كامەران حاجی ئەلیاس
 
بە شێوەیەكی گشتی سازدانی هەر فیستیڤاڵێكی هونەری بێت یاخود ئەدەبی،هۆكاری سەرەكی لە ئەنجام دانی فیستڤاڵ دەگەڕێتەوە بۆ دەست نیانیشانكردن و پێناسەكردنی كۆمەڵگای شوێنەكە جگە لەوەی دیاردەیەكی رۆشنبیری و هونەرییە لە هەمان كاتدا چەندین بیرۆكە و روانگە و داهێنانی نوێ لە خۆدەگرێت سازدانی هەر جۆرە  فیستڤاڵێكیش لە گەیاندنی پەیامەكەی دا كاریگەری خۆی دەبێت جوڵەیەكی ئەدەبی و هونەری لەو وڵاتەدا دورست دەبێت .
سازدانی فیستیڤاڵ لە هەر بوارێكی هونەری ، ئەدەبی ، كلتوری.. روداوێكی  سادەو ئاسان نیە تەنیا بۆنەیەكی ئاهەنگی بێبەها نیە یان بۆنەیەكی كۆمەڵایەتی نیە بەڵكو كاریگەری رۆشنبیری و مێژووی خۆی هەیە، پرۆسەیەكی هونەری  و نیشتمانیە بۆ ئەو وڵاتەی كە فیستیڤاڵی لێ سازدەكرێت لە هەمان كاتدا یەكێكە لەو چەكە جیهانیانەی كە دەتواندرێت رۆشنبیری لە جیهاندا بڵاوبكاتەوە  كۆكردنەوەی رۆشنبیران وهونەرمەندان لەهەموو لایەك دەبێتە هۆی ئاڵگۆركردنی ئەزموونی یەكتری لە هەموو بوارەكان دەبێتە هۆی راكێشانی گەشتیاران بۆ وڵاتەكە.
بۆ سەركەوتنی هەر فیستڤاڵێك  لە هەر بوارێكدابێت ئامانج لە سازكردنی خاڵێكی سەرەكییە ، بۆیەپێویستی بە كەسانی شاراز و پسپۆر و لێهاتوو هەیە بە جۆرێك ئەو كەسانە لەسەر بنەمای زانستی ، پرۆتۆكۆڵی ، بە چەند هەنگاوێك  ئەركەكانیان ئەنجام بدەن یەكەم هەنگاویش وەكو لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا بریتیە لە (ئامانج) واتە دەبێ چەند ئامانجێك هەبێت لەسازدانی فیستیڤاڵ ئەنجا دیاركردنی بودجەیەكی شایستە پێویستە بۆ بەرێوەبەردنی فیستیڤاڵەكەیە پاشان دیاركردنی شوێن و كاتی فیستیڤاڵ بەجۆرێك بێت كە بە وردی خوێندوەی بۆ بكرێت هەر لە دەستنیشان كردنی كاتی چالاكی وەكو شەو رۆژ  وەرز و پشووەكان كە كاریگەری پۆزەتیفی لەسەر فیستیڤاڵەكە هەبێت دوایی و ئەو گروپ و تیپانەی كە بانگێشت دەكرێن لەسەر چ بنەمایەك دەستنیشان دەكرێن لە هەمان كاتدا ئەو كەسانەی كە وەكو میوان بانگێشتی فیستیڤاڵ  دەكرێن ،بۆ ئەمەش  دەبێت لە سەربنەمای چەندپێوەرێك بێت كە لە خزمەتی فیستڤاڵەكەدا بن نەوەك لەسەر بنەمای پەیوەندی كەسی و بەرژەوەندی بێت،كە بەداخەوە زۆر لەو فیستیڤاڵانەی لای خۆمان سازدەكرێن لەسەر ئەو بنەماییەن.
ناونیشانی فیستیڤاڵ زۆرێك لە فیستیڤاڵەكان ناونیشانی جیهانی یاخود نێودەوڵەتی لە خۆدەگرن بێ ئەوەی مەرجی نێودەوڵەتی لە نێو فیستیڤاڵەكە بوونی هەبێت بۆ ئەمە چەندین مەرج هەن بۆ ئەوەی ناونیشانی نێودەوڵەتی لە فیستڤاڵەكان بنرێت وەكو بەشدار بوونی چەندین كاركتەری جیهانی و تیپی هونەری جیهانی وەنمایشەكانی بۆ یەكەمینجار لە فیستیڤاڵەكە نمایش كرابن لەهەمان كات دا بەشێكی زۆر لە ئاژانسەكانی جیهانی هەواڵ و راپۆرت لەسەر فیستیڤاڵەكان بڵاوبكەنەوە ئەنجا فیستیڤاڵی ئەدەبی بێت یاخود هونەری (سینەما،موزیك وگۆرانی ،شانۆ ، شێوەكاری) بێت. 
لێرەدا ئەوەی من دەمەوێت تیشكی بخەمە سەر سازدانی فیستیڤاڵەكانی شانۆییەكەلەهەرێمی كوردستان داساز دراون یان ئەوانەی سازدە دەكرێن وەكو سەرەتا سازدانی فیستیڤاڵەكانی شانۆ بەگرنگی دەزانم بۆ پێشڤەچوونی جوڵەی شانۆ لە كوردستان چونكە لە رێگەی فیستیڤاڵ و نمایشەكان شانۆكاری كوردی سوود لە ئەزموونی شانۆكارانی دەرەوەی وەردەگرن ،وە بەپێچەوانەش دەتواندرێت ئاستی شانۆی كوردیش پیشانی شانۆكارانی دەرەوەی كوردستان بدەین چ لە توانستی ئەكتەری كورد یان لە رووی دەرهێنان یاخود سینۆگرۆفیابێت یاخود تێكستی كوردی چونكە من لە وباوەڕەدام كە ئێمە چەندین نووسەری شانۆیی بە توانامان هەن.. لە هەمان كات دا فیستیڤاڵ  بۆ بینەرانیش زۆر گرنگە بەوپێییەی بینەر هاوكێشەیەك و لایەنێكی گرنگی سەركەوتنی  فیستیڤاڵەكانە.
لە فیستیڤاڵەكان دا جگە لە نمایشە شانۆییەكان چەندین ۆرك شۆپ و كۆرو سیمناری رەخنەیی ئەنجام دەدەرێت وە چەندین كتێب و گۆڤار و بڵاوكراوە تایبەت بە شانۆ چاپ و بڵاودەكرێنەوە. جیاوازی نمایشی شانۆ لەگەڵ هونەرەكاتی جگە لەوەی زۆرێك لە هونەرەكان و رەگەزی ئەدەبی لە خۆ دەگرێت لە هەمان كاتدا لەرێگەی ئەكتەرەوە راستەوخۆ تێكەڵ بە بینەران دەبێت هەر لەبەر ئەو گرنگییەی ئەم هونەرەوە  نووسەری دیاری جیهانی ولیلیام جۆن شكسپیردەڵێت "ژیان بریتییە لە شانۆییەكی گەورە هەموو ژن و پیاوەكانیش ئەكتەرن لەسەر ئەم شانۆییە".
بوونی لیژنەی دادوەری لە هەموو فیستیڤاڵێك خاڵێكی گرنگە بۆ سەركەوتنی فیستیڤاڵ لەبەرئەوە دەبێت، ئەندامانی لیژنەكە كەسانی پسپۆری شانۆیی بن خاوەن ئەزموون بن بەباشی دەزانم هەموو نەوەكانیش لە نێو لیژنەكەدا بوونیان هەبێت لە هەمووی گرنگتریش دەبێت لیژنەكەش زۆر راستگۆیانە كارەكانیان ئەنجام بدەن ویژدانی خۆیان ئاسوودە بكەن نەكەونە ژێركاریگەری هیچ هونەرمەندێك یاخود  لایەنەیەك دەبێ لە ناولیژنەكە چەندین پسپۆری هەمەچەشن بن بوونیان هەبێت وەكو پسپۆرەكانی دەرهێنان ، نواندن ،ڕەخنەگر،سینۆگرافیا ،ئیستاتیكا..وە لەسەر چەند پێوەرێكی ئەكادیمی  براوەكان دەست نیشان بكەن دوور بن لەهەموو سۆز و هاورێیەتی لە هەمووی گرنگتر دەفەرت نەدان بەوەی هیچ لایەنێك و كەسێك دەست بخانە ناو كارەكانیان بۆئەوەی راستگۆی خۆیان بپارێزن خەڵاتەكان بە دادوەری دابەشی سەر براوەكان بكرێت.. راسپاردەو پێشنیازاكان خاڵێكی تری فیستیڤاڵە كە دەبێت لیژنەی دادوەری لەكۆتایی فیستیڤاڵ پێشكەش بە سەرۆكی فیستیڤاڵ و لیژنەی سەرەكی فیستیڤاڵ بكەن بەمەبەستی پێشڤەچوونی خوولەكانی داهاتووی فیستیڤاڵ .گومانی تێدانییە لەكۆتایی هەر فیستیڤاڵێكدا گلەیی گازندە دورست دەبێت بەتایبەتی ئەوانەی خەڵات بەدەست ناهێنن ئەمەش كارێكی نۆرماڵە لە زۆربەی فیستیڤاڵەكان روودەدات.

 

 


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا