
عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا
شاخەوانی، پێش ئەوەی تاقیگەیەکی فیزیکی بێت بۆ کێشانی توانای جەستە، سرووتێکی ئەنتۆلۆژیی قووڵ و هەوڵێکی مەعریفییە بۆ ڕاکێشانی مرۆڤ لە "بوون لەناو جەنجاڵی"یەوە بەرەو "بوون لەناو ڕاستی"دا؛ دابڕانێکی هۆشیارانەیە لە ژاوەژاوی شارستانییەتی تەکنیکی، کە تێیدا شاخەوان لە هەڵوەراندنی کاتە دەستکردەکانەوە، بەرەو ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستییە ڕووتەکان هەنگاو دەنێت.
(1)
کاتێک شاخەوان پێ دەخاتە سەر یەکەمین بەردەتاشی چیا، ئەو تەنها خەریکی بڕینی جوگرافیا نییە، بەڵکو خەریکی تێپەڕاندنی سنوورە دەروونییەکانی خۆیەتی. هەر هەنگاوێک بەرەو لووتکە، هەوڵێکی "بوونەکی"یە بۆ کێشانەوەی پێگەی مرۆڤ لەم گەردوونە بێکۆتاییەدا. لەوێ، لەسەر کەنارە تەنک و بڵندەکانی چیا، مرۆڤ لەبەردەم ئاوێنەی "بچووکێتی خۆی" و "مەزنیی وجود"دا ڕادەوێستێت؛ ئەمە ساتەوەختی دروستبوونی مەعریفەیەکی نوێیە کە لە دەرەوەی کتێبەکان و لەناو جەرگەی هەڵدێرەکاندا لەدایک دەبێت.
(2)
هەر هەڵکشانێک، بەرجەستەبوونی ململانێیەکی تاقەتپڕوکێنی نێوان ئیرادەی مرۆیی و سەختیی ماددەیە؛ شاخەوان لە ڕێگەی ئارەقە و ماندووبوونی جەستەییەوە، زمانێکی نوێ بۆ گفتوگۆ لەگەڵ زەویدا دەدۆزێتەوە. ئەم ئازارە جەستەییەی شاخ، سزایەک نییە بۆ لەش، بەڵکو جۆرێکە لە شووشتنەوەی هۆشیاری. مرۆڤی شار، کە لەناو ئاسوودەییەکی دەستکرددا خەوێنراوە، تەنها لەبەردەم بایە تاقەتپڕوکێنەکان و کەمیی ئۆکسجینی سەر چیاکاندا تێدەگات کە "بوون" چییە. (محەمەد باوەکر)ی شاخەوان لەڕێگەی (سرووتەکانی شاخەوانیم)ەوە پێمان دەڵێت کە ئەو چیتر تەماشاکارێکی بێدەنگی سروشت نییە، بەڵکو بووەتە بەشێکی زیندوو لەم هارمۆنییە گەردوونییە؛ لەوێدا هەر وشەیەک دەبێتە پردێکی لەرزۆک بەڵام بڕواپێکراو لە نێوان مان و نەماندا.
(3)
(محەمەد باوەکر) نەك وەك شاعیر، بەڵكو وەک "فەیلەسوفێکی کردەیی" دەردەکەوێت، بە قاچەکانی بیر دەکاتەوە و بە سییەکانی مانا هەڵدەمژێت؛ لای ئەو، شاخەوانی پرۆسەی داگیرکردنی چیاکان نییە، چونکە سروشت لە سەرووی هەموو تەمایەکی داگیرکارییەوەیە؛ بەڵکو شاخەوانی پرۆسەی شکاندنی ئەو وەهم و بتە ناوەکییانەیە کە لە نێوان ئێمە و ڕاستیدا دیواربوون. لە ساتەوەختی ئامادەکردنی جانتاکەوە تا گەڕانەوە بۆ ماڵ، هەر هەنگاوێک سرووتێکی پیرۆزە بۆ فێربوونی تەوازوع و دانبەخۆداگرتن.
(4)
گرنگترین و قووڵترین سرووتی شاخەوانی، "بێدەنگی"یە. لە سەردەمێکدا کە ژاوەژاوی زانیاری و تەکنەلۆژیا مێشکمانی پڕ کردووە لە دەنگی زیادە، شاخ دەبێتە مەنزڵگەیەک کە تێیدا بێدەنگی دەبێتە تاقە زمانی مەعریفە. ئەم بێدەنگییە "خاڵیبوون لە دەنگ" نییە، بەڵکو "چڕبوونەوەی ئامادەیی"یە. لێرەدا، هەر هەناسەیەک زیکرێکی وجودییە بۆ تێپەڕاندنی "ئیگۆ" و تواوەنەوە لەناو گشتێتییەکی مەزندا. شاخەوانی گەشتێکە بەرەو ناخ، بەڵام تەنها بە "چاوی ئاسمان" دەتوانرێت ئەو قووڵاییە ببینرێت.
(5)
سرووتەكانی شاخەوانیم، كتێبی پێنجەم- یادەوەری، لە نووسینی (محەمەد باوەكر) هەولێر- 2026.
