
کەریم دەشتی
ئەم بایە چەند سەختە ناهێڵێ
دەنگی تۆ وەک بلێسەی هەتاو
بگاتە ناو کوختەی تاریکم
وەک نەی بڕژێتە ناو باخی
ئەندێشەو مەستم کات
وەک شەبەیخوونی نوور
نیشتمانی سینەم
لە سەد لا داگیرکات
ئەم بایە چەند ساردە ناهێڵێ
درەوشانەوەی سپیی ئەدگارت
گەردوونم پڕ پشکۆی زمانت کاتەوە
بۆساتێ پاییزی تەمەن دوورخاتەوە
ئەو بایە چەند توندو تووڕەیە
ناهێڵێ هاوارم
بگاتە هێلانەی دووریی تۆ
تا هەندێ میهری تۆم بەرکەوێ ئەترسم ئەم بایە بەردەوام هەڵبکا
تاهەتا لە گڕو کڵپەی خۆی نەکەوێ
