
دوای فشارێكی زۆری خۆپیشاندەران كە زیاتر لە سێ هەفتەی خایاند، رۆدریگۆ باز سەرۆكی پۆلیفیا بەڵێنی دا كابینەكەی نوێبكاتەوە بە ئامانجی خزمەتگوزاری زیاتر.
دوای سێ هەفتە لە خۆپیشاندانی توندی پۆلیڤییەكان و تۆمەتبار كردنیان لە لایەن حكومەتەوە بە هەوڵدان بۆ "کودەتا"، ڕۆدریگۆ "باز" لە یەکەم لێدوانیدا بۆ میدیاکان، زمانێکی ئاشتەوایی بەکارهێنا و ڕۆژی چوارشەممە وتی، "پێویستمان بە دوبارە ڕێکخستنەوەی ئەنجومەنی وەزیرانە بە شێوەیەک کە توانای گوێگرتنی هەبێت"، بێ ئەوەی وردەکاری زیاتر بخاتە ڕو.
ئاماژەی بەوەشکرد کە "ئەنجومەنێکی ئابوری و کۆمەڵایەتی" دادەمەزرێنێت بۆ ئەوەی ڕێگە بە گروپەکانی دانیشتوانە ڕەسەنەکان، جوتیاران، کرێکارانی کانەکان و ئەو کرێکارانەی تر بدات کە ڕژاونەتە سەر شەقامەکان، ڕای خۆیان لەسەر سیاسەتی حکومەت دەرببڕن.
جەختی لەوەکردەوە کە "دانوستان لەگەڵ تێکدەران ناکات"، وەک ئاماژەیەک بۆ کارەکانی تاڵانکردن و سوتاندن کە تێپەربون بە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ڕۆژی دوشەممە لە "لاپاز"، لەگەڵ دوپاتکردنەوەی ئەوەی کە "دەرگای هەمیشە واڵایە بۆ ئەوانەی ڕێزی دیموکراسی دەگرن".
بۆلیڤییەکان سێ هەفتە لەمەوبەر دەستیان بە خۆپیشاندان و داخستنی ڕێگاکان کرد بۆ داواکردنی زیادکردنی موچە، دابینکردنی سوتەمەنی بە شێوەیەکی جێگیر، و گرتنەبەری ڕێوشوێن بۆ سوککردنی بارگرانی خراپترین قەیرانی ئابوری کە وڵاتەکە لە ماوەی 40 ساڵی ڕابردودا بەخۆوەی بینیبێت.
خۆپیشاندانەکان گۆڕان بۆ ڕوبەڕوبونەوەی توندوتیژانە لەگەڵ پۆلیس و داواکاری بۆ دەستلەکارکێشانەوەی "باز" سەریهەڵدا، کە تەنها شەش مانگ بەسەر وەرگرتنی پۆستەکەیدا تێپەڕیوە.
پێشتر فێرناندۆ ئارامایۆ، وەزیری دەرەوە، خۆپیشاندەرانی تۆمەتبار کرد بە هەوڵدان بۆ "تێکدانی سیستەمی دیموکراسی".
هەڵبژاردنی "باز" کە لەلایەن ئەمریکاوە پاڵپشتی دەکرێت، کۆتایی بە دو دەیە لە حوکمڕانی سۆسیالیستی هێنا کە لەلایەن ئیڤۆ مۆرالیس، جوتیاری کۆکا و لە ڕەچەڵەک ڕەسەن، دەستی پێکردبو.
