رێگای كوردستان/ هەولێر

رۆژی چوارشەممە، 2025/2/19 ، دكتۆر كاوە مەحمود، سكرتێری كۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی كوردستان، لەگەڵ هەریەك لە نەبەز مستەفا ئەندامی سەركردایەتی و ئومێد محەمەد ساڵح و هاوتا رەسوڵ، لە بارەگای مەكتەبی سیاسی حزبی شیوعی كوردستان، پێشوازیان كرد لە شاندێكی لیژنەی پەیوەندییەكانی نوێنەرایەتی هەرێمی كوردستان، ئەنجومەنی نیشتمانی كورد لە سوریا( ئەنەكەسە) كە پێكهاتبوو لە جدعان  عەلی بەرپرسی نوێنەرایەتی و  رامان مەلا و سارە عەلی و فازل دللی، ئەندامانی لیژنەی پەیوەندییەكان.

لەدیدارەكەدا، شاندی میوان باسیان لە رەوشی ئێستای سوریای دوای روخانی رژێمی ئەسەد كردوو، ئاماژەیان بە هەوڵەكان كرد بۆ یەكڕیزی گەلی كوردستان لە رۆژئاواو دروستكردنی شاندێكی یەكگرتوو بۆ ئەوەی لەگەڵ دیمەشق گفتوگۆ بكەن لەسەر پرسی كوردو بەدەستخستنی مافەڕەواكانی گەلی كورد.

لای خۆیانەوە، شاندی حزبی شیوعی كوردستان، وێڕای بەخێرهاتن، جەختیان لەیەكڕیزی گەلەكەمان لە رۆژئاوای كوردستان كردەوە و پاڵپشتی حزبی شیوعی كوردستانیان دەربڕی لەپێناو گفتوگۆی نیشتمانی رۆژئاوای كوردستان.