سەردار ئەکرەم/ بەریتانیا 

لە نێوان ڕووبەری شاشە و قووڵایی ڕۆحدا سینەما وەک هونەرێکی مێژوویی هەمیشە هەوڵی داوە مانا لە فۆرم و جەوهەر لە ڕووکەش جیابکاتەوە بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ لە گۆڕەپانی سینەمای کوردیدا دەبینرێت جۆرێکە لە لادانێکی مەترسیدار کە تێیدا جەستەی ئەکتەر تەنها کراوەتە کەرەستەیەکی خاو بۆ تێرکردنی خەیاڵە ڕووکەشەکانی دەرهێنەر و ئەم دیاردەیەش کە دەکرێت ناوی بنێین "قوتابی  قژ و ڕیش"کە بۆتە پەتایەکی کوشندە ،کە جەستەی هونەری سینەمایی لە کوردستان داڕزاندووە چونکە کاتێک دەرهێنەرێک داوا لە ئەکتەرێک دەکات قژی درێژ بکات یان ڕیشی بهێڵێتەوە بێ ئەوەی یەک چرکە لەسەر باری دەروونی و مێژووی کارەکتەرەکە و پاڵنەرە ناوەکییەکانی بدوێت ئەوا لە ڕاستیدا ئەو خەریکی دروستکردنی "ڕۆبۆتێکە" نەک کارەکتەرێکی زیندوو کە بتوانێت هەناسەی ژیان بدات بە دەقەکە و ئەم جۆرە لە مامەڵەکردنە نیشانەی تێنەگەیشتنێکی قووڵە لە فەلسەفەی ئەکتینگ و گۆڕینی سینەمایە بۆ ستۆدیۆیەکی وێنەگرتنی مۆدێل کە تێیدا ڕووکەش هەموو شتێکە و ناوەڕۆک هیچ.ئەگەر سەیری مێژووی سینەمای جیهانی بکەین دەبینین کە گەورەترین ئەکتەرەکان لە ڕێگەی میتۆدی "ستانیسلاڤسکی" یان "میتۆدەکانی ئەکتینگ"ەوە توانیویانە بگەنە لووتکە و لەوێدا ئامادەکاری جەستەیی تەنها بەشێکی بچووک و دەرەنجامی ئامادەکارییە دەروونییەکان بووە بۆ نموونە کاتێک ئەکتەرێکی وەک "دانیال دەی لویس" یان "ڕۆبێرت دی نیرۆ" دەچنە ناو ڕۆڵێکەوە ئەوا مانگ و ساڵان تەرخان دەکەن بۆ تێگەیشتن لە فیزیک و مێژوو و تەنانەت شێوازی بیرکردنەوەی کارەکتەرەکە نەک تەنها گۆڕینی شێوەی دەموچاویان بەڵام لە کوردستان دەرهێنەر وەک فەرماندەیەکی سەربازی فەرمان دەردەکات و ئەکتەریش وەک سەربازێکی گوێڕایەڵ بە "بەسەرچاو" وەڵام دەداتەوە و ئەم پەیوەندییە پلەبەندییە (Hierarchy) لەبری ئەوەی پەیوەندییەکی داهێنەرانە و دیالۆگی بێت بووەتە هۆی کوشتنی ئیرادەی هونەری لای ئەکتەر و وای کردووە کە ئەکتەر نەتوانێت وەک هاوبەشێکی داهێنەر لە پڕۆسەی دروستکردنی فیلمەکەدا دەربکەوێت بەڵکو تەنها وەک بووکەڵەیەکی دەستی دەرهێنەر دەردەکەوێت کە تەنها ئەرکی جێبەجێکردنی فەرمانە فیزیکییەکانە.کارەساتە گەورەکە لێرەدا کۆتایی نایەت بەڵکو دیاردەیەکی تری کوشندەتر کە وەک شێرپەنجە جەستەی سینەمای کوردی گرتووەتەوە بریتییە لە "خزم خزمێنە و هاوڕێیەتی،یان گروپ  گروپێنە" لە دابەشکردنی ڕۆڵەکاندا کە تێیدا پێوەرە ئەکادیمی و هونەرییەکان وەلا نراون و لەبری ئەوە "ئینتیما بۆ گرووپ" و "نزیکی لە دەرهێنەر" بووەتە مەرجی سەرەکی بۆ وەرگرتنی ڕۆڵ و ئەمەش وای کردووە کە گۆڕەپانی سینەما ببێتە شوێنی کۆبوونەوەی هاوڕێکان و گروپەکان نەک کۆبوونەوەی بەهرەمەندەکان و ئەم جۆرە لە "نیپۆتیزم" (Nepotism) نەک هەر دەبێتە هۆی دابەزینی ئاستی فیلمەکان بەڵکو دەبێتە هۆی بێ ئومێدکردنی ئەو ئەکتەرە بەهرەمەندانەی کە هیچ کەسێکیان نییە لە ناو گرووپە داخراوەکاندا و بەم شێوەیە سینەما لە کایەیەکی گشتی و نیشتمانییەوە دەگۆڕێت بۆ کایەیەکی تایبەت و خێزانی کە تێیدا بەرژەوەندییە کەسییەکان لە سەرووی داهێنانی هونەرییەوەن و ئەمەش وای کردووە کە فیلمە کوردییەکان زۆربەی کات لە بازنەیەکی داخراودا بخوولێنەوە و نەتوانن سنوورە ناوخۆییەکان ببەزێنن.بۆ ئەوەی سینەمای کوردی لەم چەقبەستووییە ڕزگاری بێت پێویستە بگەڕێینەوە بۆ بنەما ئەکادیمییەکانی ئەکتینگ و تێبگەین کە ئەکتەر پێش ئەوەی قژی درێژ بکات پێویستە "ڕاهێنانی دەروونی" و "شیکاری کارەکتەر" بکات و دەبێت دەرهێنەرەکان فێری ئەوە بن کە ئەکتەر هاوبەشە نەک ئامراز و هەروەها دەبێت تاقیگەی ئەکتینگ (Acting Workshops) دروست بکرێن کە تێیدا ئەکتەر فێری ئەوە بکرێت چۆن لە ڕێگەی "جوڵەی جەستەیی" و "کۆنتڕۆڵی دەنگ" و "گوزارشتی چاو"ەوە مانا دروست بکات نەک تەنها لە ڕێگەی قژ و ڕیشەوە و سینەما هونەری ڕاستگۆییە و تا ئەو کاتەی خزم خزمێنە و ڕووکەشگەرایی حوکمی ئەم هونەرە بکەن ئێمە تەنها خەریکی بەرهەمهێنانی "وەهمی سینەما"ین نەک سینەما وەک شوناس و داهێنان و پێویستە ئەم پەتا کوشندەیە بە نەشتەرگەرییەکی ڕەخنەیی قووڵ لە ناو ڕۆحی سینەمای کوردیدا دەربهێنرێت بۆ ئەوەی ڕێگە بۆ نەوەیەکی نوێ خۆش بێت کە باوەڕیان بە جەوهەر هەیە نەک تەنها بە ڕووکەش.