
بۆ ڕای گشتی جەماوەری گەلی كوردستان
كەس و كاری خۆڕاگری ئەنفالكراوان، 36 ساڵ لەمەوبەر ڕژێمی دیكتاتۆری بەعس، بە دڕندەترین شێوە و بە سوپایەكی گەورە، دەزگای ئەمن، موخابەرات، بەكارهێنانی تانك و تۆپ و زریپۆش و فڕۆكە ی شەڕكەرو چەكی قوڕس پەلاماری خەڵكی سیڤیلی كوردستانی دا. ئەم پرۆسە کۆمەڵکوژییەی ناونا هەڵمەتی ئەنفالی، کە تێیدا 4500 گوند و شارو شارۆچكەی خاپور كرد، دانیشتوانەكەشی راپێچی زیندانەكانی تۆبزاوە، نوگرەسەلمان، بیابانەكانی عەرعەر، ناوەڕاست و خواری عێراق كران. بەشێكی هەرە زۆرینە لە گۆڕی بە كۆمەڵدا زیندەبەچالكران. ئەوانەشی بەرێكەوت ڕزگاریان بوو لە ئۆردوگا زۆرەملێیەكانی رزگاری، و ئۆردوگای شۆڕش نیشتەجێكران کە دووچاری ژیانێكی قورس و پڕنەهانەتی و چەرمەسەری هاتن و تاكو ئێستاش كاریگەرییە دەروونییە پڕ مەترسییەكانی ئەم پەلامارە ڕەنگدانەوەی هەیە و لە دۆخێكی دەروونی ناهەموواردا دەژین و و وبە دەست نەخۆشی جەستەیی جۆراوجۆر دەناڵێنن.
بۆشەرعیەت پێدانی پرۆسەی بەدناوی ئەنفال لە بەردەم كۆمەڵگا ئیسلامییەكان و خەڵكی كوردستان بەکافر لە قەڵەم دەدەن ودەیکەنە بیانو بۆ پەلاماردانی كوردستان. ئەم پرۆسە نامرۆڤییە بەبەرچاوی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، وڵاتانی ئیسلامیەكان ئەنجامدرا. لە راگەیاندنەكانی بەعسیشدا، بێ شەرمانە بەسەركەوتن و سەركەوتنی سوپای ئێراق و ئیسلام بە سەركافراندا وێناكرد. پەلاماری پرۆسەی ئەنفال تەنها لەناوبردنی ژن و منداڵ و پیرو گەنج نەبوو، بەڵكو سوتاندنی خاكی كوردستان بوو، بە جۆرێك تاكو هەنوكەش و دوای (36) ساڵ ، كاریگەرییەكانی لەسەر بەرهەمهێنانەوەی بەرهەمە كشتوكاڵی و رەزو باخ و سەرچاوەی ئاوی كانیاوەكان و مەڕو ماڵات داناوەو بارودۆخەكە نەهاتوتە وە باری ئاسایی خۆی، بگرە نەتوانراوە بەشێوەیەكی دروست جێگەی خۆیان بگرنەوە. لەم دۆخەدا، جگە لە قەرەبووكردنەوەی كەس و كاری ئەنفالکراوان و زیانە ژینگەیی شارستانییەكاندا، پێویستە كۆی زیانەكان خەملاندنی بۆ بكرێت و لەلایەن حكومەتی عێراقەوە قەرەبووی دەست بەجێی بۆ بكرێنەوە. لەكاتێدا یادی(36) ساڵەی شاڵاوی بەدناوی ئەنفال دەكەینەوە، هێشتا بەشێكی زۆری روفاتی قوربانیانی ئەنفالكراوەكان نەگەڕێنراوەتەوە بۆ زێدی خۆیان و تەنانەت بەشێكی زۆری گۆڕی بەكۆمەڵەكان هەڵنەدراونەتەوە و فەرامۆشكراون. ئەمە لە كاتێكدایە كەس و كاریان هەمیشە لە چاوەڕوانی گەڕانەوەی روفاتی ئازیزانیاندان. بەداخەوە، بەشێكی زۆر لە كەس و كاری ئەنفالكراون بە ئومێدی گەڕانەوە روفاتی ئازیزانیان سەریان نایەوە كۆچی دواییان كردووە. لە دوای (36) ساڵ لەو شاڵاوە نەگریسە و لە سایەی رژێمی نوێ حكومەتی ئیتحادی و حكومەتی هاوبەشی، لە دوای ڕوخاندنی بەعس لە ساڵی 2003ـەوە، كەچی هێشتا حكومەتی ئیتحادی عێراق داوای لێبوردنی نەكردوە، وەكو میراتگری حكومەتی پێش خۆی و هەنگاوی ئەوتۆش نەنراوە بۆ ئەوەی كار لەسەر ئاسایكردنەوەی باری دەروونی و سەختی ژیانی كەسوكاری قوربانیانی بکەن. پڕۆسەی شاڵاوی بەدناوی ئەنفال، بەپێی دەق و بنەمای یاسایی و رێكەوتنامە نێودوڵەتییەكان، شاڵاوی ئەنفال پرۆسەیەكی (جینۆسایدە) بەپێی مادەی (2) و (3)ی رێككەوتنامەی قەدەغەكردنی جینۆساید(1948) و مادەی 23 لە رێكەوتنامەی جنێف (1949) ژمارەی (6) لەدەستوری دادگەی تاوانكاری نێودەوڵەتی (1998). بۆیە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەكان. پرۆسەی شاڵاوی ئەنفال دەچێتە چوارچێوەی چینۆساید. مافی گەلی كوردستانە بەردەوام داوای قەربووكردنەوەی ماددی و مەعنەوی خۆی بكات و كار لەسەرئەوەش بكرێت، بەتەواوی ئاسەوارەكانی ئەم هێرش و پەلامارە بسڕێتەوە.
هاوڵاتیانی خۆشەویست! گەلی خۆڕاگری كوردستان! پرۆسەی بەدناوی ئەنفال، پێمان دەڵێت، تاكو ئێستا هەرێمی كوردستان لەبەردەم مەترسییەكانی پەلاماردان و هێرشكردنە سەر قەوارەی هەرێمی كوردستانە, دوژمنانی گەلەكەمان لە هەر دەرفەتێكدا بۆیان برەخسێ پرۆسەی ئەنفال دووبارە دەكەنەوە، ئەگەرچی رژێمی دیكتاتۆری بەعس كۆتایی هاتووە ، بەڵام گۆڕانكاری ئەوتۆ بەسەر عەقلی سیاسیی نوخبەی دەسەڵاتداری عێراق نەهاتووە، ئەوەتا رۆژانە دوژمنەكانمان و بەبیانوی جۆراوجۆر لە توركیا و ئێران بەدرۆن و موشەك پەلاماری هەرێمی كوردستان دەدەن، دەسەڵاتداران لە حكومەتی عێراق لە رێگەی دادگای ئیتحادی عێراقەوە رۆژبەرۆژ بەناوی شەرعیەتی یاساوە پەلامارمان دەدەن.
جەماوەری گەلی كوردستان! ئەمڕۆ لە هەموو كات پێویستیمان بە رێكخستنەوەی نێوماڵی كوردستانی هەیە، گوتاری هاوبەشی یەكگرتوو گەڕانەوە بۆ جەماوەری شۆرشگیری كوردستان لە هەر هێرش و پەلاماردانێك دەمانپارێزێت. لە یادی 36 ساڵەی یادكردنەوەی شاڵاوی پرۆسەی ئەنفال داوا دەكەین:
1. یەكڕیزی نیشتمانی، یەك گوتاری هاوبەش بكەینە ئامرازێک بۆ رووبەروبوونەوەی ئەو هەوڵانەی بۆ لاوازكردنی قەوارەی هەرێمی كوردستان دەدرێت
2. جارێكی دیكە پێداچونەوەی بۆ ژیانی كەس و كاری قوربانییانی ئەنفال گوزەرانیان بكرێتەوە، موچەكانیان بەپێی قورسایی قوربانییەكانیان بێت، خزمەتگوزاری شایستە و ژیانێكی ئاسودە یان بۆ فەراهەم بكرێت
3. دادگایەكی تایبەت لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان دابمەزرێت بۆ بڕیاردانی دۆسیەی بەرپرسان و تاوانبارانی كەیسی شاڵاوی بەدنای ئەنفال، هەموو جاش و مستەشار و كەس و لایەنانەی بەشدار بوون بانگی ئەم دادگەیە بكرێنو بەشێوەیەكی عادیلانە و بێ لایەنانە دادگای بكرێن، لەچوارچێوی سیاسەتی عەدالەتی ئینتقالییدا كاریان لەسەر بكرێت .
4. حكومەتی عێراق پابەند بكرێت كە لێژنەیەك لە وەزارەتی کشتوكاڵی عێراق و وەزارەتی دارایی و وەزارەتی ناوخۆی عێراق، بۆخەملاندنی زیانەكانی سەرجەم ئەو ناوچانەی بەر پرۆسەی بەدناوی ئەنفال كەوتون، دواجار قەرەبووی زیان لێكەوتووان بكرێتەوە.
5. حكومەتی عێراق بەفەرمی داوای لێبوردن لە گەلی كوردستان بكات، پرۆسەكە بەجینۆساید بناسیت.
6. حكومەتی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی فەرمی لەسەر ئاستی كۆمەڵگەی نێودەڵەتی كاربكات بۆ ناساندنی پرۆسەی شاڵاوی بەدناوی ئەنفال بە جینۆساید بناسرێت.
مەكتەبی سیاسی
حزبی شیوعی كوردستان
13/4/2024