
هەموو بەیانییەک دەیبینم
لە ژێر چەتری وێستگەی پاسی سەنتەری شار
نازانم ئەو بۆ کوێ دەڕوا
بەڵام من دیسان
بۆ سەر کار
کاری ئینسانپڕووکێنی سەخت و دژوار!
پاسەکە دێ
بە دووی یەکدا سەر دەکەوین
نە من حەرفم لە زار دەردێ
نە ئەو دەدوێ!
بەرانبەر یەک دادەنشین
من خەواڵوو ئەویش
کپ و مات و بێدەنگ
لە جامی تەڵخی پاسەوە
جاروبار نیگام تێ دەگرێ
بە دوو چاوی
شەرمنی مەنگ!
پاس جار جارێ
ڕادەوەستێ
وێستگەکەی من لێم نزیکە و حەز ناکەم بێ
نازانم ئەو بۆ کوێ دەڕوا
دانیشتووە و لە جێگەی خۆیدا نابزوێ!
پاس هەر دەڕوا و
لە جامەوە دزەنیگا
دەبێ بە جۆگەلەی حەز و
دەژڕێتە نێو چەمی ئەوین
پاس وا خەریکە چۆڵ دەبێت
ئێستاکە
هەر من و ئەوین!
چاوەکانی لە دوو دەنک
بادەم دەچن
هەر جارێک سەرنجیان دەدەم
غەمی کار و خەمۆکی
عومری غوربەتیم
لە بیر دەچن!
کات زوو دەڕوا
ڕۆژ وەکوو کۆتر دەفڕێ
مانگ زوو دەچێ و
تێدەپەڕێ!
وردە وردە
ئەڤینی داگیرم دەکا
ئەندێشەی ڕووخساری گەشی
هەر نازانم بۆ کوێم دەبا!
پاس دەوەستێ
لە وێستگەکەم
بە نابەدڵ دادەبەزم
لە شوێنی خۆم ڕادەوەستم
تا دەتەزم!
بە دەست ئاماژەم بۆ دەکا
نازانم ئەو بۆ کوێ دەڕوا!
کارخانەکەم هەر
لە بەندیخانە دەچێ
جەستەم بووە
بە ئامێر و
دێت و دەچێ
لەحزەیەک یەغەم بەر نادات ئەندێشەی
دوو چاوی کچێ!
ئێوارە لە کار دەبمەوە
بە هەنگاوی گورج و خێرا
خۆم دەگەیەنمە ژێر چەتری
پاسی ژمارە هەشتاوهەشت
بەو ئومێدەی
بێ من نەڕوا
شۆخی چاوگەش!
وەک بڵێی
چاوەڕێی من بێ
هەر بە تەنیا دادەنیشێ!
سەردەکەوم
بەرانبەری دادەنیشم
شەڕی نیگا
دەست پێ دەکا
ئەوین
پەردەی شەرم دەدڕێ
بە لەپی ناسی دەستی
تەمی خەستی جامی ماشێنەکە دەسڕێ!
ئەڤین ئارامی لێ دەبڕێ
ڕۆحم وەختە وەکوو مەلێک
لە قەفەی سنگم بفڕێ
دەستی تەوقە درێژ دەکا
دەڵێ : ئێڤا
کە گوێم
لە ناوی ئیڤا بوو
زراوم چوو!
ئێڤا چیم بیر دێنێتەوە
ماشێنی دزێوی ئیڤا
سەدان ئیڤا
بەدووی یەکدا
بەسەرنشینی کوردەوە
ڕاپێچ کران
بەرەو لمی ڕەشی سەحرا
چەشنی زمرووت
ژێر خاک کران!
بەیانییە و
لە ژێر چەتری وێستگەکەدا
لە سەرماندا هەڵدەلەرزم
پاسی ژمارە هەشتاوهەشت
دێ دەوەستێ سەرناکەوم!
هێدی هێدی تێدەپەڕێ
ئێڤا ئاماژەم بۆ دەکا
هاڵاوی هەناسەی گەرمی
دیسان جامەکە تەڵخ دەکا!
هێواش دەڕوا و تێدەپەڕێ
لەو ڕۆژەوە پەپوولەی سەرنجی ئێڤا
وێستگە بە وێستگە دەگەڕێ
گەرمەڕووانینی غەمناکی
وەکوو کولوە بەفرەکانی
مانگی ئەپریل هەڵدەوەڕێ!
* ئێڤا، ناوی ئەو ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرە دزێوەیە، کە پێشی دەگوترا : زیلی عەسکەری، لەسەردەمی ژڕێمی بەعسدا.
جەمال حەمید
حوزەیرانی 2026
