شیعر یەكێكە لە كۆنترین ئەو ژانڕە ئەدەبییانەی كە مێژووەكەی هاوتەریب بۆ دەركەوتنی ژیان دەگەڕێتەوە و دوای ئەوەی مرۆڤ فێری زمان و دەربڕین بوو، ئیدی لە ڕێگەی زمانەوە، ئەمجارەیان گوزارشتی لە هزر و خەیاڵەكانی دەكرد، كە پێشتر تەنها لە ڕێگەی وێنە و هەڵكۆڵینەوە، بە زمانی ئاماژە گوزارشتی لێ دەكرد. شیعر، خەسڵەتێكی جیوەیی هەیە و ناچێتە نێو پێناسەیەكی دیاریكراوەو، بۆیە هەر لە سەرەتاوە، نەتوانراوە پێناسەیەكی تەواو یەكلاكەرەوە بۆ ئەم ژانڕە بكرێت، گەرچی زۆرجار بە ئیلهام و بەهرە و ئەزموون و سرووتێكی شاراوەو خەیاڵكردن و بینینێكی جیاواز دەناسرێت، بەڵام دواجار شیعر وەك ژان كۆكتۆی شاعیری ئینگلیز وتەنی(پێداویستییەكە خۆزگە دەمزانی بۆ) .شاعیران، وێرای ئەوەی ئەزموونێكی درێژ لەگەڵ شیعر دەبەنە سەر، بەڵام پەی بەوە نابەن شیعر چییە و سرووتی شیعر نووسین لەچ كات و ساتێكدایە؟! لەمڕووەو پەشێوی شاعیر، كورتە شیعرێكی جوانی هەیە و دەڵێت:
تا دێ شیعرم خۆشتر دەوێت
چونكە شیعر وەك شۆخێكی دوودڵ وایە
هەموو ڕۆژێ كات و جێ ژووان دیاری دەكەین
بە دەگمەن دێ یان هەرنایە...
بۆیە جیهانی شیعر، پتر پەیوەندی بە خەیاڵكردن و سرووشتی شیعرییانەوە هەیەو بڕوام وایە، شیعر بە پلان و ئیڕادە نانووسرێت، چونكە لە ئیڕادەدا، ویستێكی هزریی و توانایەكی فیزیكی هەیە، كە دەتوانێت خەیاڵ و بیرۆكەی لە كار و نووسینی ژانڕەكانی دیكەدا بەرە و ئاراستەیەكی دیكە ببات، بەڵام لە شیعر نا. ڕۆماننووسێك، دەتوانێت هەر ڕۆڵێكی مەبەست بێت، بە كارەكتەرەكانی نێو ڕۆمانەكەی بدات، تێمایەك دیاری بكات، بەڵام شاعیرناتوانێت ئەمە بكە. هەردی شاعیری جواننووس، شیعرێكی هەیە لە چلەكان نووسیویەتی، كەچی لە هەشتاكان تەواوی كرد، ئەگەر ئیڕادە لە شیعر هەبێت، بۆچی هەر ئەو كات تەواوی نەدەكرد؟ ڕەفیق سابیر، چوار ساڵ دوای كارەساتی هەڵەبجە، لاوكی هەڵەبجەی نووسیوە، شێركۆ بێكەس چەند ساڵێك دوای هەڵەبجە و كارەساتی ئەنفال، گۆڕستانی چراكان و خاچ و ماری نووسیوە، حەمە عومەر عوسمان تا مرد، نەیتوانی لە غوربەتا زیاتر بنووسێت، فاتیح عزەددین و هیشام تاهیر بەرزنجی و ئاراس عەزیز ، كەسێ لە جوانترین شاعیری قۆناغی هەشتاكانن بە هەمان شێوە. گەر شیعر بە ئیڕادە بنووسرێت، دەبوو ئەمانە بەردەوام بوونایە. گەر شاعیرێكیش، بە چەندین ڕۆژ لە ماڵ نەهاتبێتە دەر، تاكو شیعرێك بنووسێت و تەواوی بكات، ئەوا پەیوەندی بەئیڕادە و توانتسی جەستەییەوە نییە، بەڵكو جۆرێكە لەو كەشە تایبەتییەی شاعیر نائاگایانە تیایادا دەژیت. كەشێك كە لە هی سۆفییەكان دەچێت كاتێ لە نێو خوا پەرستی دەتوێننەوە، ئیدی لە دەوروبەرەكەیان دادەبڕێن و دەچنە نێو جیهانی تایبەتی خۆیانەوە، دروست شیعر نووسینیش وایە، بێگومان شاعیرانیش زۆر لە ئێمە باشتر دەزانن كە ئایا شیعر بە ئیڕادە دەنووسرێت ؟
*ئەم بابەتە لە ئەدەب و هونەری كوردستانی نوێ ژنارە( 1418) لە 7/5/2026 بڵاوكراوەتەوە.
