
سەباح ڕەنجدەر
١
په‌خشانه‌شیعر, وه‌ك هێزێكی خۆڕاگر و پێ‌داگر. دژ به ده‌سه‌ڵاتی زاڵی شیعری كلاسیكی نه‌هاتووه و نییه. ڕووداوێكی سروشتی شیعریییه. ترپە و ئاواز و نه‌وای دیاریکراو لە پەخشانە شیعردا هەیە، بەردەوام كارا و چالاكانه دووبارە دەبێتەوە، بەڵام کێشی دیاریکراوی نییە، بەڵکو کێشی زەینی هەیە، بەردەوام كارا و چالاكانه دووبارە دەبێتەوە. ترپە و ئاواز و نه‌وا و کێش لە هەموو وشەیەکدا ناوەندی سەرنجن، بەڵام لە هەموو بەکارهێنانێکدا وەک یەک دەرناکەون و نابنە ناوەندی سەرنج. لە چۆنیەتی بەکارهێناندا جیاوازییان وەک هەستی پێشگۆزان و هێزی تێگه‌یشتن و گۆڕینی شێوه‌ی هێز دەردەکەوێ, ده‌وری ئه‌ندازیاری ده‌روونی، كاریگه‌ری ئێستێتیكی، پێوانه و پێوه‌ری زمانی هه‌مه‌لایه‌نی ده‌بینێت.
2
شیعر وه‌ك دیارده و هێز. دیدی دۆزینه‌وه‌ی نهێنییه‌كانی گه‌ردوونی نییه، به‌ڵام ده‌توانێت ببێته ده‌نگی مرۆڤی هاوچه‌رخ و به هێزی جوانپه‌روه‌ری هه‌نگاو بنێت. ئه‌و شتانه‌ی له‌ناو هه‌ست و سۆز و ئاره‌زووه‌كانی مرۆڤدا هه‌ن، له شوێنی خۆیان ده‌بن به شیعر. ئەو شوێنانەی شیعریش گرنگن، کە سەرسامیمان لەناوی دەمێنێتەوە و هه‌ستی ده‌ق دانابه‌زێ، خوێنه‌ری نموونه‌یی له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌هێڵێته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین له‌سه‌ر ئه‌م ئه‌ستێره، ئه‌ستێره‌ی شیعر بمێنینه‌وه. له سه‌ره‌تاوه پێویسته تێیبگه‌ین. خوێنه‌ر ده‌توانێت به ڕۆژێك، یان چه‌ند ڕۆژێك كتێبێك بخوێنێته‌وه، ڕه‌نگه كتێبێكی قه‌باره گه‌وره‌ش بێت.
له هه‌قیقه‌تدا ئه‌م كتێبه به چه‌ند ساڵێك نووسراوه، نموونه سه‌رجه‌م چیرۆكه‌كانی عه‌بدوڵڵا سه‌ڕاجم له ماوه‌ی مانگێكدا خوێنده‌وه. له‌خۆیدا به‌رهه‌می به‌رده‌وام نووسینی نیوسه‌ده‌بوون، ڕه‌نگه زیاتریش.
ئاستی سه‌رنج و وردبینی نووسه‌ر ڕاگری سه‌نگه. دا‌هێنان به پله‌ی یه‌كه‌م كاته. كاتیش دنیایه‌كه بۆ ئه‌وه‌ی دا‌هێنان بدۆزیه‌وه، كه هه‌وڵی بۆ ده‌ده‌یت. هەرگیز شیعری جەڵەبی و باوێشکە شیعرم پەسەند نەکردووە. لە وێنه‌یه‌ك، یان لە ڕستەیەکیدا سەرسامیم لەناوی نەمابووبێتەوە، به‌رده‌وامیش نه‌گه‌ڕێته‌وه لام. سوودیش لەو سەرسامییانەی خۆم وەردەگرم، سه‌رسامی بیر به كارایی ده‌هێڵێته‌وه. وەک سەرچاوەیەکی پێشنیاز كرا‌و و جۆراوجۆریش بینینم له‌ناوی قووڵ و ورد كردووه‌ته‌وه. تا بزانم لەکوێ جوانیم هێناوە, لەکوێش بینینم له‌ناوی قووڵ و ورد ده‌كه‌مه‌وه و کاریگەر دەبم، له كوێشی له ده‌وروبه‌ر و له بارودۆخ و واتای له‌پڕ ورد ده‌بمه‌وه، زۆر جاریش بووه بابه‌تێكم خوێندووه‌ته‌وه سست و بێ هه‌ست بووه، هیچ فه‌زا و بواری سه‌رنجڕاكێشی تێدا نه‌بووه. هه‌ر بۆ ئه‌وه خوێندوومه‌ته‌وه تا بزانم بۆ سست و بێ هه‌سته، فه‌زا و بواری سه‌رنجڕاكێشانی تێدا نییه.
زمان خراپ به‌كاربهێنرێت. هه‌ست به تاریكی په‌یوه‌ندی نێوان وشه و ده‌سته‌واژه و ئازاری ڕسته ده‌كه‌م.
زانایان، زانایانی باڵا تێده‌كۆشن سه‌راپای گۆی زه‌وی له پیسبوونی ژینگه بپارێزن. شاعیرانیش، شاعیرانی باڵا تێده‌كۆشن گۆی زه‌وی له پیسبوونی شیعری نائێستێتیكی بپارێزن.
شیعر به به‌خشنده و میهره‌بان ده‌زانم، ژیانی نووسین هاتووه‌ته ناخمه‌وه و بووه‌ته پرسی ژیانم، له ئه‌فسانه فۆلكلۆرییه‌كان به‌هره وه‌رده‌گرم. هه‌وڵم داوه به‌رپرسیاریه‌تی خۆم به‌رانبه‌ر پاكڕاگرتنی ژینگه‌ی شیعر وه‌ربگرم و ڕایبگرم، من فه‌زایه‌كی ئازادیم دۆزییه‌وه و زانیم چۆن نه‌ستم به‌كاربهێنم. بیرۆكه‌یه‌ك، بیرۆكه‌یه‌كی دی. خه‌ونێك، خه‌ونێكی دی داده‌گیرسێنێ.
شیعر، شیعری بێگه‌رد له سه‌رووی توانای مرۆڤه‌وه نییه. له نێوان دێڕه‌كانی بێگه‌ردی خۆیدا خاوه‌نی په‌یامێكه، په‌یامی ئێستێتیكی مرۆڤایه‌تی. ئه‌زه‌لی و ئازاد و خوڵقاندنی دنیایه‌كی ئه‌فسانه‌یی.
٣
شێوەکار لە تیۆر و بنەماکانی هونەری شێوەکاری تێگەیشت و قووڵ بووه‌وه، لە پراکتیکیدا داهێنەر دەبێ، نموونه قه‌ره‌نی جه‌میل. بە پێچەوانەوە، شاعیر لە تیۆری شیعری قووڵ بووەوە لە دا‌هێنان بەهرەی کز و ته‌نك دەبێت، ناتوانێت ئاراسته‌یه‌كی نیمچه ڕوونی بوون و هه‌رمانمان پێ بناسێنێت. جوانی و زمان بنچینەی بەشی سەرەکی چالاکیی سروشت و مرۆڤن، یان په‌یوه‌ندی ڕاسته‌قینه‌ی سروشتن له‌گه‌ڵ مرۆڤدا.
كاتێك له ورده‌كاریه‌كانی سروشت و نه‌خشی وه‌رزه‌كان و دۆخی ناكۆكییان ورد ده‌بمه‌وه، دێنه خاڵی كرده و كاره‌وه، بابه‌ته‌كه‌ی لێی وردبوومه‌ته‌وه خۆی كاریگه‌ری ده‌نوێنێ، سروشت له‌ناو كاریگه‌ریه‌كه داده‌ڕێژمه‌وه.
برین، كه تازه‌بوو، تووڕه‌بوونی له‌گه‌ڵ دایه. ماوه‌یه‌كی دیاریكراوی به‌سه‌رداچوو. ساڕێژنابێ، به‌ڵام داده‌مركێته‌وه. تووڕه‌بوونه‌كه ته‌نكده‌بێ و ده‌بێته بیركردنه‌وه، كه بووه بیركردنه‌وه ئینجا ده‌ینووسم.
بە مەبەست تەمومژاوی نانووسم. سروشتی شێوازم ئەم داوایەم لێ دەکات، به‌هۆی مه‌یل و خولیا و هه‌سته‌كانه‌وه پشتگیری له شێواز ده‌كه‌م. به ناخمدا ڕۆچووه و چالاكی كردووم. شێواز دروستکەری خوێنەریشە. شیعر لەناو ئەزموون و یادەوەری و بۆچوونمدا خاسیه‌تێكی خۆڕسکانەیە، له كه‌له‌پووری نه‌ته‌وه‌ی خۆم ورد ده‌بمه‌وه و شه‌رمی لێ ده‌كه‌م. له پێشوازی هه‌ر هاتوویه‌كی هاوچه‌رخیشدا ده‌وه‌ستم و باسكی له باوه‌شگرتنی بۆ ده‌كه‌مه‌وه و وره‌م وه‌به‌ر ده‌دا، خۆراكی پڕ وزه‌ی ئه‌ده‌ب و هونه‌ر و شارستانه‌تی كورد و هه‌موو جیهان ده‌خۆم، ئه‌گه‌ر وزه‌یه‌ك، وزه‌یه‌كی داهێنه‌رانه هی كه‌سی خۆشم نه‌بێت. له ڕێگای خوێندنه‌وه هاتبێته ناو خوێن و گۆشتمه‌وه. خوێن و گۆشتمی پڕ وزه كردبێت. شه‌رمی لێ ناكه‌م، وه‌ری ده‌گرم، به زاوزێی خوێن و گۆشتی خۆم و خه‌ڵاتی بلیمه‌تانی ده‌زانم, گه‌ڵاڵه و هه‌رسی ده‌كه‌م.
شیعر به‌ویستی هونه‌ری گه‌یشت، له خوێنه‌ری گشتی دوور ده‌كه‌وێته‌وه. شیعری خۆم به پێوه‌ری شیعری بێگه‌رد پێوانه ده‌كه‌م، ده‌پرسم ئاخۆ دوای ساڵانێك له‌ناو خوێنه‌راندا ده‌مێنمه‌وه، یان لاده‌كه‌وێ و من و تۆیه‌كی تێدا نادۆزرێته‌وه. هه‌وڵ ده‌ده‌م له ڕێگای شیعره‌كانمه‌وه. له به‌شێكی جیهان، به‌شێكی بچو‌وكیش بێت ده‌نگێگم هه‌بێت. ئه‌م و ئه‌وێكی تێدا بدۆزرێته‌وه.
٤
شیعر پارێزگاری كردنه له كرۆكی پرسیار و ڕۆح و هه‌ست. تێیدا ده‌گه‌ڕێمه‌وه ناخی بوون و به كرۆكی پرسیار و ڕۆح و هه‌ستی خۆم ده‌گه‌م، هه‌روه‌ها كرۆكی پرسیار و ڕۆح و هه‌ست له نه‌وه‌یه‌كه‌وه بۆ نه‌وه‌یه‌كی دی ده‌گوازێته‌وه. بڕواشم بە درووشمی نوێبەخشی نەماوە، کە ماوەیەک، ڕەنگە ماوەیەکی زۆریش بێت. لە دۆخی یاخیبوونی مابووبێتمەوە، ناشمه‌وێ ببم به‌و كه‌سه‌ی، كه ئه‌وانی دی ده‌یانه‌وێ.
نوێبەخشیی شیعری کوردی به‌شێك، ڕه‌نگه به‌شێكی زۆریش بێت. نوێبەخشییەکی سه‌رچاوه‌یی نییه. ماندووبوونی داهێنه‌ران له به‌ر چاو ده‌گرم، خۆشدڵیش ده‌بم ماندووبوونم له‌به‌ر چاو بگیرێ. دوای ئەم ئەزموونە نیمچە دوورودرێژە تەنیا پەیوەندی و بڕوام بە وشەی دا‌هێنان ماوە و هەیە، کە دا‌هێنان هه‌بوو، هه‌موو پڕوپاگه‌نده‌یه‌ك بێ سه‌ر ده‌سووڕێنه‌وه و ده‌مه‌ونخوون ده‌بنه‌وه. جوانی تاسێنەر و سووربوون دەداتە ژیانی کلتوور و سروشت و شارستانه‌تی، مێژوو له‌منه‌وه، یان له تۆ، یان له یه‌كێكی دی ده‌ست پێ ناكا، مێژوو له دا‌هێنان ده‌ست پێ ده‌كات.
كۆشش و داهێنانی ئه‌دیبانی كورد هه‌موو ده‌م له چوارده‌ورمن و بوونه‌ته هێز و هه‌وێنی تێڕامان، له ناویاندا به‌دوای شێواز و زمان و مانادا گه‌ڕاوم و ده‌گه‌ڕێم، ڕۆشنیان كردوومه‌ته‌وه.
گۆران مرۆڤێكی هه‌ڵگیرساو بوو، وه‌ك ڕوخسارێك له ئاوێنه‌ی دا‌هێنان و داهێنه‌ران ماوه‌ته‌وه. كاره‌كانی ده‌وڵه‌مه‌ندییه‌كی بێ هاوتایان تێدایه، ورده‌كاری زۆری لێ وه‌رده‌گیرێ. سه‌ره‌كیترین نموونه‌یه له شیعری نوێی كوردیدا، پرسیاری چییه‌تی شیعریی و چییه‌تی شاعیربوون ده‌ورووژێنێ، ئه‌زموونی خستووه‌ته‌وه. لێیه‌وه ده‌گه‌ین به چییه‌تی ڕه‌سه‌ن، هه‌روه‌ها ئه‌نوه‌ر قادر محه‌مه‌د له شیعری هاوچه‌رخی كوردیدا شێوازی هاوسه‌نگی زمانی خستووه‌ته‌گه‌ڕ و هه‌ڵده‌ڕژێته سه‌ر یاده‌وه‌رییه‌كی به پیت, شاعیر تا له یاده‌وه‌ری نزیكتر ببێته‌وه، كاری نایاب به‌رهه‌م ده‌هێنێت.
ئه‌زموون خستنه‌وه و شێواز خستنه‌گه‌ڕ خاڵی تێكه‌ڵبوون و یه‌كگرتنه‌وه و ئاگابوونن له گیروگرفتی دا‌هێنان، پرسی داهێنانیان گه‌ڵاڵه و هه‌رس كردووه.
شیعر ئه‌وه ده‌ڵێت پێویسته بوترێت، شاعیرانیش سه‌رنجی جیاوازیه‌كان ده‌ده‌ن و گفتوگۆ، گفتوگۆی خۆشڕه‌وت له‌گه‌ڵ ئاماژه‌كانی پێشگۆ و ئایین و خودا و تابوو و كلتوور و زاوزێی سروشت و كاردانه‌وه‌كان به ئازادی ده‌كه‌ن.
نووسه‌ری لێوڕێژی به‌هره و داهێنه‌ر، توانای جوانكردنی واقیعی هه‌یه. دا‌هێنان هونەری گەورەی تێدا پێگەیشتووە، کە خاوەنی شاكاره هونه‌رییه‌كان و ئه‌ندێشه‌ی جیاواز و خەونی دا‌هێنان تانوپۆیان داڕشتووە، کۆسپ و گرێیان ڕنیوە، ئێستێتیكا و حیكمه‌تیان بڵاو كردووه‌ته‌وه. چەمک و شت لە هۆشیاری خوێنەر ڕێک ده‌خا، توانای لێکدانەوەی هێماکانی دەبێت و بە داخراوی نایهێڵێتەوە، درووشم و میكرۆفۆنبازی و خه‌ڵات و به‌شداری زۆری فێستیڤاڵان بۆ دا‌هێنان و داهێنه‌ر ئامانج نین. خولیا و خوێندنه‌وه‌ی كتێب، كتێبی بژارده و ڕاهێنان ئامانجن.
هێزی هونه‌ر هه‌وڵی مرۆڤ ده‌خاته‌گه‌ڕ بۆ بنیادنانه‌وه‌ی جوانی به‌رانبه‌ر ترسی گه‌وره‌ی كاولكاری و له‌ناوچوون.
له یه‌كه‌مین كتێبی ژیانم، به ئازاری مرۆڤ ئاشنا بووم. هه‌ڵبه‌ت له ئازاری داهێنه‌رێكیش ده‌گه‌م بریندار كرابێت.
٥
خودا شیعری خسته بوونی منه‌وه. شاعیرانی داهێنه‌ر به چاوڕوونێك ده‌زانم، واش ده‌زانم خودا له هه‌سته‌كانی ئه‌وانه‌وه دێته گۆ.
پاش ئه‌وه‌ی بیر و به‌هره و سرووش لێك ده‌ده‌م و ڕێكیان ده‌خه‌م. وێنا و پێشبینی نووسین ده‌كه‌م. یه‌كده‌ست ده‌نووسم, پاشان وه‌ك پاڵاوتن پێداچوونه‌وه‌ی زۆری بۆ ده‌كه‌م. ڕه‌شنووسی یه‌كه‌مم ده‌پارێزم، به‌های خه‌یاڵ له ڕه‌شنووسی یه‌كه‌م تێده‌گه‌م. دواتریش به ده‌نگی به‌رز ده‌یخوێنمه‌وه و بوونكارانه‌ی له‌به‌رچاو ده‌گرم. زه‌ینم داوێمه سه‌ر ترپه و ئاواز و نه‌وای وشه‌كان. بزانم هه‌ست و وشه‌سازی و كارسازی و ماناسازیم تێدا دروست كردوون، یان نا. هه‌ندێك خه‌سڵه‌ت له‌گه‌ڵ خۆم ده‌هێنمه جیهانی نووسینه‌وه. وه‌ك ئه‌وه ته‌نیا به قه‌ڵه‌می سوور ده‌توانم شیعر بنووسم. سه‌ره دێڕه‌كانیش به‌قه‌ڵه‌می ڕه‌ش، یان قاوه‌یی. ئه‌و باره ده‌روونیه‌شم له‌وه‌وه چه‌كه‌ره‌ی كرد و لام زاڵ بوو، بووه نه‌خشی به‌رده‌وامبوون و نووسین.
بابا تاهیر هه‌مه‌دانی له‌م چوارینه‌یه‌ی له ڕه‌نگی خوێنی دڵ ده‌پرسێ. دڵیش ڕه‌نگی خوێنی خۆی بۆ ئاشكراناكا و پێی ناڵێ و لێی ده‌شارێته‌وه.
مه‌گه‌ر شێر و پڵنگی ئه‌ی دڵ ئه‌ی دڵ
له‌گه‌ڵ مندا له جه‌نگی ئه‌ی دڵ ئه‌ی دڵ
ئه‌گه‌ر ده‌ستم بگا خوێنت ده‌ڕێژم
ببینم تا چ ڕه‌نگی ئه‌ی دڵ ئه‌ی دڵ
مه‌حوی پرسیاری ڕاز و نهێنی زانین و نه‌زانینی سه‌رسامی، له ڕه‌نگ ده‌كا و خۆی ده‌خواته‌وه. دێته‌وه ناوه‌وه‌ی خۆی و له ناوه‌وه‌ی خۆشی‌دا دووچاری گومانێك ده‌بێ و ده‌رباز نابێت، كه‌سی به‌هاناوه‌چووی ده‌ست ناكه‌وێ و هانا بۆ ده‌ره‌وه‌ش ده‌بات. مه‌ودایه‌ك ده‌خاته نێوان كرانه‌وه و داخران و ژیان و مردنه‌وه.
خوێنه‌ر بۆی نابێته ناوه‌ندی سه‌رنج. پرسیار له خۆی و هێزی دڵ ده‌كا، یان ئه‌وی دی نیمچه گومان. گومانێك، گومانی دا‌هێنان له نێوان خۆی و هێزی دڵ و ئه‌وی دی جێده‌هێڵێت.
له كێ پرسم دڵی بۆ پڕ له خوێنی حه‌سره‌ته یاقووت
عه‌زاپۆشی چییه و كێیه جلی پیرۆزه بۆ شینه
لەناو شیعر و شاعیردا خۆشەویستییەک هەیە. شێواز دەیکاتە دا‌هێنان و پرسیار و دووپاتکردنەوەی کارایی. شیعر لەپێناو ئەو خۆشەویستییەدا خۆی شەهید دەکات، کە دەورمانی داوە و دەیەوێ تێیدا نەمر بێ. شیعر لە جوانییەوە بۆ ژیانخۆشی و هێزی پێشوازی بوون و نەمریبوون, ئه‌گه‌ر سوێند به پیرۆزییه‌كانی نه‌ته‌وه‌كه‌م بخۆم. زۆر جاران سوێند به سه‌ر و ناوی داهێنه‌ران ده‌خۆم.
٦
به‌رهه‌می ژیان هێنده ده‌وڵه‌مه‌ند و هاوچه‌رخ و به‌ربڵاوه، هه‌موو داهێنه‌رێك ده‌توانێ هاوچه‌رخیبوونی تێدا به‌رهه‌م بهێنێ و هاونه‌وای ڕۆحی خۆی بكات، له ئه‌نجامی هێزی هه‌سته‌كانیه‌وه، ئاكار و خه‌سڵه‌ت و ترپه و ئاواز و نه‌وایه‌ك بخوڵقێنێ. كۆششی شیعر و شاعیری هاوچه‌رخ ده‌ربخات.
شیعر خۆی زاڵ ناكات، خۆی ده‌ناسێنێت. مێیاتییه‌كی گه‌ردوونییه، وه‌رگر و وه‌رگێڕی هه‌ستی پیت و هه‌ستی ده‌نگه‌كان و په‌ی بردن و به‌دی كردنن.
زمان له دۆخی نه‌ناسراویدا، گونجان و ته‌بایییه‌كی هاوبه‌شی بۆ هه‌موو مرۆڤێك هه‌یه. حەمەساڵح دیلان زمانێکی پێکهاتەیی و ناسنامه خوڵقێن و زه‌ینیبوونی زمانی بەکارهێناوە، لە تێڕوانینی دووپاتكردنه‌وه و حوكمدان و گشتیخواز و دیاره‌وه سەیری زمان و بەکارهێنانی نەکردووە، گه‌ڕاوه‌ته‌وه زه‌ینیبوونی زمان و بنیادی هۆشیارانه‌ی زمانه‌وه، زمان واتای مرۆڤی جوانپه‌روه‌ر ده‌گه‌یه‌نێ و به‌شداری له ئاماده‌كردنی هه‌قیقه‌ت ده‌كات.
پرسیاره زمانییه‌كانی بۆ وه‌ڵام نین، بۆ سرووشی زمانن، وه‌رگر و وه‌ڕگێڕی هه‌ستی پیت و هه‌ستی ده‌نگه‌كان و په‌ی بردن و به‌دی كردنن.
٧
سانایی خۆ به‌ده‌سته‌وه نه‌داو، سادەیی شێواز. ئەفسوونێکی بێهاوتا دەداتە وێنە و وێناكردن. ئاوازێکی هەمەچەشنی دڵخۆشی و ئەندازەییش بە شیعریبوون. سەعدوڵڵا پەرۆش، ئاراس عه‌زیز عه‌بدوڵڵا ئەم هونەره بووه‌ته هه‌وڵ و كۆششیان، كردوویانه‌ته خولیا و ئامانج و نیمچه ڕوونییه‌ك. ڕه‌نگه وێنایه‌ك بن، وێنایه‌كی كاریگه‌ر و زیندووش بن له‌م ده‌ستنیشان كردنه‌دا، ما‌نایان به‌رجه‌سته ده‌بێت، له به‌رجه‌سته‌كردنی وێناكه‌شدا به مانا ده‌گه‌ین. ماناش بیر و به‌ها و ده‌سته‌واژه‌ی نادیار و په‌یوه‌ندی خۆی ده‌خوڵقێنێ، ده‌مانخاته ناو زمانی ڕاسته‌قینه‌ی جیهان و سه‌رده‌مێكی هه‌ستییه‌وه، سووڕی گه‌شه‌سه‌ندنی خۆیان له جووڵاندنی نائومێدییه‌كی تونددا ته‌واو ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها زیاده‌ڕۆیی دوان له‌باره‌ی شیعری هه‌ستییه‌وه زیان به هه‌ستی شیعر ده‌گه‌یه‌نێ و پێكهاته هه‌ستییه‌كه‌ی ده‌شكێنێ.
هه‌ست كارایی و هێز له ژیان وه‌رده‌گرێ و شیعره داهێنراوه‌كانی به‌رهه‌م هێناوه. دێنه گۆ و سه‌رساممان ده‌كه‌ن و ئه‌ركی ژیانمان ئاسان ده‌كه‌ن.
یه‌كگرتنێكی گه‌رموگوڕ له ناخ دروست ده‌كات. كاتێك یه‌كگرتنێكی گه‌رموگوڕ له ناخ گه‌ڵاڵه بوو، بیره‌وه‌ری و تاسه ده‌ورووژێن و تێكئاڵانی هێزه‌كانی ژیانن. هه‌ست به خۆشی و كامه‌رانی ده‌كه‌ین.
٨
هەبوونی پەیوەندی لە نێوان زمان، سایکۆلۆژیای هەستەکانی خوێنەری نموونەیی دەورووژێنێ. سایکۆلۆژیای هەستکردن بە كه‌شوهه‌وا و هاتووچووی وێنەی شیعری بەشێک، ڕەنگە بەشێکی زۆریش لە سایکۆلۆژیای خوێنەری نموونەیی پێک بهێنێ. بەتایبەتی هەڵچوونی بەهێز و کاردانەوە، لە هەندێک دۆخیشدا کرانەوە و دڵنیایی و ترپە و ئاواز و نه‌وای ژیان.
قه‌ت سارده سارده و كه‌مته‌رخه‌میم له ناسینی كه‌شوهه‌وا و هاتووچووی وێنه نه‌كردووه، وه‌ك بایه‌كی ڕۆیشتووش دڵم به‌دوایدا نه‌گێڕاوه، وه‌ك ئه‌و بایه ده‌یبینم جه‌سته‌می له‌خۆیدا لوولداوه، مه‌ودا و هه‌وای خانه‌ی جه‌سته‌م ده‌گۆڕێ.
له‌و نامه ئه‌كادیمییانه‌ی له زانكۆكانی كوردستان له‌باره‌ی به‌رهه‌مه‌كانمه‌وه نووسراون، شوێنی وێنه و ده‌ركه‌وته‌كانم بوونه. به هۆی زۆر دووباره‌بوونه‌وه‌ی ناوی نواڵه له شیعره‌كانمدا، وای له هه‌مووان كرد، بپرسن نواڵه كێیه. منیش هه‌میشه خۆم له چیرۆكه ڕاسته‌قینه‌كه دزیوه‌ته‌وه و گوتوومه: ته‌نیا ناوێكی ئه‌ده‌بییه و به‌س. دوای چل و یه‌ك ساڵ ئه‌م نهێنییه نه‌زانراوه و كه‌سایه‌تی ڕاسته‌قینه‌ی ئاشكرا ده‌كه‌م. دكتۆر په‌خشان سابیر حه‌مه‌ده. له ته‌مه‌نی نۆزده ساڵیمه‌وه خۆشمویستووه و یه‌كه‌مین خۆشه‌ویستمه، هه‌وێن و خاڵی بینینی به‌هره و وه‌رچه‌رخانم بووه، خورپه‌ی نووسین و چالاكییه جۆراوجۆره‌كانم لێی وه‌رگرتووه، هه‌روه‌ها له ئه‌زموونی ژیانم. شانازی به‌وه‌وه ده‌كه‌م، بوومه‌ته هۆی به‌خته‌وه‌ریی هاوسه‌ر و منداڵه‌كانم.
٩
لای شاعیری زاڵ، وشە هەستی شەشەمی هەیە.
١٠
لە زەین و ڕامانی سه‌ره‌كیدا، داهێنەر ڕەگ و ڕیشەی دا‌هێنان دەهێنێتە ناو لەپی خۆیەوە و په‌نا بۆ دره‌ختی بنه‌ماڵه و ئه‌لبوومی بنه‌ماڵه‌ی ده‌با. قووڵایی و ئاسۆ و چوارچێوه‌ی ده‌بینێ، لە چۆنیەتی گەشەکردنیان تێ دەگات، ئه‌مه کرۆک و ناوكی ڕاستەقینەی داهێنەر و دا‌هێنان و ناسنامه‌ی كراوه‌یه‌تی، خاڵی ده‌رچوون له‌م ئاسۆیه‌دا به‌رجه‌سته ده‌بێ، ئه‌وجا به‌ره‌و ڕووناكییه گه‌ردوونییه‌كان ده‌ڕوات. ئه‌و په‌یوه‌ندییه قووڵه‌ی له نێوان ڕووناكی گه‌ردوونی و مرۆڤی ڕووناكدا هه‌یه. ده‌ڕسكێ و ده‌خه‌مڵێ. شیعریبوونی زمان ڕووه‌و تازه‌بوونه‌وه ئاراسته ده‌گرێ، هۆشیاریمان به كه‌له‌پووری كوردی لێولێو زیاد ده‌بێ و ده‌چێته سه‌ره‌وه، ئاسۆی نووسین. چه‌مكی دا‌هێنان و مانای ده‌نگی وه‌رده‌گرێ و ده‌ورووژێ.
نزیكه‌ی نیو سه‌ده‌یه گفتوگۆ و مشتومڕم له‌گه‌ڵ ئه‌ده‌ب گه‌رمه، هه‌ندێك جاران گه‌یشتووه‌ته جێ پێی دڵگرانبوون، له‌پڕ لێی هه‌ڵێم. ئه‌ده‌ب لێی پرسیم: بڕوات به چی هه‌یه. ته‌نیاوته‌نیا خۆت. ئه‌ده‌ب. ئه‌ده‌بی بێگه‌رد، چونكه له ئه‌ده‌بدا خۆم و هه‌موو شتێك هه‌ین. ئه‌ده‌ب به سروشتی خۆی ده‌بێته پێوه‌ر و بڕوا.
ترپه و ئاواز و نه‌وا و مه‌ودای مانای ده‌نگیم له نزا سه‌ره‌تاییه‌كانی مرۆڤ و وێرده‌كانی ئاوێستاوه بینیوه‌ته‌وه، له بنیادی گفتوگۆی زه‌ینی ورووژاندوومه و هه‌وڵم داوه بیكه‌م به یه‌كێتییه‌كی ڕۆحی له نێوان هه‌ست و بوون و وێنه و وێناكردن و كۆمه‌ڵێك پرسیاری بێ كۆتایی مرۆڤ.
١١
هێڵكاری هونه‌رێكی ئێستێتیكییه، مانای له‌پڕی لێده‌رده‌كه‌وێ. مووتووربه و هاوتا ناكرێ به هونه‌رێكی دی. لە زۆرێک ڕۆژنامە و گۆڤار و کۆشیعردا، هێڵكاری لەپاڵ شیعر دادەنرێ. لە بنەڕەتدا شیعر خۆی ئاماژه و هێما و هیڵكارییه، ئەگەر لەپاڵ یەکیان دانێین. یەک یەکیان دەکوژێ، یان لاسه‌نگ ده‌كا.
داوا و تكام لەو ڕۆژنامە و گۆڤارانەیه، کە شیعریان بە نیازی بڵاکردنەوە بۆ دەنێرم. هێڵكارییان لەگەڵ دانەنێن، ئه‌و به‌شه سپییه‌ی له ته‌نیشت شیعره‌كه‌دا ده‌مێنێته‌وه بۆ به‌شداری و بیركردنه‌وه و مه‌شقكردنی خوێنه‌ری نموونه‌ییه، كه وێنه نه‌رمونیان وه‌رده‌گرێ، ئیلهامبه‌خشی دۆخ و دۆخگۆڕینه، نموونه شیعرێكم له گۆڤارێكدا بڵاو كرایه‌وه. له شیعره‌كه‌دا باسی گورگ ده‌كه‌م، گورگیشم وه‌ك گیاندارێكی چالاك و وشیار و زۆر به‌هه‌ست وێنا كردووه. هێڵكارییه‌كی ئیسماعیل خه‌یاتی له‌گه‌ڵ دانراوه، كه‌چی هێڵكارییه‌كه ماسییه‌كه ده‌وره‌دراوه به كۆمه‌ڵێك گه‌را، ئاوه‌كه فه‌زایه‌كی ئاسمانی ڕوونی پێ درابوو. له به‌راوردی خۆمدا هێڵكاریه‌كه له شیعره‌كه به‌هێزتر و جوانتر بوو.
١٢
له دڵنیا دڵنیاترم، بە پێودانگ نا، بە فه‌رمانی خوداكه‌ی ناو دڵم و چێژ و تێگەیشتنی کەسیم بۆ شیعر. ئەم شیعرانە شیعری پڕ و شیعریبوونی پڕن، یان شیعری پێگه‌یشتوو، یان شیعری ترسناكن. شیعری پڕ و شیعریبوونی پڕ، یان شیعری پێگه‌یشتوو، یان شیعری ترسناك له ناوه‌ند و به‌رده‌وامبووندا كاریگه‌ر ده‌بێ، ڕووداوی هونه‌ریی نایاب له شێوازدا ڕێك ده‌خات، به هه‌زار ترپه و ئاواز و نه‌وا خوێنه‌ری نموونه‌یی بانگ ده‌كاته ناو كرده‌ی خوێندنه‌وه و سووربوون، له شێوه‌ی بوونه‌وه‌رێكی ئه‌فسانه‌یی ده‌یخاته ڕوو.
خوێنه‌ر به‌رانبه‌ر نووسین وه‌ك یه‌ك وریا و هاوسه‌نگ و هاوشێوه نین. لەوانەیە خوێنەری لە من چێژ هه‌ڵبژارده‌تر و تێگەیشتووتر لە هونەر و هه‌سته‌كانی شیعر، وێناكردنی مه‌وداكانی دا‌هێنان و ئەو دەستنیشان کردنانەی منیان هەر قبووڵ نەبێ و بەباشی نەزانن، لێكدژ و ناته‌بابین. ڕووبه‌ڕووی نادڵنیایی ده‌ق ببنه‌وه.
١٣
ئه‌مه بۆچوونێكی لایه‌نگرانه و هه‌ڵه نییه. بۆ دنه‌دانی دا‌هێنان دوژمنێكی ئاكار به‌رز پێویسته. گۆران به دوای پارووه نانێك هه‌میشه ڕاكه‌ڕاكه‌ی بوو، له‌و پێناوه‌دا بۆ بێژه‌ری چووه یافا، نانی سپی له قووڵایی ژێرزه‌مین په‌یداكرد. هەر تەنیاش شاعیر نەبوو، دیاردەیەکی شاعیرانە بوو. شێوازی ژیانی سروشتی نیشان داین. قۆناغێک پیشان دەدا، کە بە کێشی خۆماڵی ڕەنگڕێژ کراوە. کێشیش زەینیبوونی کۆمەڵگایە. زوڵاڵ و درەوشاوەیە بە بەکارهێنانێکی شارەزایانەی کلتووری کوردی. لێوڕێژیشە لە ژیانی کوردەواری، ئه‌ده‌ب، كه ئامانج و زه‌ینیبوونی كۆمه‌ڵگا بوو، تانوپۆی ڕوون و ڕه‌وان ده‌بێ و به نه‌مری ده‌مێنێته‌وه. به پێوه‌ر و پانتایی تایبه‌ته‌وه. هه‌ست و كرده‌كانی تاك ده‌خاته ژێر كاریگه‌ری بوون و هۆشیاری بوونه‌وه.
١٤
ته‌نیا بینین نابێتە نووسین. نووسینێكی داهێنه‌رانه، کە بینین کرا بە بیر و بیرکردنەوە و بابەت. ئەوجا لە بیر و بیرکردنەوە و بابەتەوە نووسین دەڕسكێت، نووسینی داهێنه‌رانه.
شیعری من خۆخواز و منخواز نییه. شه‌یدای سروشت و ئافره‌تی ساكارم، فۆرمێكه ده‌توانی جێگۆڕكێ به سه‌ره‌تا و كۆتایی بكه‌یت، له ناوه‌ند كۆیان بكه‌یته‌وه و بیان جووڵێنیته‌وه، جیهانی یەکگرتوو بەجێ ناهێنێ. تێیدا شتەکان یەکانگیرن. سه‌رووی واقیع، سه‌رووی واقیع و شته‌كانه. سروشت، سروشت و شتەکانە. مرۆڤ، مرۆڤ و شتەکانە. جه‌نگ، جه‌نگ و شته‌كانه. واتا، واتا و شته‌كانه. چارەنووس، چارەنووس و شتەکانە، یان هه‌موو ڕه‌هه‌نده‌كانن…تاد.
١٥
نالی و هێمن ڕوونی و درەوشانەوە و هێزی زمانی کوردی‌یان پیشان دام، بە کارامەیییەکی سەیر و لێزانینەوە فێریان کردم زمان بە شێوەیەکی هەستیار و پڕاوپڕ، مۆرکی خۆی گرتووە، هەوڵ و ڕاهێنانی گەشە و مانەوەی دەدات. تێكۆشاوم و بۆی ده‌ژیم، ئاستی هاوسەنگکردنی ژیانی خۆم و خانه‌ی ئه‌ده‌بی تێدا بدۆزمەوە.
نووسه‌ر دوودڵییه‌كه له هه‌قیقه‌ت و له له‌بیركراو و له‌ناوچوو. هیچ نووسەرێکیش نەیتوانیوە تەواوی توانای خۆی، یان به‌رزه ئاواتی خۆی بەدی بهێنێت، هه‌موو ئه‌و ڕۆژانه‌ی تێپه‌ڕین ژیان بوون. ئه‌و ڕۆژانه‌ی تێش ده‌په‌ڕن هه‌ر ژیانن. هه‌موو كاتێكیش بۆمان هه‌یه هه‌وڵ بده‌ین مه‌شقی تواناكانی خۆمانی تێدا بكه‌ین و به‌دی بهێنین، ئه‌وانه‌ی چاوه‌ڕوان ده‌بن شتی باشیان دێته ڕێ.
خۆت چاوگی، هێشتان له هه‌ستی خۆمه‌وه ده‌نووسم و له‌خۆم ڕزگارم نه‌بووه، چاوان داده‌خه‌م، بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر بیرده‌كه‌مه‌وه. به‌رانبه‌ر به كۆششكردنی خۆم قه‌ت نه‌گه‌یشتووم به ڕه‌زامه‌ندییه‌كی قووڵ. ده‌نگێك نیمچه هه‌ڕه‌شه‌یه‌كم لێ ده‌كات، یان ئاگادارم ده‌كاته‌وه و پێم ده‌ڵێت: وا نزیكه كاتت ته‌واو ده‌بێت و هه‌وات لێڵ ده‌بێ. باشتر كۆشش بكه و كه‌مێك زیاتر بنووسه، كار و به‌رهه‌مت مشتوماڵتر بكه. هه‌میشه لاپه‌ڕه‌ی سپی له به‌رده‌ممه و ده‌نووسم. ئه‌وه‌ش ده‌زانم به‌شێكی زۆری ئه‌وه‌ی نووسیوومه له كۆتاییدا فڕێی ده‌ده‌م. زۆر جارانیش ده‌گه‌ڕێمه‌وه سه‌ر ئه‌و لاپه‌ڕانه‌ی ڕۆژانی پێشوو كارم له‌سه‌ر كردوون. وشه بژار ده‌كه‌م و به هه‌موو هێزه‌وه سه‌رنج ده‌ده‌م ئه‌و وشانه‌ی له‌ناو دێره‌كان جوان ڕانه‌كشاون جووڵه‌یان پێ بكه‌م.
قه‌ت له‌ناو خه‌یاڵدا دیل نه‌بوویمه، له واقیعه‌وه چوویمه ناو خه‌یاڵ. قه‌تیش له خودا و نووسین نه‌ترساوم، چونكه وه‌ك ئاگایی و هۆشیاری و ویست، خودا و نووسینم تا دوا پله خۆشده‌وێ. بیركردنه‌وه و سه‌رنجی ته‌واوم له‌سه‌ریانه.
١٦
شیعر خستنەڕووی فۆرمێکە بۆ تێگەیشتن لە خواست و چەمکی ئێستێتیکای ده‌سته‌بژێری کۆمەڵگا. چیرۆک و ڕۆمان و شانۆنامه و چه‌شنی دی، خستنەڕووی هێزی گێڕانەوەن، یان سەرچاوەی زانیارین بۆ تێگەیشتن لە بیرکردنەوە و ژیانی نیمچە گشتگیری کۆمەڵگا.
واقیع پێشنیاز قبووڵ ناكات، هۆگری جه‌ماوه‌ر و خواستی گشتییه. ئه‌و نووسه‌رانه هه‌ڵكه‌وتوون له ئه‌ده‌بی واقیعیدا داهێنه‌رن، چونكه واقیع سه‌مه‌ره و نه‌ناسراوه. به خێرایییه‌كی سه‌یر و برووسكه‌یی، چین چین وه‌رده‌چه‌رخێ، نموونه ڕه‌فیق سابیر له شیعر، حه‌مه‌فه‌ریق حه‌سه‌ن له چیرۆك، حسام به‌رزنجی له ڕۆمان، ئه‌حمه‌د سالار له شانۆنامه، چوار نووسه‌رن له ئه‌نجامی بیركردنه‌وه‌ی به‌رده‌وام له واقیع ده‌ركه‌وتوون.
ته‌واوی فه‌زای مانا و ڕووداو وێنا ده‌كه‌ن، وه‌ك به‌ها و ئاسۆیه‌كی هاوبه‌ش ده‌یگێڕنه‌وه. پشتیان به ململانێی خرۆشان و ڕامانی ناوده‌ق و گۆڕانكارییه برووسكه‌یی، چین چینه‌كان، هه‌مانكاتیش به شته‌كان به‌ستووه، ساتێكی ڕاستگۆیی قووڵی ئه‌ده‌بین، به‌ڵام ساتی زمانحاڵی واقیع نین.
١٧
هه‌ست نووسین به‌هێز ده‌كات. ڕێگا ده‌دا وشه و ڕسته و وێنه پێك بگه‌ن، دۆخێكی ئه‌فسانه‌یی دروست ده‌كات. ده‌نووسم، مه‌ترسیدارانه بۆ هه‌ستیارترین به‌شی خۆم ده‌نووسم. هه‌وڵ ده‌ده‌م بیگه‌یه‌نمه ئه‌وخاڵه‌ی، كه ناتوانم ئه‌و ده‌قه له‌وه زیاتر به‌رز بكه‌مه‌وه.
هەوڵ دەدەم لە ڕۆژێکم دا نووسینێک تەواو بکەم و بچمە ناو بیرکردنەوە لە نووسینێکی دیكه‌مەوە، واتە: تێکەڵ بەو نووسینە بم، کە لە مێشک و هۆشیاریمدا کەسایەتی ڕاستەقینە و فۆرمی گونجاومە، به پێی سه‌لیقه‌ی نووسینه‌كه ده‌جووڵێمه‌وه، نووسین ده‌رفه‌تی دیكه‌م ده‌داتێ بۆ دووباره نووسینه‌وه و پێداچوونه‌وه. لەوانەشە هەموو ڕۆژێک باش نەنووسم ، یان له توانامه‌ندیدا ڕۆژانه نووسین باش نه‌بێ، بەڵام خۆم وێنا دەکەم. ڕەنگیشە نووسین هەموو ڕۆژێک نه‌خشی ڕه‌سه‌ن نه‌نه‌خشێنێ، زۆر جاران شیعر چه‌ندباره ده‌نووسمه‌وه. ئه‌مه‌یان هه‌ستی شیعریی و شێواز ئه‌مه‌م پێ ده‌كه‌ن. دوا نووسینه‌وه وشیاریم ڕوون ده‌كاته‌وه له‌باره‌ی زمان و ئێستێتیكا و داڕشتن و فۆرمی ڕێزمانییه‌وه.
مرۆڤ پرۆژەی دا‌هێنان و بەرهەمهێنانە. کاتیش بۆ نووسەر پرۆژەی چاکترکردنی نووسینە لە نەزانینەوە بۆ بیرکردنەوە. قەتیش کاتی خۆم بە ئانیشك له ئانیشكدان و قسەوقسەڵۆک ئاڵۆز ناکەم. کتێبی بژارده و بەهرەبەخش و دڵخواز هەن. بیریان لێ بکەمەوە و ببنە پرۆژەی بیرکردنەوەی دیم، هه‌موو ساڵێك مانگی دووازده كتێبخانه‌كه‌م بژار ده‌كه‌م، به‌شێكی به‌سه‌ر هه‌ندێك له براده‌رانم دابه‌ش ده‌كه‌م. هه‌میشه هه‌وڵم هه‌بووه هاوسه‌نگییه‌ك به‌دی بهێنم له نێوان كتیب و بیركردنه‌وه‌ی كه‌سیم.
١٨
هەندێک سات و ڕووداو وەک ئاسۆی ئاشنابوون و ئاشتی و پێشكه‌وتن و چارەنووس وان، کە تێیدا خەیاڵێکی ترسناکی دڵخوازی خۆت دەناسیت، دەبیت بە هه‌واخوازی نموونەیی ئەدەبەکەی، بۆ ماوەیەکی نادیار لەگەڵیدا دەمێنێتەوە. ئەو ڕۆژەی داهێنه‌رێك، داهێنه‌رێكی باڵای تێدا ده‌ناسم. ڕۆژێکه وەک ئاسۆی ئاشنابوون و ئاشتی و پێشكه‌وتن و چارەنووس. داهێنه‌ری باڵا، ڕازی چاوهه‌ڵهێنان و زه‌مینی خۆر له باوه‌ش و كرۆكی ڕووناكییه.
ده‌یه‌ی هه‌شتاكان. ده‌یه‌ێكی داڕووخاو و درێژخایه‌ن بوو، ئاڵۆزترین ده‌یه‌یه له مێژووی نوێی كوردی باشووردا، نه‌وه‌كه‌شی، نه‌وه‌یه‌كن دۆزینه‌وه‌یان گره‌وێكی گرانه و كۆششی زۆری ده‌وێ. له‌ناو كاره‌ساتی گیانی، هه‌ژانی ده‌روونی، هه‌راوهۆریا، ئاژاوه، شڵه‌ژان، هه‌ڵچوونی جه‌نگی درێژخایه‌نی عێراق و ئێران، شه‌ڕی خۆبه‌خۆی چیاكان، گه‌مارۆی ئابووری، دۆخی له‌رزۆكی فه‌رهه‌نگی و سیاسی گه‌وره‌بوون، به ئه‌ندازه‌یه‌كی زۆر له دۆخ و فه‌زای تاریك و لێڵی باره‌كه خۆیان تاك كرده‌وه و یاخی بوون، گۆڕانگارییه‌كی نه‌رمیان نیشان دا، به‌ڵام ژیانیان پڕ مشت‌ومڕ و ڕووداو وێنا كرد، هێزی بابه‌ت و مرۆڤ و جیهان و جه‌نگیان له واتا و فۆرمی هه‌مه‌جۆر به‌تاڵ نه‌بینی.
لە هەشتاکان لە هەولێر کەسانێکی زۆر بووین بە خوێنەری ئەدەب و مه‌شقكاری نووسین. هەر یەک لە بوارێک‌دا گەشەمان کرد، جیاوازییه‌كان سروشتین، له‌گه‌ڵ دوو کەس وه‌ك سه‌رمه‌شق، بە کارامەیی لەگەڵ كرۆكی ئەدەب ماینەوە، ڕۆژنامه و گۆڤار و كتێبمان بوون به گه‌نجینه‌ی پیشاندانی به‌هره و سرووش و بیركردنه‌وه‌مان، ئەوانیش کاروان کاکەسوور، عەبدولموتەڵیب عەبدوڵڵان.
له كوردستان پێوانه‌یه‌كی هاوبه‌ش، ئیره‌یی و ده‌روون گڕوبوون و چاوته‌نگیمان بۆ ماوه‌ته‌وه. به هیچ شێوه‌یه‌ك ناتوانین ئه‌وه قبووڵ بكه‌ین، كه‌سێك، ناو ده‌ربكا و ببێته ناوێكی گرنگ و له بواره‌كه‌یدا جیاواز بێت، جیاوازی كاكڵه‌یه‌كه هه‌موومان پێویستمان پێی هه‌یه. په‌روه‌رده‌ی كاكڵه‌یی بین.
١٩
ئێمە، کە بووین بە خوێنەری ڕۆژنامە و گۆڤارە کوردییەکان، کەمەیەکی کەمی ڕەخنەگرانمان لەناو ناسین، لەوانە: کەمال میراودەلی، ڕەوف عوسمان، کەمال غەمبار، عەبدولڕەزاق بیمار، ئازاد عەبدولواحید، عه‌بدوڵڵا تاهیر به‌رزنجی، حەمەسەعید حەسەن، زاهیر ڕۆژبیانی، ئومێد ئاشنا و کەسانی دی.
لەناو خوێنەرانی ئێمە بۆچوونێکی له‌نگ و ناهاوسه‌نگ، یان هه‌ڵه تێگه‌یشتن هەبوو. ڕەخنە پاشکۆی دەقە، یان ڕەخنە سێبەری دەقە، یان ڕەخنە دەقی دووەمە.
تاك و ته‌رای ڕه‌خنه‌گرانمان، ئەم بۆچوونە له‌نگ و ناهاوسه‌نگه‌یان هەڵوەشاندەوە. شێوازی ڕەخنەیی خۆیان ناساند، کە ڕەخنەی داهێنەرانە دەقی یەکەمە و داهێنانە، له دۆخگۆڕینیدا خوێنه‌ر په‌لكێش ده‌كاته ناو خۆی و سه‌رسامییه‌كانی دا‌هێنان.
شێوازی ڕه‌خنه‌ی داهێنه‌رانه و خۆجیاكردنه‌وه له ڕه‌خنه‌ی یه‌كئاست و ناهاوسه‌نگ ئه‌وه‌یه، له مانا و لێكدانه‌وه‌ی مانای یه‌كئاستی ده‌ق دووربكه‌ویته‌وه، ورد ببیته‌وه له هه‌ستی ده‌ق و هه‌ڵكۆڵین له ئێستێتیكای ده‌ق بكه‌یت.
شێوازی ڕه‌خنه‌یی تاك و ته‌راكانمان ئه‌وه‌یه هه‌ڵكۆڵینیان له هه‌ستی ده‌ق و ئێستێتیكای ده‌ق كردووه. هه‌ڵكۆڵین له هه‌ستی ده‌ق و ئێستێتیكای ده‌ق هه‌وڵی هێنانه گۆڕێی گفتوگۆی نێوان ده‌ق و خوێنه‌ری نموونه‌یی ده‌دا، كه مانا و فۆرم تێیدا نه‌رم ده‌بن.
٢٠
سۆفی قه‌ت له كاكڵه‌ی بێگه‌ردی ئه‌شقی خۆی ڕازی نابێ، پێی وایه ئازارناس و ئه‌شقناسه. ده‌توانێت له‌وه‌ی هه‌یه باشتر ئاشق بێ و له ئه‌شقدا ئازارناس و ئه‌شقناس بێت، به‌ڵام سنووری توانه‌وه‌ی ده‌زانێت.
ته‌نیایی وه‌ك هه‌وێن به‌كارده‌هێنێ و شوێنكار و هه‌ڵكۆڵین له ویژدانی ده‌كا. هێماكان پڕاوپر ده‌بن، ئه‌گه‌ر له ته‌نیایی هاتیته ده‌ره‌وه. له كه‌سی خۆت دێیته ده‌ره‌وه و له‌ده‌ستی ده‌ده‌یت.
پله‌ی خۆشه‌ویستی دوای پله‌ی توانه‌وه دێت. هی وا هه‌یه ده‌گاته پله‌ی پاكبوونه‌وه، زۆر به‌ره‌و ژوورتریش ده‌چێت، كرۆكی بوون ئازادی مرۆڤه. له ته‌سه‌ووفدا ئازادی ڕۆحی تا ئه‌وپه‌ڕییه. له ئه‌وپه‌ڕی و له‌پڕ هه‌موو شتێك بێده‌نگ ده‌بێت. حاڵه‌تی حاڵ له‌كاتی خۆشه‌ویستیدا به ئه‌شق ده‌گه‌یه‌نێ، نادیار حوكمی چۆنیه‌تی گه‌یاندنی له‌باره‌وه ده‌دا.
شاعیری سۆفی، شیعری تاسه‌داری شاراوه ده‌نووسێت و خۆی ده‌دۆزێته‌وه، كه خۆشی دۆزییه‌وه خودی ئه‌شقی به‌رجه‌سته كردووه، سرووشی له ئه‌شقی هه‌قیقی بووه، فه‌رهاد شاكه‌لی به كاریگه‌ری شاعیرانی سۆفی باڵا. نموونه‌ی پێویستیی شیعری سۆفیانه‌ی به شیعری هاوچه‌رخی كوردی به‌خشیوه و په‌ره‌ی پێداوه.
ئه‌و هونه‌رانه‌ی شیعری كوردی پێشكێشی كردوون، نیشانه‌بوونه و نیشانه‌ن له‌سه‌رمن، زووش زانیم چی ده‌زانم و ده‌بێ چی فێربم و گۆڕانكاری چۆن دروست ده‌بێ. قووڵبوونه‌وه له جیاوازیی سۆفییه‌تی و هونه‌ری ژیانه. جیاوازی په‌یوه‌ندییه‌كی هاوبه‌شه له نێوان سۆفیزم و سوریالیزم.
لە کۆڕی به دڵ و كوڵی بادەنۆشینی ئه‌زموونی خودی و كلتووری گیانییدا سۆفی نیم، پەیوەندییەک دروست دەبێ، په‌یوه‌ندی سه‌رسامی و هه‌ڵچوون و ماكی بیركردنه‌وه و ئه‌شق. هۆگری ڕێبازی سۆفیزم دەبم. بەدوایدا دەچم و شوێنی دەکەوم، ترپه و ئاواز و نه‌وای پاكیزه‌یی ناسینی تێدا فام ده‌كه‌م، له خۆم ڕاده‌مێنم، بۆشایی و پانتایییه‌كانی پڕده‌كه‌مه‌وه. تێدەکۆشم بگەم بە پلەی سۆفی، پله‌ی پاكبوونه‌وه. گیانم بەشەرابی نەیی و ڕه‌زی خولیا مەستە، خولیا نه ده‌ستكرده و نه به‌زۆریش ده‌بێته مه‌ستی، به‌خواستێكی به‌هێزه‌وه هه‌وڵ ده‌ده‌م هه‌ستی شیعر و خولیا وێنا بكه‌م، نامه‌وێ لێكدانه‌وه بۆ شیعر و خولیا بكه‌م. لە دەنگۆ و ته‌وس و پلاری به‌دئاكار و هه‌ناسه‌سوار و هه‌ست ڕه‌شانیش بێباکم. چێژ له هه‌موو ساته‌كانی ژیان ده‌بینم، تا ساته ناخۆشه‌كانیش. ئاشقی دڵخۆشیم و هه‌وڵ ده‌ده‌م به‌رده‌وام دڵخۆش بم و بچمه دڵخۆشییه‌كی باڵاوه، مرۆڤێك هه‌وڵی دڵخۆشی بدات. ناتوانێ به بێ هونه‌ر ژیانێكی سه‌رڕێژ و ڕێژه‌ن و سه‌ركه‌وتوو به‌ڕێوه ببا، هونه‌ر وای لێ ده‌كا به جۆرێكی شایان خۆی و ده‌وروبه‌ر و كۆمه‌ڵگا. قووڵ، زۆر قووڵ ببینێ.
ئاستێكی قووڵتری بوون به‌ناو سۆفیدا ده‌سووڕێته‌وه، هه‌وڵ ده‌دا بیگه‌یه‌نێ به ئه‌ویدی. شیعری سۆفییانه، یان په‌یوه‌ست به مه‌یلی سۆفییانه. ڕۆڵی ورووژێنه‌ر و سیاسی توند ناگێڕێ، بەپێی داوای نووسین ڕەخنەم گرتووە و ڕەخنەشم وەرگرتووە.
کردە و دۆخی نووسین بە پرسیاری ئەگەرچی دەست پێناکات. بە پرسی ئەشقی خودایی و دڵه‌ڕاوكێی ژیان، هه‌ست به ماسوولكه به‌هێزه‌كانی فۆرمی یه‌كه‌می زه‌وی و ته‌كنیكی داڕشتنی ده‌كات. مرۆڤ دەتوانێت بیبینێت، تا کوێندەری بیەوێت بڕوات. بشیەوێ لە کوێندەریدا شتێک، شتێكی سه‌رسامكه‌ر ڕوودەدا، ژیان و جیهانیش فره‌تووێ و لێوڕێژن له نهێنی، داهێنه‌ران په‌ی پێ ببه‌ن و بیدۆزنه‌وه و جوانپه‌روه‌ری و گه‌رمی ژیانیان پێ ده‌به‌خشێ، ڕای بگرن.
داهێنه‌ران توێژێكی شارستانی تایبه‌تن، كلتوور و كه‌له‌پوور و به‌هره و خولیا و بارودۆخ دایهێناون، ژیان و فه‌زای گۆڕیون و ده‌گۆڕێت، به‌ره‌و مرۆڤ دێن.
كانوونی یه‌كه‌م 2025 هه‌ولێر
