
ڕاگەیاندنی مەكتەبی سیاسی حزبی شیوعی كوردستان سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی لە باكوور و لێدوانی بەڕێز ئۆجەلان
حزبی شیوعی كوردستان بەردەوام لەگەڵ بژاردەو چارەسەری دیموكراسیو ئاشتیو عادیلانەی دۆزی ڕەوای گەلەكەمان و دابینكردنی مافە ڕەواكانیو ڕێزگرتن لە ئیرادەی ئازادانەی خەڵكی كوردستانەو، ئەمەش هۆكارێكە بۆ مسۆگەركردنی بەیەكەوەژیانو ئاسایشو گەشەپێدانی هاوبەش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
حزبمان پێی وایە تێكۆشانی چەكداری ئامانج نییە، بەڵكو شێوازێكی تێكۆشانە لە قۆناغێكی دیاریكراوەداو بنەمای سەرەكی سەركەوتن بۆ هەڵبژاردنی تێكۆشانی گونجاوی بەردەوامی جەماوەری خەڵك دەگەڕێتەوەو، هەر شێوازێكی تێكۆشانیش ئەركو بەرپرسیاریی خودی ناوەندنی بڕیاری سیاسی هەر حزبێكی دیاریكراوە لە هەر پارچەیەكی كوردستاندا.
هەڵبژاردنی ڕێگای ئاشتی پرۆسەیەكی نوێی ململانێی سیاسییە، كە پێویستی بە دانوستانی دوو قوڵیو، بوونی ناوەندی ئاسانكەری دانوستانو، ئامادەبوونی حكومەتی توركیایە بۆ دابینکردنی كەشێكی گونجاو بۆ ئاشتیو، ڕاگرتنی جموجۆڵی سەربازیو خستنەڕووی نیازپاكیو، ئەركی گشت لایەنێكی هەرێمیو نێودەوڵەتیی خەمخۆر بۆ ئاشتی، كاركردنە بۆ نەهێشتنی كۆسپو تەگەرەكان لەبەردەم كاروانی ئاشتیو چارەسەری دیموكراسیو زامنكردنی مافی گەلان.
مەكتەبی سیاسیی حزبی شیوعی كوردستان
28ی شوباتی 2025