
سی و سێ ساڵ بەر لە ئێستا و له رۆژی 1991/3/6 هاوڕێیانی رێكخستنی حزبی شیوعی لەشاری هەولێر خۆپیشاندانێكی جەماوەرییان دژی رژێمی بەعس لە ناو جەرگەی شار ئەنجامدا. خۆپیشاندانی شیوعیەكان لە بەردەم پاركی ئێستای شار كه ئه‌وكات پێی ده‌وترا پێش ده‌ڵاڵخانه‌و ناوەندی بازاڕ بوو دەستی پێكردوو تا گەیشتنە كۆتایی بازاڕی شێخەڵڵاو سه‌ر شه‌قامی 30 مه‌تری، جگە لە هاوڕێیانی رێكخستن ژماره‌یه‌ك له‌هاوڕێیانی پێشمه‌رگه‌ش لە شاخه‌وە هاتبوونە ناو شار‌و به‌رگریان له خۆپیشاندان و خۆپێشانده‌ران دەكرد و لەلایەن شەهید سەعدون و هاوڕێ هۆگر سەرپەرشتی دەکران.
ئەم خۆپێشاندان و راپەڕینەی شیوعییەکان بووە هۆكاری رووخاندنی دیواری ترس لای هاوڵاتیان و هەژموونی بەعسی لەبەرچاوی جەماوەری تینووی ئازادی زەبوون و بچووک کردەوە، ئەم هەنگاوە شۆڕشگێڕانەی شیوعییەکان رێگاخۆشكه‌ر بوو بۆ راپەڕینی سەرتاسەری و ئەو ورە و حەماسەتەی بە جەماوەری بەخشی بوو، هۆکار بوو لە 11ی هەمان مانگدا هەولێر له ماوەی چه‌ند سه‌عاتێكدا ئازاد بکرێت و راپەڕین چووە قۆناغێکی باڵاتر و ئومێد بەخشتر بە سەرکەوتن.
له‌دوای خۆپێشاندانه‌كانی ساڵانی سه‌ره‌تای هه‌شتاكان لە سلێمانی و هەولێر، خۆپێشاندانی شیوعییەکان لە 6 ی ئاداری 1991 یه‌كه‌م خۆپێشاندان و راپه‌ڕین بوو له شاره گه‌وره‌كانی عێراق و كوردستان له دژی به‌عس ئه‌نجامبدرێت.
بۆ ئەم خۆپێشاندانە چه‌ند كه‌سێكی دیاریكراو له خه‌ڵكانی متمانه‌پێكراوی لایه‌نه‌كانی تری ناو به‌ره‌ی كوردستانی په‌یوه‌ندییان پێوه‌كرابوو دڵسۆزانه به‌شداربوون.
ئەم راپەڕینە به سه‌ركردایه‌تی و رۆڵی سه‌ره‌كی شیوعیەكان دەیسەلمێنێ كە هەمیشە لە رۆژە سەختەكاندا هاوڕێیان پێشه‌نگی خه‌باتی گەلە ستەم دیدەكەیان بوونه له‌پێناو نیشتمانێكی ئازاد‌و گەلێكی بەختیار، له‌م رێگایه‌شدا قوربانی گه‌وره‌یانداوه.
سڵاو له ئازایه‌تی و قاره‌مانیه‌تی هه‌ڵسوڕێنه‌رو به‌شداربووانی راپه‌ڕینی شه‌شی ئاداری 1991 له هه‌ولێر.