ڕاپۆرت: محەمەد چاوشین
لەمیانی کۆڕێکی جەماوەریدا لەشاری قەڵادزێ، سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی کوردستان دوا پێشھات و ڕووداوەکانی کوردستان، عێراق و ناوچەکە و جیھانی شی کردەوە و لەو نێوەشدا تێڕوانین و ھەڵویستی حزبی شیوعی لەھەمبەر ئەو ڕووداوانە خستەڕوو.
ڕۆژی ٥ی ئایاری ٢٠٢٤، کۆمیتەی قەزای پشدەری حزبی شیوعی کوردستان، ئێوارە کۆڕێکی سیاسی بۆ ھاوڕێ"د.کاوە مەحموود" سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی کوردستان، لەژێر ناونیشانی"ڕەوشی سیاسی کوردستان، عێراق، ناوچەکە و جیھان، ھەڵوێست و تێڕوانینی حزبی شیوعی کوردستان لەو نێوەدا"، ڕێکخست کە تیایدا جەماوەرێکی زۆری سنووری دەڤەری ڕاپەڕین لە چین و توێژە جیاوازەکان ئامادەی بوون.
لەسەرەتای باسەکەیدا، د.کاوە مەحموود لەھەمبەر ڕەوشی سیاسی و ئابووری ھەرێمی کوردستان ھەڵوەستەی کرد و ڕایگەیاند، سەرمایە لە وڵاتی کوردستاندا ڕاستەوخۆ وابەستەیە بە سەرمایەداریی جیھانییەوە. ئەوەش وایکردووە کە سەروەت و سەمانێکی زۆر لەلای تاقمێکی کەمی وابەستە بەدەسەڵات بمێنێتەوە کە بەزمانی سیاسی پێی دەگوترێ"ئۆلیگارشی". لەبەرامبەریشدا چین و توێژێکی بەرفراوانی کۆمەڵگا بەرەو ھەژاری ھەنگاو بنێت.ئەم حاڵەتەش وایکردووە کە مەترسی لەسەر چینی مام ناوەند درووست بێت. خەریکە لەو نێوەدا چینی مام ناوەندی لەناو بچێت.
ناوبراو گوتی، ئەگەر بخوازین گەشەپێدان لە کۆمەڵگای کوردستانیدا پەرەپێبدەین، دەبێ گەشەپێدانێکی ھەمەلایەنەی ئابووری، کۆمەڵایەتی، پەروەردەیی، تەندرووستی و چەندین لایەنی تر بگرێتەوە بۆئەوەی بارودۆخی ژیان و گوزەرانی خەڵک و بەتایبەتیش زەحمەتکێشانی بیروبازوو باش بکرێت.
سەبارەت بەدۆخی سیاسی ھەرێم زیاتر دوا و ڕایگەیاند کە ڕووداوەکان لەئێستا زۆر خێرا ڕوودەدەن، بارودۆخەکەیش جۆرێک لە پرسیاری لای چین و توێژەکانی کۆمەڵگا درووست کردووە کە ئەم بارودۆخەی ئێستا بەرەو کوێ ھەنگاو دەنێت؟. کاتێک مووچە وەردەگرێت، پرسیاری ئەوەیە، ئایا بۆ مانگەکانی تر مووچەکەی بەردەوام دەبێت یان چی؟. چونکە ئەمە ڕاسەوخۆ پەیوەنديی بە ژیان و گوزەرانیانەوە ھەیە. ھەروەھا گوتی"جگە لە لایەنە ئابوورییەکە، ھاوکات لە دۆخی سیاسیشدا دڵەڕاوکێیەکی قووڵ باڵی بەسەر جەماوەری کوردستاندا کێشاوە، ئەویش ئەوەیە کە ئەم دۆخە سیاسییە بەرەو کوێ دەڕوات و چارەنووسی گەل و نیشتیمانەکەی بەکوێ دەگات!".
سەبارەت بە چاوگەکانی ئەو دڵەڕاوکێیەی جەماوەری کوردستان، سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی کوردستان گوتی"کاتێک دەبینێت لەئاستی ناوخۆیی و دەرەکیدا دەستوەردانی ھەمەلایەنە ھەیە، تورکیا و ئێران سنووری زەمینی و ئاسمانی ھەرێم دەبەزێنن، بێ ھیچ بەربەستێک و بە ئارەزووی خۆیان چیان بووێت وابکەن، یان دامەزراوەکانی یاسادانان و جێبەجێکردن لەھەرێمی کوردستان پەکیان کەوتووە، یان وەختێک خەڵکەکە ھەست ناکەن شتێک ھەبێت ناوی حکوومەت بێت، یان ئەو عەقڵیەتە دوو زۆنییەی کە ئێستا بەشێوەیەکی ترسناک لەھەرێمی کوردستاندا ڕەنگی داوەتەوە، یان پرسیاری ئەوەی ئایا ھەڵبژاردن دەکرێ یان ناکرێت، لەھەردوو حاڵەتی نەکردن و کردندا ئاکامەکەی چۆن دەبێت؟ ئەمانە کۆمەڵێک پرسیاری بێ وەڵامن کە لەبەردەم جەماوەری کوردستاندا قوت بوونەتەوە!".
د.کاوە مەحموود لەدرێژەی قسەکانی خۆیدا گوتی"ھەروەکوو زۆر جاری تریش لەبۆنەی جیاوازدا ئاماژەمان بۆی کردووە، ئەو ڕەوشە ناوخۆییەی ئێستای کوردستان، دابڕاو نییە لە ڕووداوەکانی دیکەی دنیا وەکوو شەڕی ڕووسیا و ناتۆ لە ئۆکراین یان شەڕی غەززە. ھەموو ڕووداوەکانی کارتێکەرییان لەسەر ڕەوشی ناوخۆی کوردستان و جیھانیش ھەیە، چونکە کوردستان دوورگەیەکی دابڕاو نییە لەباقی شوێنەکانی دیکەی جیھان".
ناوبراو لەدرێژەی قسەکانی خۆیدا وێڕای ئاماژە بەو دابەش بوونەی ئێستای دوو زۆنی ھەرێم کە "دێگەڵە"بووەتە سنوور، ڕاشی گەیاند، ئەمە دابەش بوونێک نییە لەئێستادا ھاتبێتە کایەوە، بەڵکوو مێژوویەکی نزیکەی سی ساڵی ھەیە!.
ھەر لەسەر عەقڵیەتی دوو زۆنی زیاتر قسەی کرد و ڕایگەیاند"ئێمە لەسەدەی ڕابردووەوە باسی چەمکی"بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتیمانی گەلی کوردستان"دەکەین. ئەم بزووتنەوەیە بەنسبەت ئێمەی شیوعییەکانەوە تاھەنووکەش ئەرکی زۆر گەورەی ھەیە. بەڵام ئەو پرسیارەش دەبێ ڕووبەڕووی ئەو حزبانە بکرێتەوە کە بەردەوام بە عەقڵیەتی دوو زۆنی مامەڵە دەکەن و ھەموو بەرژەوەندییە باڵاکانی ئەو بزووتنەوە ڕزگاریخوازییە نیشتیمانییە لە بازنەیەکی بەرتەسکی حزبیدا کورت کردۆتەوە و ململانێکەشیان ململانێ نییە بۆ بەرژەوەندیی گەلی کوردستان، بەڵکوو بۆ بەرژەوەندی حزبییە!.
ھەروەھا گوتیشی"ئەمە مەترسییەکە ڕەنگدانەوەی لەبواری کۆمەڵایەتیشدا ھەیە. وادەکات خەڵکەکە بە عەقڵیەتی "ڕەتکردنەوەی بەرامبەر" و باوەڕنەبوون بە فرەیی و بۆچوونی سیاسی جیاواز ئامادە و پەروەردە دەکات. ئەوەش وادەکات بەربەست و لەمپەرێکی گەورە لەبەردەم ناسنامە و شوناسێکی کوردستانیی یەکگرتوودا درووست بێت. جگە لەوەی شوناسێکی یەکگرتووی کوردستانیی درووست نابێت، ھاوکات عەقڵیەتی خێڵەکی و بنەماڵەیی و بەرژەوەندی بەرتەسکی حزبی جێگای دەگرنەوە".
جەختیشی کردەوە"عەقڵیەتی دوو زۆنی لەھەرێم ڕەنگدانەوەی خراپی لەسەر کۆی بڕیارەکانی کوردستان ھەیە. تائێستا بە عەقڵیەتی ئەم بەر و ئەوبەری "دێگەڵە"مامەڵە لەگەڵ بڕیارە چارەنووسسازەکاندا دەکرێت. لایەنی بالاِدەست لەم دوو زۆنە دەتوانن بڕیار بدەن ھەڵبژاردن بکرێت یان نەکرێت!. ئەوەش کێشە گەورەکەیە".
"پرسیارەکە ئەوەیە، ململانێ ناوخۆییەکانی ھەرێم ئایا دەبێ ململانێ بێت بۆ ملشکاندنی یەکتر یاخود ململانێ بێت لەگەڵ نەیارانی گەلی کوردستان بۆ پاراستن و دەستەبەرکردنی مافەکانی گەلی کوردستان؟. بێگوومان وەڵامەکەی ڕوونە کە دەبێ وزە و تواناکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی نەیاران و دووژمنانی گەلی کوردستان بێت". "د.کاوە مەحموود"وایگووت.
لەدوای ھەرەسی یەکێتی سۆڤیەتەوە، لە ناوچەکە و جیھانیش چەندین جەمسەری نوێ ھاتوونەتە کایەوە. ئێران و تورکیا دوو جەمسەری نوێ و کاریگەرن لەناوچەکەدا. ئێران لە عێراق و سوریا و لوبنان و یەمەن و فەڵەستیندا باڵادەستی ھەیە. تورکیاش بەھەمان شێوە لە عێراق و سوریا و لیبیا و ئازەربایجان و زۆر شوێنی تردا کاریگەری ھەیە. پرسیارەکە ئەوەیە کە ئاخۆ حزبە کوردستانییەکان لەو نێوەدا چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو ڕەوشەدا دەکەن؟. ئایا بە عەقڵیەتی دوو زۆنی و بەرژەوەندی بەرتەسکی حزبییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم جەمسەرانەدا دەکەن، یاخوود سیاسەتێکی دەرەکی یەکگرتووی نیشتیمانيی کە بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کوردستانی تێدا پارێزراو بێت مامەڵەدەکەن؟. بەداخەوە، ئەوەی ئێستا دەیبینین، ئەم مامەڵەکردنە مامەڵەیەک نییە لەڕوانگەی بەرژەوەندی و بەھا نیشتیمانییەکان بێت، مامەڵەیەکی بەرتەسکی حزبییە!."ئەوانە بەشێکی تربوون لەو قسانەی کە د.کاوە مەحموود لەو کۆڕە سیاسییەدا ئاماژەی پێدان".
لەلایەکی ترەوە ناوبراو ڕایگەیاند، ئێمە پشتگیری ھەموو داوا ڕەواکانی جەماوەری کوردستان دەکەین و بەتایبەت ئەو بەشانەی پەیوەنديی بە ژیان و گوزەران و دابینکردنی ژیانێکی پڕ کەرامەت بۆیان و ھەروەھا باشکردنی ڕەوشی ئابوورییەوە ھەیە. ئەوەش پەیوەنديی بە سیاسەتی ئابووریی لە ھەرێمی کوردستانەوە ھەیە کە لەئێستادا بەداخەوە ئەم سیاسەتە زۆرینەیەکی زۆر لە جەماوەر برسی و تاقمێکی بچووکیش دەوڵەمەندتر دەکات!. ئەوەش دەرھاویشتەی ئەو ھەنگاوانەیە کە ھەموو کەرتەکان بەرەو کەرتی تایبەت دەبات.
د.کاوە مەحموود ئەوەشی ڕوون کردەوە"چاکسازیی ئابووریی پێویستی بە گۆڕانکاری سەرەکی لە سیاسەتی ئابووریی ھەیە لەڕێگای ڕاگرتنی ھەنگاوەکانی بەتایبەتیکردنی ڕەھا کە لەئێستادا پەیڕەو دەکرێت. کەرتی تەندرووستی، پەروەردە و بوارەکانی دیکەی خزمەتگوزاریی گشتی بەرەو کەرتی تایبەت دەچن. ئەوانەش ھەمووی لەژێر کاریگەری سیاسەتی نیولیبڕالیزمدا بەڕێوەدەچن کە ھیچیان ناچنە خانەی بەرژەوەندییەکانی جەماوەری زەحمەتکێشی کوردستانەوە".
ھەروەھا گوتی"بابەتە سیاسی و ئابوورییەکان پەیوەندییەکی تەواویان پێکەوە ھەیە و ناتوانین لێکیان جیا بکەینەوە. کە باسی گەندەڵی ئابووری دەکەین پێویستیمان بەھەڵوێستی سیاسی و یاسای کاریگەر و ھەروەھا بڕیاری سیاسی گونجاو دەبێت بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی گەندەڵی ببینەوە. ئەوانە ھەمووی پێویستی بە پێداچوونەوە ھەیە. پێداچوونەوە بە بنەماکانی حوکمڕانی لە ھەرێمی کوردستان. لەسەرەتای ڕاپەڕینەوە تا ھەنووکە دەسەڵاتی سیاسی لە ھەرێم ئامادە نەبووە پێداچوونەوەیەک بەخۆی و بە بنەماکانی حوکمڕانیدا بکات".
لەتەوەرێکی تری قسەکانیدا، ھاوڕێ سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی کوردستان لەھەمبەر دۆخی سیاسی عێراق ھەڵوەستەی کرد و ڕایگەیاند، کورد کاتێک لە ٢٠٠٣ و لەدوای ڕووخانی ڕێژیمی سەدام حوسێنەوە بەشداری لە پڕۆسەی سیاسی عێراق و بونیاد نانەوەی ئەو وڵاتەدا کرد، بە ئامانجی کاری ھاوبەش و پێکەوەیی و پەرەپێدانی دێموکراسی و ھاوبەشی لە بەڕێوەبردنی دەوڵەت و بابەتی فیدڕاڵی چووە ناو پڕۆسەکەوە. ئەوەش لەکاتێکدایە کە ئەو پڕۆسە سیاسییەی ئێستای عێراق، ھەمان ئەو پڕۆسە سیاسییە نییە کە لە ٢٠٠٣ دەستی پێکرد. ئێستا بارودۆخێکی نوێ و عەقڵیەتێکی نوێ ھاتۆتە پێشەوە، پاشگەزبوونەوە ھەیە لە فیدراڵیەت و جێبەجێکردنی دەستوور.
سەبارەت بە بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی عێراقیش ڕایگەیاند کە ململانێی دوو حزبی دەسەڵات زەمینە خۆشکەر بوو بۆئەوەی دادگای فیدڕاڵی ئەو یاسایانە دژ بە ھەرێمی کوردستان دەربکات. تووشی ھەڵە دەبین ئەگەر پێمان وابێت بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی دژی فڵانە لایەنە و بۆ بەرژەوەندی فڵان لایەنی سیاسییە لە کوردستاندا!.بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی دژی ھەموو کوردستان و ئەزموونەکەیەتی نەک ھەر لایەنێکی سیاسی دیاریکراو. پێویست بوو دوو حزبی دەسەڵات پابەندبووبان بە بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنەکانی کوردستان لەکات و وادەی خۆیاندا. بەمەش ڕێگردەبوون لەوەی دادگای فیدراڵی بڕیاری لەم چەشنە دژ بە ھەرێم کوردستان دەربکات!. لەئێستاشدا ئەگەرێکی بەھێز ھەیە کە ھەڵبژاردنی پەڕلەمانی کوردستان لەو وادەیەدا بەڕێوەنەچێت کە ١٠ی حوزەیرانە!".
لەلایەکی ترەوە، سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی ئاماژەی بەوەدا کە تورکیا و ئێران و لەولاتریشەوە عەقڵیەتی ئێستای عێراق بە نەیاری گەلی کوردستان دەزانن و ناچنە بەرەی ھیچ یەک لەم جەمسەرانەوە. لەناوخۆی کوردستانیشدا دژی دوو زۆنی و دابەشکردنی جوگرافیای کوردستانن و ناچنە بەرەی ئەم عەقڵیەتە دوو زۆنییەوە!.
ناوبراو وێڕای دەستنیشانکردنی مەترسییەکان، ھاوکات ئەوەشی خستەڕوو کە بارودۆخی ئێستای کوردستان پێویستی بە لێک نزیکبوونەوە و کاری پێکەوەیی و ھاوبەش ھەیە لە بەڕێوەبردن و بڕیارەکاندا بەداخەوە کە نییە!. لایەنە کوردستانییەکان کاتێک دەچن بۆ بەغدا داوا لە لایەنە عێراقییەکان دەکەن بۆ بەڕێوەبردنی عێراق پێویستە ھاوبەش و ھەماھەنگ بن، بەڵام لەناوخۆی کوردستاندا ئەوان ھاوبەش و ھەماھەنگ نین!. پرسیارەکە ئەوەیە، کاتێک لەناوخۆدا ھاوبەش و ھەماھەنگ نەبن، چۆن دەتوانن بەرگەی ئەو گوشارانە بگرن کە عێراق، تورکیا و ئێران دژ بە ھەرێمی کوردستان بەکاریان دێنێت؟.
"لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، ئەگەر خۆیان بە خەمخۆری چارەسەری ئەم ڕەوشە ناھەموارەی ئێستای کوردستان دەزانن، دەبێ ئامادەیی دیالۆگ و لێک نزیک بوونەوەیان ھەبێت لەگەڵ یەکتر.کوردستان پێویستی بەو دابەش بوونە نییە، بەڵکوو پێویستی بە عەقڵیەتی کاری ھاوبەش و پێکەوەیی ھەیە. پێویستی بەوە ھەیە بۆشایی و مەودای نێوان دەسەڵات و خەڵک نەھێڵێت". د.کاوە مەحموود"وایگوت.
ناوبراو ھۆشداری ئەوەشی دا، ئەگەر ھێز و لایەنە سیاسییەکان بەوپەڕی ھەستکردن بە بەرپرسیارێتی بەرزی نیشتیمانییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم ڕەوشەدا نەکەن، کوردستان و ئەزموونی ھەرێمی کوردستان زەرەر دەکات نەک تەنھا لایەنێکی سیاسی!.
لەبەشێکی تری قسەکانی خۆیدا گوتی، دەبێ دان بەوەدا بنێین، لەئێستادا ھەرێمی کوردستان لە پێگەیەکی بەھێزدا مامەڵە لەگەڵ دەور و پشتی خۆیدا ناکات. ھەرێمی کوردستان لەبواری سیاسیدا لە پێگەیەکی لاوازی سیاسیدایە. لایەنە پێکھێنەرەکانی حکوومەتی ھەرێم دەبێ دان بەو ڕاستییەدا بنێن. ئەوە لەونێوەدا کەمێک ھاوسەنگی درووستکردووە و لەبەرژەوەندی کوردستانیشە، ئەوەیە کە نەیارەکانیشمان لاوازن، ئەگینا دەمێک بوو ئێمەیان خواردبوو!. ئێمە بەو لاوازییەوە ناتوانین بچینە ناو گەمە سیاسییەکانەوە و ناشتوانین مافەکانی گەلی کوردستان بەو پێگە لاوازەوە دەستەبەر بکەین!.
ھەر لەدرێژەی ھەمان ئەو قسانەدا، د.کاوە مەحموود بەوردی کۆمەڵێک خاڵی گرنگی خستەڕوو کە دەتوانرێ پێگەی سیاسی ھەرێمی کوردستانی پێ بەھێز بکرێت. لەوبارەیەشەوە گوتی"باشترین بژاردە گەڕانەوەیە بۆ ڕای خەڵک و کاری ھاوبەش و پێکەوەیی. مەبەست لە کاری ھاوبەش و پێکەوەیی ئەوە نییە پۆست و دەسەڵاتەکان بەسەرخۆماندا دابەش بکەین!. مەبەست لەوەیە خەڵک بەشێوەی کرداریی بەشداربێت لە بەڕێوەبردندا، بنەماکانی دێموکراسی بچەسپێندرێن، مەوداکانی ئازادیی بیروڕا فراوانتر بکرێن و مافەکانی مرۆڤ پارێزراوبن، سیاسەتی ئابووری و ئیدارەدانی حکوومەت پێداچوونەوەی ڕاستگۆیانەی بۆبکرێت، ئاوڕ لەژیان و گوزەرانی خەڵک بدرێتەوە و ژیانێکی شایستە و پڕلە کەرامەتیان بۆ دابین بکرێت. ئەوانەیە کە پێگەی ھەرێمی کوردستان لەھەموو ڕوویەکەوە بەھێز دەکەن و ئێمەیش لە حزبی شیوعی کوردستان بەردەوام جەختمان لەسەر کردۆتەوە و جەختیشی لەسەر دەکەینەوە".
سەبارەت بە پێگەی عێراق لەھەمان تەوەردا ڕایگەیاند، عێراقیش لەوپەڕی لاوازیدایە. ھیچ جۆرە گەشەپێدانێک لەھیچ بوارێکدا نییە. تەنھا مووچە دابەش دەکرێت. ڕێژەی بێکاری و ھەژاریی بەردەوام لەبەرز بوونەوە دایە. ھەژاریی تەنھا پەیوەندی بە نەبوونی پارە و مووچەوە نییە، بەڵکوو پەیوەندی بە بابەتەکانی پەروەردە و تەندرووستی و خزمەتگوزارییەکانی دیکەوە ھەیە کە ھاوڵاتیانی عێراق لێی بێبەشن، ئەوەش دەنگی ناڕەزایی لەناو ھاووڵاتیاندا بەرز کردۆتەوە. ھەموو ئەوانەش نیشانەی ئەوەیە عێراق لەپێگەیەکی لاواز دایە. نیشانەی ئەوەیە کە لەعێراقدا بڕیار بەدەست عێراقییەکانەوە نییە. لەئێستای عێراقدا"دەوڵەتی قووڵ"حوکم دەکات.
ناوبراو ئەو بابەتەی زیاتر ڕوون کردەوە و نموونەیەکیشی خستەڕوو"کاتێک سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیار لەسەر ناردنی مووچەی ھەرێم دەدات، بەڵام لەولاترەوە وەزیری دارایی بڕیارەکە ڕادەگرێت. یان وەزیری دارایی بڕیارەکەی دەدا کەچی بەڕێوەبەرێک یان بانکێک بڕیارەکە ڕادەگرێت. ئەوە نیشانەی ئەوەیە کە دەوڵەتێکی شاراوە" deep state"لەعێراقدا ھەیە و سەرەداوی ھەموو بڕیارەکان بەدەستی ئەون.
لەکۆتایی قسەکانیشدا، جارێکی تر گەڕایەوە سەر دۆخی ژیانی حزبایەتی لەکوردستان و ڕایگەیاند، ژیانی سیاسی حزبایەتی لە کوردستان لەقەیران دایە. دەبێ لەڕێگای دیالۆگی نیشتیمانییەوە پێداچوونەوەیەک بەو بوارانەدا بکەین. دەبێ دەسەڵات لەسیاسەتی پەراوێزکردنی خەڵک دوو بکەوێتەوە و خەڵک بێنێتە ناو سەنتەری بڕیارە گرنگەکان. گوێ لە مامۆستایانی زانکۆ، ڕۆشنبیران، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و خەڵکی خەمخۆر بگرێت". ھەروەھا جەختیشی کردەوە"حکوومەت و حزبەکانی دەسەڵات، لەو ڕێگەیەوە دەتوانن ڕەوایەتی بۆخۆیان و بۆ دامەزراوەکانی حکوومەتیش بگەڕێننەوە. بەمەش دەتوانرێ پێگەی ھەرێمی کوردستان بەھێز بکرێت".
دوابەدوای تەواوبوونی قسەکانی سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی، بەشێکی زۆری ئامادەبووان پرسیار و سەرنجی وردیان خستەڕوو کە لەلایەن د.کاوە مەحموودەوە وەڵام درانەوە.
لەوەڵامی یەکێک لەو پرسیارانەدا کە سەبارەت بە دۆخی بزووتنەوەی چەپ لە کوردستان و لە جیھاندا بوو، د.کاوە گوتی"چەپ لەئاستی نێودەوڵەتیدا ھاوڕا و یەکگرتوو نییە. چەپ و شیوعییەکان لەسەر زۆر بابەتی ھەستیاری نێودەوڵەتی بەسەر چەندین بەرەدا دابەش بوون. بۆنموونە سەبارەت بە شەڕی ڕووسیا و ناتۆ لە ئۆکراین حزبی شیوعی ھەیە بەرگری لە ڕووسیا و ھەشە بەرگری بە ئۆکراین دەکات. ھەشیانە دژی شەڕە بەشێوەی گشتی و پێیان وایە شەڕ دەچێتە خانەی بەرژەوەندییەکانی سەرمایەداریی جیھانییەوە کە حزبی شیوعی کوردستان خۆی لەو بەرەیەدا دەبینێتەوە".
ھەر لەوەڵامی ھەمان پرسیاردا درێژەی بەقسەکانی خۆیدا و گوتی"لەشەڕی "غەززە"دا بەھەمان شێوە دابەش بوونی حزبە چەپ و شیوعییەکان ھەیە، ھەیە دژی ئیسڕائیل و لەبەرەی فەڵەستینە،. ھەشە لەگەڵ چارەسەری بوونی دوو دەوڵەت بۆ ئیسڕائیل و فەلەستینە کە ئێمە لەگەڵ ئەو بەرەیە داین. لەئاستی کوردستانیشدا بەھەمان شێوە ھەروایە. ئێمەیش وەکوو حزبی شیوعی لەونێوەدا بەرپرسین بەرامبەر بەم حاڵەتە".
ھەروەھا گوتیشی"چەپ پێویستی بە سیاسەتی "مروونەت" و نەرمی نواندن ھەیە بۆ دۆخی ناوخۆیی ژیانی حزبی و ھەمیش لە مامەڵەکردن لەگەڵ ھێزەکانی تردا. ئێمە پێویستیمان بە دیالۆگ و لێک نزیک بوونەوە و ئەنجامدانی کاری ھاوبەش ھەیە. لەگەڵ ئەوەشدا، لەئێستا لیژنەی کاری ھاوبەشی چەپی کوردستانیی ھەیە کە پێکەوە لەسەر زۆرێک لە بابەتە ناوخۆیی و جیھانییەکان کۆک و تەبا و کاری ھاوبەشمان ھەیە".
May be an image of 4 people
May be an image of 3 people
May be an image of 1 person
May be an image of 4 people