بۆ بەرز ڕاگرتنی یادی نەوەدەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی حزبی شیوعی عێراق و کوردستان، ئەمڕۆ هەینی ١٩-٤-٢٠٢٤ مەڵبەندی هەولێر هەستدا بە سازدانی گەشت و ئاهەنگێکی خێزانیی لە سەیرانگای بێستانە بۆ هاوڕێیان و دۆستان و لایەنگرانی حزب.

لە سێی دوای نیوەڕۆدا ئاهەنگەکە بە دەقیقەیەک وەستان بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی حزب و گەل دەستی پێکرد، هەروەها وتاری مەڵبەندی هەولێریی حزبی شیوعی کوردستان لە لایەن هاوڕێ هیوا عومەر ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی خوێنرایەوە، لە وتارەکەدا وێڕای بەخێرهاتنی میوانان باس لە ئەرک و تێکۆشانی نیشتمانی و چینایەتی شیوعییەکان کرا کە دەبێت لەم پێناوەدا وەک چۆن لە ماوەی نەوەت ساڵی ڕابردوودا پێشەنگ بوونە بە هەمان گوڕ و تینەوە درێژە بەم خەبات و تێکۆشانە بدرێت و ئومێدی جەماوەر لەبەر چاو بگیرێت بە تێکۆشانی شیوعییەکان.

پاشان لە بەشی هونەریدا کە تایبەت بوو بە گۆرانی و هەڵپەڕکێ هەر یەک لە هونەرمەندان موئەییەد عەبدوڵڵا، کاوە کاکەیی، پەروین عەزیز، زریان نیزام، ڕێبوار شێخ شەروانی بە سروود و گۆرانی و بەستە و حەیران و بەختیار سەلیم شێخ محەمەد میوزیکژەن ئاهەنگەکەیان بە جۆش و خرۆش کرد و بۆ زیاتر لە دوو سەعات هەڵپەڕکێی هاوڕێیان بەردەوام بوو.

لە کۆتایی ئاهەنگەکەدا جارێکی تر سوپاسی ئامادەبووان کرایەوە ڕێز و سڵاو بۆ تێکۆشانی شیوعییەکان لە هەموو عێراق و کوردستان نێردرا و بەڵێن بە درێژەدان بە خەبات و تێکۆشان لە پێناو نیشتمانێکی ئازاد و گەلێکی بەختیار دووپات کرایەوە.

لە دوای تەواو بوونی ئاهەنگ تەواوی بەشداربووان و هاوڕێیان بە گیانێکی ژینگەپارێزی و ژینگە دۆستییەوە دەستیان کرد بە پاککردنەوەی شوێنی ئاهەنگگێڕان بۆ ئەوەی ئەم سەیرانگایە بە پاک و خاوێنی بمێنێتەوە.

No description available.

No description available.

No description available.

No description available.