
نارین رۆستەم
لە ئاهەنگی ئاشتیدا،
برینەکەی سەرت کە دیاریی جەنگە،
بەرەو شێتبوون بانگت دەکات.
بۆ خۆدزینەوە،
مشتێک شیرینی و جگەرەیەک
دەخەیتە گیرفانت و
دەروازەی ئاهەنگ بە کراوەیی
جێ دەهێڵیت.
ڕۆژانی دواتر…
لە ماڵەوە،
گیرفانەکانت بەتاڵ دەکەیتەوە.
شیرینی
بە مێروولەکانی سەریەوە،
بۆ ناو دەفرێک هەڵدەڕێژیت و
جگەرەکە
بەو سۆپایە دادەگیرسێنیت کە دەگری،
دڵۆپەنەوت لە چاوی
دەتکێت.
تا مێزەکە دەڕازێنیتەوە،
ئاگری جگەرە و
فرمێسکی سۆپا
گوڵی مافوورەکە دەسووتێنن و
دووکەڵی گوڵەکان
دەگاتە کۆڵان.
کە دراوسێیش،
دەرگای حەوشە دەکوتن،
نایکەیتەوە،
چونکە سەرقاڵیت،
بە خۆشیی ئاشتییەوە…
ئاهەنگ دەگێڕیت.