بەیاننامەی حزبی شیوعی كوردستان بە بۆنەی یەكی ئایار

یەكڕیزی چەپ ‌و بەردەوامبوونی تێكۆشان ڕێگای داكۆكیكردنە لە بەرژەوەندیی چینی كرێكار

كرێكارانی كوردستان!

جەماوەری بەرفراوانی ڕەنجدەرانی بیر‌ و بازوو!

لە یەكی ئایاری ئەمساڵدا، كە دەكەوێتە نێو چارەكەی یەكەمی سەدەی بیستویەكەم، تابلۆیەكی ئاڵۆز ‌و مەترسیدار ‌و سەخت دووچاری چینی كرێكار‌ و زەحمەتكێشانی جیهان دەبێتەوە ‌و چینی كرێكار ‌و جەماوەری بەرفراوانی زەحمەتكێشانی كوردستانیش لە كارتێكردنی ڕاستەوخۆی ئەم ڕەوشە ئاڵۆز ‌و سەختە بەدەرنییە. ڕەوشێك كە بەهۆی كەڵەكەبوونی سامان ‌و داهات لای كەمینە‌ و بەتایبەتكردنی كەرتەكانی تەندروستی‌ و كەمكردنەوەی خەرجی گشتی بۆ بواری خزمەتگوزاری ‌و بیمەی كۆمەڵایەتی، بێكاری ‌و هەژاری ‌و نامۆبوون ‌و دیاردەی پەراوێزخستنی لای كرێكاران‌ و ڕەنجدەران ‌و لە ناوەندی سەرجەم كۆمەڵگەدا دروستكردووە. ڕەوشێك كە بەمەبەستی بەردەوامبوونی قازانج‌ و هەژموونی سەرمایە بەشێوەیكی بەرفراوان، بارگرژی ‌و جەنگ ‌و ناسەقامگیری سەرانسەری ‌و تێكدانی ژینگە ‌و شەڕی بازرگانی ‌و كۆنتڕۆڵكردنی بازاڕ و فراوانكردنی ئاراستەی بەتایبەتكردن‌ و قۆرخكردنی چالاكی ئابووری دروستكردووە.

 لەم هەلومەرجەدا دەسەڵاتی چەوسێنەران ‌و هێزی سەرمایە لە ناوەندەكانی سەرمایەداریدا بە هەموو جۆرێك سوود لە دەستكەوتەكانی بواری زانیاری ‌و پەرەسەندنی هۆكارەكانی پەیوەندییەكان ‌و دیاردەی زیرەكی دەستكرد، بۆ بەردەوامبوونی دەسەڵاتی ڕەها بەسەر ئایندەی مرۆڤایەتی وەردەگرن‌ و ڕەنگدانەوەی ئەم ئاراستەیەش لە بواری سیاسیدا بەشێوازی پۆپۆلیستی ڕاستڕەوانە‌ و دیاردەی فاشیزمی نوێ ‌و گوتاری توندوتیژی دەردەكەوێت، كە تێكرای ئەمانە سیاسەتی لیبڕالیستە نوێكانە ‌و لەلایەن دەسەڵاتی سەرمایەداری وابەست لە سەرجەم دەوڵەتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پەیڕەو دەكرێت.  

شیكردنەوەی وردەكارییەكانی ئەم تابلۆ ئاڵۆزە لە سەدەی بیستویەكەم ‌و لەسەردەمێكدا گۆڕانكاری لەسەر پەیوەندییەكانی بەرهەمهێنان دروستبووە، قەیرانی سەرمایەداری هێناوەكایەوە‌ و مرۆڤایەتی خستۆتە بەردەم وەرچەرخانێكی مەترسیدار ‌و دووڕیانێك، كە پرسیارێكی مێژوویی دەخاتە بەردەم لایەنەكانی چەپ‌ و پێشكەوتنخواز ‌و هێزی گۆڕانكاری كۆمەڵایەتی. پرسیاری قایلبوون بەم ڕەوشە‌ و ملكەچكردن بەرامبەر شاڵاوی سەرمایە ‌و چاوچنۆكی ‌و بەرژەوەندی تایبەت ‌و بەردەوامبوونی چەوساندنەوە‌ و سەرجەم شێوازەكانی شەڕی بەرژەوەندییەكان ‌و ژیان بەسەربردن لە سایەی قەیرانی سەرمایەداریدا، كە لێكەوتەكانی ژیانی مرۆڤایەتی تێكداوە، یان بەرەنگاربوونەوە‌ و ڕەتكردنی چەوساندنەوە ‌و تێكۆشان بۆ  ژیانێكی پڕ كەرامەت بۆ چینی كرێكار ‌و تەواوی زەحمەتكێشان ‌و گەلانی ستەمدیدە، لەوانەش گەلی كوردستان لە هەر چوار پارچەی نیشتمانەكەی، كە گەشەپێدانی بەردەوام ‌و ئاشتی ‌و دیموكراسی‌ و عەدالەتی كۆمەڵایەتی‌ و یەكسانی ‌و نەهێشتنی جیاكاری‌ و گەیشتن بە مافی بڕیاردانی چارەنووس‌ و دابینكردنی مافی مرۆڤ‌ و پاراستنی مافی ژنان ‌و سەرجەم ئازادیی هاووڵاتی تیادا مسۆگەربێت.

ئێمەی حزبی شیوعی كوردستان ‌و سەرجەم لایەن ‌و كەسایەتی چەپ لەم دووڕیانەدا، كە ڕەنگدانەوەی قەیرانی سەرمایەدارییە، دووەمین ڕێگامان هەڵبژاردووە. ڕێگای بەردەوامبوون لەسەر تێكۆشانی چینایەتی ‌و نیشتمانی كوردستانی، كە لەیەكتر جیاناكرێتەوە. بژاردەی مێژوویی ئێمە سوشیالیستییە‌ و ڕێگای بەرەنگاربوونەوە ‌و قایلنەبوونە بە گشت شێوازەكانی چەوساندنەوە.

ئێمە بەوپەڕی قەناعەت‌ و بێ چەند‌وچوون پێمانوایە تاكە بژادەی مێژوویی لە بەردەم مرۆڤایەتیدا سۆشیالیستییە ‌و ئەمەش ناوەرۆكی پەیامی مێژووی چینی كرێكارە بۆ ڕزگاركردنی مرۆڤایەتی و نەهێشتنی هەموو شێوازەكانی چەوساندنەوە ‌و ڕاگرتنی سیاسەتە تێكدەرەكانی سەرمایەداری.

جەماوەری كرێكاران‌ و تەواوی ڕەنجدەران!

لە یەكی ئایاری ئەمساڵدا ڕۆژی جیهانی تێكۆشانی كرێكارانی جیهان، حزبی شیوعی كوردستان هەروەكو چۆن پێشتر پێشەنگی خەبات لە پێناوی نان، كار، ئازادی بووە، جارێكی دیكە لەم بۆنە نێونەتەوەییە بەڵین بە چینی كرێكار‌ و ڕەنجدەرانی بیروبازوو، و خەڵكی زەحمەتكێشی كوردستان دەداتەوە، كە هێز ‌و توانای خۆی بەهەماهەنگی لایەن ‌و كەسایەتی چەپ ‌و تێكۆشەرانی بواری سەندیكا كرێكارییەكان، ئاراستەی خەباتی بەردەوام بكات لە پێناوی بزاڤێكی كۆمەڵایەتی پێشكەوتنخوازانە بەمەبەستی تێكۆشان ‌و فشارخستنە سەر دەسەڵات بۆ  ئەنجامدانی ئەم خاڵانەی خوارەوە:

1ـ گۆڕانكاری لە سیاسەتی ئابووری پەیڕەوكراو و ڕاگرتنی هەنگاوەكانی بەتایبەتكردن بەتایبەتی لە كەرتی تەندروستی ‌و خوێندن.

2ـ دابینكردنی هەلی كار‌ و بڕیاردانی یاسای كار ‌و خانەنشینی ‌و بیمەی كۆمەڵایەتی ‌و ڕێكخستنی كاری كرێكارانی بیانی.

3ـ دانانی یاسای بیمەی تەندروستی.

4ـ بەدەستهێنانی مافی ئازادی و فرەیی كاری سەندیكایی لە چوارچێوەی رێكەوتننامە نێودەوڵەتییەكاندا.

5ـ دانانی سیستمێكی نوێی كرێ، كە لەگەڵ زیادبوونی نرخی بازاڕ ‌و باری گوزەرانی ژیان بگونجێت.

6ـ دابینكردنی مووچەی مانگانەی فەرمانبەران لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا ‌و كاركردن بۆ گەڕاندنەوەی پاشەكەوتی مووچەی ساڵانی ڕابووردوو.

جەماوەری كۆڵندەر ‌و تێكۆشەر!

ئەمڕۆ لە هەموو ڕۆژێك زیاتر باوەڕمان بە هێزی لەبننەهاتووی جەماوەر هەیە‌ و بە گەشبینییەكی شۆڕشگێرییەوە دەڕوانینە دواڕۆژ، كە لە ڕێگای بەردەوامبوونی تێكۆشان دێتەدی.

بژی چینی كرێكار بەرهەمهێنەری ڕاستەقینەی داهات.

بژی سۆشیالزم ڕێگای گەیشتن بە نەهێشتنی چەوساندنەوە ‌و دابینكردنی یەكسانی.

حزبی شیوعی كوردستان

كۆتایی نیسانی 2025