دوای نیوەڕۆی رۆژی شەممە 2024/4/20  لە هۆڵی شەهیدان لە بارەگای مەڵبەندی کلد و ئاشووری حزبی شیوعی کوردستان لە عنکاوە، کۆڕی بەبیرهێنانەوەی یاد و بیرەوەری ٢١ پێشمەرگەی شەهیدی لقی قەرەچووغ - لقی شەهید ئارام، ئەو پێشمەرگانەی لە نێوان ساڵانی ١٩٨٤ - ١٩٨٩ شەهید بوون بەڕێوە چوو.
کۆڕیادەکە بە دکتۆر کاوە مەحموود سکرتێری کۆمیتەی ناوەندیی حزب و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و کۆمیتەی ناوەندی و لێپرسراو و ئەندامانی مەڵبەندی هەولێر و بنەماڵەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی و پێشمەرگە دێرینەکان و هەروەها نوێنەرانی حزب و لایەنە سیاسییەکان لەمیانەیان مام خدر ڕووسی سکرتێری بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان، بەڵێن عەبدوڵڵا سکرتێری حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، ئەندامانی کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی حزبی شیوعی کوردستان و عێراق بەڕێوە چوو.
سەرەتای کۆڕیادەکە بە دەقیقەیەک وەستان بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان دەستیپێکرد، پاشان لە لایەن ڕێکخەرانی کۆڕیادەکە هەردوو پێشمەرگەی دێرینی لقی قەرەچووغ - لقی شەهید ئارام، هاوڕێیان بێستوون و سیار وتەیەک دەربەرەی ئەم پرۆژەیە پێشکەش کرا، کە بەرهەمی کارکردنی بەردەوامیانە لە ماوەی چەند ساڵێکدا بۆ کۆکردنەوەی زانیاری و پێداویستییەکانی ڕێکخستنی چاپکردنی کتێبێک و سی دی یەک وە ئامادەکردنی قەڵغانی ڕێزلێنان و کاری بەڵگەنامەیی بۆ بەرزڕاگرتنی یادی شەهیدان.
وتاری مەکتەبی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی و پێشمەرگە دێرینەکانی حشک لەلایەن هیوا عومەر ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی خوێنرایەوە.
لە چەند کارێکی بەڵگەنامەیی ڤیدیۆییدا هاوڕێ ئەبو ئەحلام فەرماندەی لقی قەرەچووغ لە ساڵانی هەشتاکاندا، سەبارەت بە کار و چالاکیی قوربانییەکانی ئەم لقە بیرەوەرییەکانی باس کرد و و ڕێز و سڵاوی بۆ بنەماڵەی شەهیدان دەربڕی.
سەبارەت بە دایە بە سێ دایکی پێنج شەهیدی سەربەرزی حزب و گەل و شەهید هەژار گچکە کارێکی بەڵگەنامەیی تری ڤیدیۆیی لە ئامادەکردنی هاوڕێیان سیار و بێستوون نمایش کران.
هەریەک لە شاعیران حەمە عەباس دەربارەی بیرەوەرییەکانی لەم لقە و کارە هونەرییەکانیان لە تیپی مۆسیقای هەرمان لە شاخ و دەرکردنی گۆڤارێک یاد و بیرەوەرییەکانی گێڕایەوە، پێشمەرگە و شاعیر و مامۆستای زانکۆ هەندرێن بەشێک لە قەسیدەی (چیاکان)ی لەم کۆڕەدا خوێندەوەو وتی من پێشکەش بە شەهیدانی دەکەم کە هەمیشە لای من زیندوون، پێشمەرگە و فەرماندەی دێرین مامۆستا ڕزگار وتەیەکی سەبارەت بە ڕۆڵ و قارەمانیەتی ئەم شەهیدانە و هەروەها ئەرکی حزب و هاوڕێیانی دیاری کرد کە دەبێ خزمەتیان بکەین و وەکوو ئەمانەتێکی گرانبەها بیانپارێزین و پەخشانێک لەلایەن پێشمەرگەی دێرین سیار خوێنرایەوە.
لە بەشی کۆتایی کۆڕیادەکەدا قەڵغانی ڕێزلێنان و هەروەها کتێبێکی تایبەت بە ژیاننامەی هەر بیست و یەک شەهید و نامیلکەیەکی تایبەت بە دایە بە سێ دایکی شەهیدان (بلەی قەرەچووغ و ڕاوێژ و ابوبکر و جەبار و کەیفی) پێشکەش بە ئامادەبووان کرا.
چەند سروودێک لە تێکست و ئاواز و ئامادەکردنی هاوڕێ بێستوون لە ڕێگای ڤیدیۆوە نمایش کرا.
شایەنی باسە تەواوی خەرجی و کارەکانی ئامادەکردنی ئەم کۆڕیادە و کاسێتێکی سی دی و کتێبێکی چاپکراو قەڵغانی ڕێزلێنان لەلایەن هەردوو پێشمەرگەی دێرین هاوڕێیان بێستوون و سیار کە پێشمەرگەی دانەبڕاو بوونە لە لقی قەرەچووغ و ئێستا لە وڵاتی سوید نیشتەجێن و بۆ ئەم پڕۆژەیەی یادەوەری گەڕاونەتەوە کوردستان ئامادە کرابوون.
شایانی باسە لە ئامادەکاری و بەڕێوەچوونی کۆڕیادەکە هاوڕێیان وریا ئەحمەد عەوێنە ، عتفان ئەحمەد، هۆشەنگ کەریم، ئەمەل هۆشەنگ، هەریەک لە مەکتەبی شەهیدان و کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکان و تایبەتمەندی زیندانیانی سیاسی و مەڵبەندی هەولێر هاوکارییان بوون.
ئامادەبووان بنەماڵەی شەهیدان دەست خۆشیان لە هاوڕێیان سیار و بێستوون کرد بۆ ئەرک و ماندوو بوون و وەفادارییان بەرامبەر بە شەهیدان و هاوسەنگەرانیان و ڕێز و سوپاسیان ئاراستە کرا.