەنداودا
بۆ پەرداخێک ئاوی پاکژ
توند دەجەنگاین!
بۆ نەهێشتنی دوکەڵ و تەپوتۆزی کارگەی گەچ و پرۆژەی نوێی فیرعەونەکان
تێدەکۆشاین!
لەم باژێڕە دەنگدلێرە
لەگەڵ دێوی
شێرپەنجەدا ڕۆژانە
زۆرانمان دەگرت
ئەو هەر
لە ئێمەی دەبرد و
خۆی نەدەمرد!
شەقام ببوو
بە ماڵی دووەمی ئێمە
بە شەوانە لێی دەنووستین
کڕێوە و زوقمی دیسەمبەر وەکوو دووپشک دەیگەستین!
ئێمەش ڕۆژگارێک
لەوێ بووین
لە پێناوی ئازادی و دادپەروەریدا
تا مەرگ پەلی نەگرتین
بە پێوە بووین!
ئێمەش ڕۆژانێک
لە وێ بووین!
جەمال حەمید
حوزەیرانی 2026
