رێگای كوردستان

بەرپرسێكی باڵای حزبی شیوعی كوردستان رایدەگەیەنێت: پێش بڕیاری دادگا یەکێتی و پارتی خۆیان پەرلەمانیان ڕیسواکرد و دەرگایان داخست. دەشڵێت" لەڕێی میلیشیاو هێزی کوتەک بەدەستەوە بۆ شکۆی پەرلەمانیان شکاند".

  کوردۆ ساڵح، ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی مەڵبەندی هەولێری حزبی شیوعی کوردستان، لە لاپەڕی فەرمی خۆی لە وتارێكدا بە ناوی (بۆ دادگا ؟!) رایگەیاندووە: پێش ئەم بڕیارەی دادگای فیدراڵی بەرپرسانی هەرێم چەندینجار بۆ هەڵبژادنەکانی هەرێمیان دواخست و  لەڕێی میلیشیاو هێزی کوتەک بەدەستەوە بۆ شکۆی پەرلەمانیان شکاند و ئیهانە و سوکایەتیان بەپەرلەمانتارکرد و بۆ ڕێگریان لەسەرۆکی پەرلەمان کرد نەک بگاتەوە پەرلەمان بەڵکو بگاتەوە شاری هەولێریش. ئەو بەرپرس باڵایەی حزبی شیوعی كوردستان ئەوەشی خستەڕوو: پێش بڕیاری دادگا، یەکێتی و پارتی خۆیان پەرلەمانیان ڕیسواکرد و دەرگایان داخست، ئەی ئێستا کێ ئیجباری کردوون پێش لەشکری داگیرکەر بکەون و کوردستان زیاتر وێران بکەن، ئەی بەیانی خەڵک لە دڵسۆزی بێت یان بەرژەوەندی شەخسی و خێڵ بێت یان وەکوو ئەمانە دڵسۆز بۆ دووژمنان پەنا بۆ دادگا بەرێت.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كردوە: دەبێ دادگا بە نابەرپرسەکانی هەرێم بڵێت: دەستتانخۆش بۆهاریکاری و پەلکێشکردنی بێگانە و پێشێلکردنی سەروەری هەرێم وعێراق ئێ خۆ لەم حاڵەتەدا دەبێ قسەیەکی هەبێ ئەو کاتە چی؟! ئەی مەحکەمەی ئەمریکا چی؟ ئەمیش هەر مەحکەمەی قیادە سەورەیە؟! ئەی مەحکەمەی پاریس چی ؟! ئەی ئەو سەدان کەیسەی دەربارەی هەڕەشەو تیرۆری ڕۆژنامەنووسان و چالاکوان و پێشێلی ئازادیەکان و شاردنەوەی دەیان و بەڵکوو سەدان ملیار دۆلار کە سۆشیال میدیا و ڕاپۆتە نێودەوڵەتییەکان تۆماری دەکەن ئەمانەش هەرشۆڤینیەت و دادگای بەغدا لە پشتیانەوەن؟.

كوردۆ ساڵح ئەوشی وتووە: دادگای ئیتیحادی کە نوێنەری پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان تێیدا ئەندامن، لەبارەی مووچەوە قسەی دڵی مووچەخۆرانیان کرد ، کە نزیکەی ساڵێکە خەڵکی هەرێم و بەشێک لە نوێنەرەکانیان لەناچاریدا ، خۆیان بەر دەرگای ئەم دادگایەیان گرتووە.

ئەو بەرپرسەی حزبی شیوعی هەر لە درێژەی وتارەكەی ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات: لەبارەی کۆتای پێکهاتەکان لە هەرێم هەموو خەڵک دەزانێ ئەوە نوێنەرایەتی یا دەنگدانێکی ساختە بوو ، ئەم نوێنەرایەتییە لەلایەن خودی پێکهاتەکانەوە رەتکرابووەوە، بۆیە دەڵێم ڕاستە دووژمنانی کوردستان کار لەسەر بچوککردنەوەی قەوارەی هەرێم دەکەن و ئەمە ڕوونەو نادیدە ناکرێ و باسی زیاترو زیاتر هەڵدەگرێ، بەڵام ئەم دەسەڵاتە لە زوڵم و ستەم و بێویژدانیدا لە زۆر ڕووەوە لە دوژمن زۆر زیاتری بەکوردو کوردستان کردووە ، خەتاباری یەکەم و سەرەکیشە کە دەستی دادگا وغەیری دادگاشی واڵا کردووە, کاتی خۆی لەدوای ئەنفالەکان و داگیرکردنی کوەیت لەلایەن بەعسەوە ، خەڵکی کوردستان بە زۆرینەی لایەنە سیاسیەکانیشەوە لە ترسی لە ناوچوونی یەکجارەکی و لە پەرچەکرداری ڕەفتاری فاشیانەی بەعس ، نەک هەر بەلێدانی ئەمریکا دڵخۆشبوون ، بەڵکو سەرۆکی ئەمریکایان بەحاجی بۆش ناو دەهێنا تەنها لە پێناوی لابردنی مۆتەکەو دۆزەخی سەدام .. ئێستاش خەڵک، تورکیا و ئیران گوند و ناوچەکانیان داگیربکات و ڕۆژانە کوشت و بڕ ئەنجام بدەن.

كوردۆ ساڵح لە كۆتایدا ئەوەشی خستۆتەرٍوو: دەسەڵات هەر خەریکی رووتانەوە وبرسیکردنی خەڵک بێت، کوردستان جۆرەها میلیشیا گێرەی تێدا بکات ، نا بەرپرسەکان ، لە ڕێی بە ناو شەریکات و کەرتی تایبەتەوە تەنگیان بە خەڵک هەڵچنیوە ، جگە لە پاشکۆکان و پاشکۆیەتی و ملکەچی، هیچ هێز و حزب و دەنگێکی ڕەسەن هیچ حیسابێکیان بۆ ناکرێ .. ئێوە بڵێن ، خەڵک چۆن دڵی بە بڕیارەکانی دادگا خۆشنابێت و وەک فریادڕەس لانیکەم بۆ قووتی ژیانیان و مووچە و ئاو و کارەباو نەوت و بەنزین و گاز پێشوازیناکەن؟ ! لەو بڕوایەدام ئەو دەنگۆیانەی لەسۆشیال میدیا باس لە کەیس گەلێکیترو دادگاکانیتر دەکەن زیاتر خەڵک دڵخۆش دەکەن