
ژنێک لێوان‌لێو له ئه‌وین
دڵێک لێوان‌لێو له برین
حەمەسەعید حەسەن
(من ئه‌گه‌ر بڵێم، ئه‌وم خۆش ناوێ
له‌گه‌ڵ ئه‌ڤیندا، درۆم کردووه،
بڵێم له‌مێژه، دڵم لای ئه‌وه
نهێنیی عیشقی، خۆم درکاندووه.)
باروودی
ئه‌گه‌ر بڕوات به ئایینێک یان فیکرێک به‌هێز بێت، ده‌شێت ئه‌وه وره‌ت بڵند بکاته‌وه، کاتی ته‌نگانه به هاناته‌وه بێت و یارمه‌تیت بدات تا به‌سه‌ر کۆسپه‌کاندا زاڵ ببیت. فیکر وه‌ک (کارڵ مارکس)یش بۆی چووه، گه‌رچی شتێکه مه‌عنه‌وی، وه‌لێ که بڕوامان پێی هێنا، ده‌بێته هێزێکی ماددی. ئه‌وه نییه به پشتبه‌ستن به‌م یان به‌و فیکر، خه‌ڵکانێکی زۆر به گژ مه‌رگدا ده‌چنه‌وه. بۆ ئه‌وه‌ی ببین به شاعیر، پێویستمان به‌وه هه‌یه بڕوامان به توانای شیعریی خۆمان هه‌بێت و به‌رده‌وام په‌ره‌ی پێ بده‌ین، ئاخر ئه‌سته‌مه شاعیر متمانه‌ی به لێهاتوویی و به‌هره‌ی خۆی نه‌بێت و له‌سه‌ر شیعرنووسین مکوڕ بێت. ئه‌وه‌یش گرنگه شاعیر له خۆی بایی نه‌بێت و هه‌میشه له کۆششی خۆ پێشخستن و له خۆ تێپه‌ڕاندندا بێت.
(ژنێک لێوان‌لێو له ئه‌وین) تازه‌ترین کۆشیعری شاعیری ڕۆمانتیک (خالید باشبڵاخی)یه که من تازه‌کی له خوێندنه‌وه‌ی بوومه‌ته‌وه و هێشتا تامی شیعره ناسکه‌کانی له بن ددانی هه‌ستمدا ماوه. له‌م ده دوازده ساڵه‌ی دواییدا گه‌له‌ک شاعیری کورد له‌و شیعرانه‌یان بڵاو کردووه‌ته‌وه که بۆ ئه‌وه ده‌شێن، ئه‌ڤینداران به شێوه‌ی کورته‌نامه به هۆی مۆبایله‌وه بۆ یه‌کدی ڕه‌وانه بکه‌ن، وه‌لێ له ڕوانگه‌ی منه‌وه بۆ شیعر، له‌و بواره‌دا که‌سیان هێنده‌ی خالید باشبڵاخی له دنیای شیعری ڕۆمانتیک نزیک نه‌بوونه‌ته‌وه.
كێ وه‌ک من خه‌نجه‌ری دووریت
جه‌رگی له‌توپه‌ت کردووه؟
کێ وه‌ک من ڕۆژی ده‌یان جار
ڕۆحی به‌ساقه‌ت کردووه؟ ل٣٩
زۆربه‌ی شیعره‌کانی خالید هێنده به گه‌رمی و ناسکی باس له هه‌ستی عاشقانه‌ی شاعیره‌که‌ی ده‌که‌ن، بۆ ئه‌وه ده‌شێن بکرێن به گۆرانی، دوو لایه‌نی هه‌ره جوانی دیکه‌ی شیعره‌کانی باشبڵاخی بریتین له‌وه‌ی، هه‌م کێشیان ته‌واوه و هه‌م سه‌روایان سوار. جێی سه‌رنجه زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی پێیان وایه شیعری کێش و سه‌روادار بۆ گۆرانی ده‌نووسن، نه هیچ له کێش ده‌زانن، نه هیچ له سه‌روا.
ژنێک ده‌ڕوا و له هه‌نده‌ران
خه‌مم ده‌کا به گۆرانی،
ختووکه‌ی ڕۆحی من ده‌دا
هه‌موو شه‌وێ تا به‌یانی. ل١٥
شیعری ئه‌ڤینداری زاده‌ی دابڕانه، بڕوا ناکه‌م شاعیرێک هه‌بێت، سه‌روه‌ختی به یهکگهییشتن شیعر بۆ ئه‌وینداره‌که‌ی بنووسێت. شاعیر که ده‌ردی دووریی ته‌نگی پێ هه‌ڵده‌چنێت، ئه‌وسا بیر له یار ده‌کاته‌وه و به شیعر هه‌ستی خۆی ده‌رده‌بڕێت. زۆربه‌ی ئه‌و شیعره جوانانه‌ی چیرۆکی دڵداری ده‌گێڕنه‌وه، باس له لێک‌دابڕان ده‌که‌ن، نه‌ک به یه‌کدی گهییشتنن. نازم حیکمه‌ت له دووره‌وه شیعری بۆ مننهوهری ژنی نووسیوه، مه‌وله‌وی شیوه‌نی بۆ مه‌رگی عه‌نبه‌ر خاتوون کردووه، نالی گه‌ر به حه‌بیبه گه‌ییشتبا، شیعری بۆ نه‌ده‌گوت.
پێشکه‌شه به‌و ژنه‌ی دڵی
بووه به نیشتمانی من،
دیوانێ شیعری پێم نووسی و
شه‌وێ نه‌هاته ژووانی من. ل١١
سێ ساڵ زێتر به‌ر له ئێستا، هه‌ندێک سه‌رنجم له‌سه‌ر مۆبایلهشیعری باشبڵاخی ده‌ربڕیبوو، به وه‌ڵامه‌که‌یدا پێ ده‌چوو دڵی ناسکی لێم زیز بووبێت، وه‌لێ هه‌نووکه خۆی ده‌ستپێشخه‌ری ده‌کات و خوازیاره به چاوی ڕه‌خنه‌وه له شیعره‌کانی ورد ببمه‌وه، ئه‌مه‌یش زاده‌ی ئه‌وه‌یه، هه‌م وه‌ک شیعرنووسین به‌ره‌و پێشه‌وه چووه و هه‌م متمانه‌ی به خۆیشی پته‌وتر بووه، ئاخر سروشتی ئینسان وه‌هایه، تا به‌تواناتر ببێت، زێتر متمانه به خۆی په‌یدا ده‌کات و که‌متر له ڕه‌خنه ده‌ترسێت.
جێی داخه له کن مه، وشه‌ی ڕه‌خنه لێکدانه‌وه‌یه‌کی نێگه‌تیڤی بۆ ده‌کرێت، گه‌رچی به مانای هه‌ڵسه‌نگاندن و بایه‌خپێدان دێت، من به‌ش به حاڵی خۆم بایه‌خ به کتێبیک نه‌ده‌م نه‌ک ڕه‌خنه‌ی لێ ناگرم، ته‌نانه‌ت نایشی خوێنمه‌وه و نووسه‌ر یان شاعیرێکیش شیاوی گرنگیپێدان نه‌بێت، ناوی ناهێنم. له‌مێژه سه‌رده‌می بتپه‌رستی و به پیرۆز سه‌یرکردنی ئه‌م و ئه‌و به‌سه‌رچووه، ئه‌وه ڕێزلێنان نییه، په‌سنی ئه‌م شاعیر یان ئه‌و سه‌رکرده بده‌ین، ئه‌وه ڕێزلێنانه، به چاوی ڕه‌خنه و ته‌نانه‌ت گومانیشه‌وه سه‌رنجی یه‌کتری بده‌ین و هه‌ر بۆ خاڵه هاوبه‌شه‌کانی نێوانمان نا، بۆ جیاوازییهکانیشمان بگه‌ڕێین. مایه‌ی شانازیمه لای که‌م، به کوردی ئه‌وه من بووم بۆ یه‌که‌مین جار، دژی ئه‌وه وه‌ستامه‌وه که ڕه‌خنه دوو جۆره، بنیاتنه‌ر و ڕووخێنه‌ر!
له مه‌مله‌که‌تی ئه‌وینما،
ته‌نها هه‌ر خۆت فه‌رمانڕه‌وای
سلێمانیش پووره‌ی هه‌نگه
تۆیش ئه‌و شاژنه‌ی له ناویای. ل٢٧
یان:
خه‌م وه‌ک هه‌نگوینی شاهانه
ده‌وری گه‌رای ڕۆحی داوم. ل٥٠
یان:
هه‌نگوین له زاری ده‌چۆڕێ
کاتێ که گفتوگۆ ده‌کا. ل٥٨
شیعر گه‌رچی باڵێکی له واقیع و باڵه‌که‌ی دیکه‌ی له خه‌یاڵدایه، شیعر هەرچەند له‌نێوان خه‌ون و بێداریدا هاتوچۆیه‌تی و تیشکێکه تاریکایی له خۆیه‌وه پێچاوه و به‌ئاسانی خۆی به ده‌سته‌وه نادات، وه‌لێ خاوه‌نه‌که‌ی ده‌ناسرێته‌وه. خالید له گوندی باشبڵاخ بۆ دابینکردنی بژێوی، خه‌ریکی په‌روه‌رده‌کردنی هه‌نگه، ئه‌و چونکه شاعیرێکه ڕاستگۆ، ئه‌وه بۆیه خه‌ریکی نووسینه‌وه‌ی خودی خۆیه‌تی و به هۆی شیعره‌کانییه‌وه ئه‌و ژینگهیهیش ده‌ناسینه‌وه که ئه‌وی تێدا ده‌ژی. شیعری جوان ئه‌وه‌یه زوو له به‌ری ده‌که‌ین و دره‌نگ له بیرمان ده‌چێته‌وه. ئه‌گه‌ر بڵێم شیعری جوان به‌رهه‌می مێتافۆره، زێدهگۆییم نه‌کردووه، ئاخر وێنه و ده‌ربڕینی شیعریی، زاده‌ی ئه‌و مێتافۆرانهن که شاعیر دایانده‌هێنێت.
له‌م پاییزه‌دا ده‌ستی ئازارێک
دێت و هه‌ناری دڵم ده‌گوشێت. ل٣١
بۆ ڕه‌زی دڵم پڕ ده‌که‌ی
له هێشووی مه‌راق و ئازار؟ ل٦٠
یان:
ئه‌گه‌ر پۆشاکی نوێی ویست دڵبه‌ری من
قه‌دیفه‌ی زامی خوێنینم له‌به‌ر کا. ل١٥٤
(ده‌ستی ئازار هه‌ناری دڵ بگوشێت، ڕه‌زی دڵ پڕ بێ له هێشووی مه‌راق و قه‌دیفه‌ی زام ببێ به پۆشاک.) مه‌لی ئه‌و وێنه شیعرییانه که زاده‌ی کۆمه‌ڵێک (میتافۆر) خوازه‌ن، به‌رهه‌می خه‌یاڵی به‌پیتی باشبڵاخین و چونکه جوان و سه‌رنجڕاکێشن، زوو له هێلانه‌ی بیرماندا جێگیر ده‌بن و دره‌نگ جێی ده‌هێڵن. ئه‌وه‌ی وای کردووه، شیعری خالید باشبڵاخی سه‌رنج ڕابکێشێت، ئه‌و کڵپه‌یه‌یه که به ڕستهکانییهوه، ئیدی شیعره‌که‌ی کورت بێت یان درێژ، دیاره. کڵپه‌یه‌ک که هه‌ر زوو خوێنه‌ر هه‌ست ده‌کات نیشانه‌ی ڕاستیگوتنه و زاده‌ی ته‌باییی نێوان خودی شاعیر و شیعره‌کانییه‌تی، کڵپه‌ی ڕاستیگوتنێک به شیعرییه‌وه دیاره، خوێنه‌ر وای بۆ ده‌چێت، ئه‌و به قه‌ڵه‌م نا، به دڵ بنووسێت.
هیچ شاعیرێک له سفره‌وه ده‌ست پێ ناکات، که‌م یان زۆر کاریگه‌ریی شاعیرانی دیکه‌ی له‌سه‌ر ده‌بێت، به‌ڵام گرنگ ئه‌وه‌یه بتوانێت، وه‌ک چۆن هه‌نگ له شیله‌ی گوڵان، هه‌نگوین چێ ده‌کات، ئه‌ویش هه‌وڵ بدات به کۆمه‌کی شاعیرانی تر، شتێک بنووسێت تایبه‌ت بێت به خۆی، تا ئه‌و ئاسته‌ی که سوود له ڕسته‌ی شاعیرێک وه‌رده‌گرێت، وای دابڕێژیته‌وه، ته‌نانه‌ت خودی شاعیره‌که‌یش قسه‌که‌ی خۆی نه‌ناسێته‌وه. سوودبینین به‌و شێوازه‌ی هه‌نگ بۆ چێ‌کردنی هه‌نگوین له شیله‌ی گوڵی وه‌رده‌گرێت، له ئه‌ده‌بدا ده‌بێت به ده‌قئاوێزان، ئه‌گه‌رنا شاعیر پێویسته ئاماژه به‌و سه‌رچاوانه بدات که که‌ڵکیان لێ وه‌رده‌گرێت.
خالید باشبڵاخی که سوودی له (گۆران) بینیوه، سه‌رنجی خوێنه‌ری بۆ ڕاکێشاوه، که‌چی که ده‌ڵێت: (پرچهکهتم بۆ خۆم ده‌کرد به ڕه‌شماڵێ. ل١٠٨) له بیری چووه، له په‌راوێزدا بنووسێت: (پرچی ئه‌و کچه ڕه‌شماڵی گه‌رمیان و کوێستانمه،) ناونیشانی کۆمه‌ڵه‌شیعرێکی له‌تیف هه‌ڵمه‌ته. بێ ئه‌وه‌ی خوێنه‌ر ئاگادار بکاته‌وه، بۆ نووسینی هۆنراوه‌ی (ژنێک لێوانلیو له ئه‌وین) سوودێکی زۆری له هه‌ردوو شیعری (ئه‌و ژنه‌ی باڵانسی تێکدام و گله‌یی) نووسه‌ری ئه‌م باسه وه‌رگرتووه. وێڕای ئه‌وه له هه‌ندێک له شیعره‌کانی دیکه‌یشیدا، که‌ڵکی له ڕسته و ده‌ربڕین و وێنه‌ی شیعریی بنووسی ئه‌م دێڕانه بینیوه، وه‌ک نموونه:
ژنێک هه‌ستم کرد وام له‌به‌ر
تاڤگه‌ی ڕۆحی‌دا خۆم ده‌شۆم. ل١٣
منیش گوتوومه:
وه‌ره به‌ڵێنت پێ ده‌ده‌م
له چاوما جێت بۆ ڕابخه‌م
شه‌وانه بۆت ببم به مۆم
له‌به‌ر تاڤگه‌ی شیعرا بتشۆم. (ل٣٢ ئه‌ڤیننامه.)
ئه‌و ده‌ڵێت:
ئه‌گه‌ر هاتی
له زه‌نگی ده‌رگای دڵ مه‌ده،
هه‌ر یه‌کسه‌ر وه‌ره خوێنمه‌وه. ل٢٦
منیش گوتوومه:
وه‌ره ده‌رگای ماڵی دڵم کراوه‌یه،
زه‌نگ لێ مه‌ده
ڕاسته و خۆ وه‌ره ژووره‌وه،
بێ تۆ ده‌ڵێی که‌لاوه‌یه. (ل٥٤ ئه‌ڤیننامه.)
باشبڵاخی ده‌نووسێت:
من ئه‌وه‌نده خۆشم ده‌وێی
هێنده‌ی به‌رزیی هیمالایا. ل٢١
منیش نووسیومه:
هێنده‌ی به‌رزاییی چیاکان خۆشم ده‌وێی. (ل٢٨ ئه‌ڤیننامه.)
خالید ده‌نووسێت:
بۆ غه‌ریبی؟
ئه‌ی ئه‌وه نییه من دڵم
بۆت کردووه به وڵاتێ؟
منیش گوتوومه:
با هه‌ست به غه‌ریبی نه‌که‌ی
ئه‌وه دڵم
وه‌ره بیکه به نیشتمان. (ل٣٢ ئه‌ڤیننامه)
خالید زۆر جوانی گوتووه که ده‌ڵێت:
ئه‌وه‌نده‌یان تۆپه‌ڵه‌به‌فر تێ گرتووی
ده‌ڵێی دارچواله‌ی گوڵکردووی. ل١٤٦
به‌ڵام هۆنراوه‌یه‌کی شاعیری سوێدی، پێر لاگه‌رکڤیست (١٨٩١ - ١٩٧٤) هه‌یه که بنووسی ئه‌م دێڕانه کردوویه به کوردی، وه‌ها ده‌ست پێ ده‌کات: (خۆشه‌ویسته‌که‌م وه‌کوو دارچواله‌ی گوڵکردوو وایه.) (هاژه ل٨٥) جێی سه‌رنجه خالید ئه‌و ڕسته شیعرییه‌ی له نێوان که‌واندا نووسیوه.
هه‌ڵه له نووسیندا جۆری زۆره، وه‌ک هه‌ڵه‌ی چاپ که ئه‌مه ئیشی هه‌ڵه‌چنه ڕاستیان بکاته‌وه، هه‌ڵه‌ی ڕێنووس، ئه‌مه‌یان فه‌رامۆش ده‌که‌م، وه‌لێ هه‌ندێک هه‌ڵه ده‌ستنیشان ده‌که‌م که پێوه‌ندییان به زمان و ڕێزمانه‌وه هه‌یه، وه‌ک:
تۆوی عیشقت له ده‌روونی
وشکهوهردمدا ده‌کێڵیت. ل١٩
تۆ‌و ناکێڵدرێت، ده‌وه‌شێندرێت.
هانا به‌رم بۆ کام شێخ و جادووکار؟
سلێمانی و نه‌رویج بکاته یه‌ک شار. ل١٢٣
سلێمانی شاره، وه‌لێ نه‌رویج، وڵاته، بۆیه ده‌بوو بۆ نموونه بڵیت: سلێمانی و ئۆسلۆ بکاته یه‌ک شار.
(هه‌میشه ترپه‌ی پێ و چرپه‌ی ده‌نگت
له گه‌رووی گوێم‌دا هه‌ر ماون وه‌ک خۆی. ل١٣٩)
(خۆیان) دروسته، چونکه ترپه‌ی پێ و چرپه‌ی ده‌نگ، دوو شتن.
(سیمای له مرۆڤێک ده‌چوو
جەڵدە دابێتی له دڵی. ل١٢٥)
ئه‌وه‌ی له دڵ ده‌دات جه‌ڵته‌یه، جه‌ڵده سزایه‌کی ئیسلامییه.
په‌نجه‌ی شنه‌بایه ده‌دا
له په‌نجه‌ره‌ی ڕۆحی ته‌نیام
پێ ده‌چێ بۆنی پرچی تۆی
هێنابێ بۆ دڵی شه‌یدام. ل٤٣
به‌م کۆپله زێدهجوانهی خالید باشبڵاخی کۆتایی به باسه‌که ده‌هێنم و به‌وانه‌ی له بواری نووسینی شیعری گۆرانیدا خۆیان به وه‌ستا ده‌زانن، ده‌ڵێم: با بچن لای وی ببن به شاگرد.
*
(*) خالید باشبڵاخی، ژنێک لێوان‌لێو له ئه‌وین، چاپخانه‌ی کارۆخ ٢٠٠٩ سلێمانی.
(**) حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن، ئه‌ڤیننامه، ده‌زگای ئاراس ٢٠٠٦ هه‌ولێر.
(***) حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن، ئه‌و په‌یڤانه‌ی له دڵه‌وه هه‌ڵده‌قوڵێن، ل ٢٩ ده‌زگای ئاراس ٢٠٠٤ هه‌ولێر.
(****) حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن، هاژه، ل ٨٥ بنکه‌ی چاپ و بڵاوکردنه‌وه‌ی ئاپێک ١٩٩٦ ستۆکهۆڵم.
(*****) ناونیشانی ئه‌م باسه، ناونیشانی دوو هۆنراوه‌ی کۆمه‌ڵه‌شیعره‌که‌ی خالید باشبڵاخین.