
بەشی دووەم
مامۆستا غەریب پشدەری گوتی:
- هەتا ١٣ی ٤ی ١٩٥٨ قەڵادزێ سەد و هەشتاو دوو گوندی هەبووە، بۆ هەموویان بە پێیان چووم. یەكەیەكە ژماردوومن و تۆمارم كردوون.
قەڵادزی سەنتەری ناوچەیەكی فراوانە، لە دەربەندی ڕانیەوە تا دەگاتە سنووری سەردەشت هەمووی سەر بە قەڵادزێیە.
ئەوەی قەڵادزێی كردووەتە سەنتەر، گەورەیی شارەكە نییە، هەبوونی كارگە و پیشەسازییش نییە، ئەوەی قەڵادزێی كردووەتە سەنتەر فەرهەنگی شار و تێگەیشتنی فراوان و یەكتر قبووڵكردن بووە.
قەڵادزێ وەك ناوچە و شارێكی سنووری، لەلایەن دەسەڵات و دەوڵەتەوە هەمیشە پشتگوێ خراوە. نەك هەر پشتگوێ خراوە، دژایەتییش كراوە، بەڵام ئەو فرامۆشكردنەكەی كردووەتە هەوێنی پشت بەخۆبەستن و هەستانە سەرپێ.
گوندەكانی قەڵادزێ سەرچاوەی بەرهەمهێنان و كاركردن و حورمەتیش بوون. خەڵكەكەی وەك خاوەنی شارەكە بن، هەمیشە لەبیری ئەوەدا بوون چۆن خزمەتی خەڵكی شارەكە بكەن. هەر ئەوانیش توانیبوویان كارێكی وا بكەن شار پێویستی بە دەستگیرۆیی و یارمەتیی هیچ شوێنێك نەبێ.
وەك كاكە شوانە، شوان ئەحمەد، لە كۆمێنتێكیدا بۆی نووسیوم:
{ئەی برینجی سەر چۆمی ئاڵاوێ و خەیارەكەی نوورەدین و كۆخی بیكڵۆ و ترێی بێگەڵاس و كاڵەكی خانەڵێ و شووتیی كێلەسپی و ترشی بێخرێ و تووری شێخاودەلان و هەناری دۆڵی نێسێ و گوێزێ باوزێ.}
قەڵادزێ وەك شازادەیەكی تەواو، برا بچووكەكانی خۆی، واتا گوندەكانی بۆ كار ناردبوو، كارێك كە هەموو پێویستییەكانی شازادەیان جێبەجێ دەكرد. سەرەڕای ئەو بەرهەمە كشتوكاڵییانە، سەرەڕای تێركردنی شار لە گۆشتی بەرخ و گیسكە دابەستەكانیان، سەڕای بێبەش نەكردنی شار لەو بەفرەی كە لە چاڵە بەفرەكان، لە شاخەكان دایاندەگرتن بۆ وەرزی هاوین و گەرما. سەرەڕای هەموو ئەوانە، گوندی هێرۆ، كە ناوەندی ناحیەش بوو، (بزوو) كە دەبێتە (شاڵی) سلێمانی و (كری) هەولێر، لە هەموو تەرزێك بۆ شار، واتا قەڵادزێی دەنارد. بزووی شینكی و سپی و ڕەش و سوور و مەرەز. ژنان خورییان دەڕست و جۆڵاكانی قەڵادزێ وەك كارخانەی قوماشی ئەوڕۆ دەیانكردنە (بزوو، قوماش).
- ژنان، خوری و بەرگین و موویان لەبەر جۆگەلە و چۆم و كانییەكان دەشوشتنەوە، ژنان هەڵیاندەخستن، وشكیان دەكردنەوە، جا (شە) كردن، هەر ژنان شەیان دەكردن، هەر ژنان دەیانڕستن. (تەشی) ناسراوترین ئامێرە لەو بەینەدا، هەر تەشییەك تا تۆپێك خوری دەڕست، كوڕە تا چەنگێك خوری دەڕست و دەیكردە (داو)، سەد جار، هەزار جار، ملیۆن جار بەر شلكەڕانی ژنان دەكەوت. بەداخەوە (مام) كەمال غەریبی خەیات چووە دنیای فانی و نەیزانی لە كاتی دوورینی هەر (ڕانكوچۆغەیەك) جلێكی بزوو، سەدان جار دەستی بەر شلكە ڕانی ژنانی ناسك و خوێن شیرینی گوندەكان كەوتووە. ئەگەر ئەوەی زانیبا، هەڵبەت ڕووحی تەسلیم نەدەكرد و هێشتاش هەر خەریكی ڕانكوچۆغە دروون دەبوو.
واتا گوندەكانی پشدەر، برا بچووكەكانی قەڵادزێ، چییان بۆ دەنارد؟
- هەرچی میوە و سەوزەی دنیا هەیە، گەنم و جۆ و برنج و ماش و نیسك و دەیان بەرهەمی دیكە.
- گۆزە و دیزە و كیتەڵە. هێرۆ پایتەختی پیشەسازیی پشدەر بوو.
- بەهۆی بزووەوە، ڕانكوچۆغە، جاجم و بەرماڵ و جەواڵ و ڕەشكە و گوریس و شەدا و كەژوو.
من تا ئێستا باسی گوندەكانم بۆ كردوون، جارێ قەڵادزێ ماوە، گوند شتێكی دیكەشی بەرهەم دەهێنا، كە نەدەبینرا، دەستی لێ نەدەدرا، نەدەگیرا، ئەویش زمان و فەرهەنگی زمان بوو.
زمانی پشدەرییان
- گوند، زمانی بەرهەم دەهێنا، زمان لەو شوێنە بەرهەم دێ، كە كاری تێدا دەكرێ، گوندەكان كارگەی كاركردن بوون، كارگەی جووڵە و گەمەی زمانیش بوون. زمانی هەموو گوندەكان یەك بوو، زمانی كوردیی ساغ و پاراو، لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانم بڵێم، هەر گوندەش شتێكی خۆی هەبوو لەناو زماندا، لەناو زمانەكەدا دەیناشت و وەك مۆركی خۆی جێگای دەكردەوە.
- منی (شل)ە قەڵادزەیی، گەورەترین سەغڵەتی و ناخۆشیم ئەوە بوو كە هەڵشۆییەك، لە هەڵشۆیە لە باسكێكی هاوار بكات و بیەوێ شتێكم تێگەیەنێ، منی تەپۆل لە تێگەیشتن هەرگیز لەو تۆنە خێرایەی ئەو نەدەگەیشتم، تۆنێكی خێرا و زمانێكی كورتكراوە، دەیان وشە بەسەر لێویاندا با دەیبردن و نەدەگەیشتنە من.
- لام وابێ ئینگلیزەكانی ئەو سەردەمەی ئێستا، لە هەڵشۆییەكانڕا فێر بوون لە كاتی قسەكردندا دەنگەكان هێندە كورت بكەنەوە و وشەكانی هێندە توند بخەنە پاڵ یەكدی (تێكیان ترنجێنن)، كە ڕستەیەكی تەواو بكەنە چەند دەنگێكی خێرا.
- جگە لە هەموو ئەوانە، جۆرێك لە كولتوور و فەرهەنگیش لەنێوان و گوندەكاندا لە جووڵەدا بوو، لە بەند و حیكایەت و مەتەڵ و چیرۆك، هەمووشیان بە هەوادا دەگەیشتنە ناو شاری.
ئەوە سەرچاوە و كارگە و مەكینەی داهێنانەكانی قەڵادزێ، شتی هەرە گرنگی قەڵادزێ، وەك ناوەندێكی شارستانی و مەدەنی، هەموو ئەو شتانەی چۆن وەردەگرت؟
- چۆنی بەرهەم دەهێنانەوە؟
- مامەڵەی لەگەڵ كەسەكان و كولتوورەكەیان چۆن بوو؟
- قەڵادزێ لە كۆكردنەوە و وەرگرتنەوە و دانەوەی هەموو ئەو شتانە، سەلماندوویەتی شارە، شارێك لە ڕیزی شاران، شارێك، كە دەبێتە ناوەندی بەیەكترگەیشتنی زەوق و بیر و بەرهەمی ئینسانەكان.
- ئەوە چۆن؟
- چۆن شارێك لەو بنی دنیایە، شارێك لە ناوەندی ڕەوەزە شاخ و بەردەهەسانان، لەو پەڕگەیەی دنیا، لەو لاچەپەكە چۆن توانیویەتی شارێك بێت لە ڕیزی قەزاكانی دیكە نا، بەڵكە ڕاست لە ریزی سلێمانی و هەولێر؟ ئەوەش دەبێ من پێتان بڵێم، بە زمانێك، كە هی هەڵشۆییەكان بێ، بەڵام بە تۆنی قەڵادزێ.
15/03/2023