بانگەوازێک لە کۆمیتەی رێکخستنی مەخمووری حزبی شیوعی کوردستان...
بۆ هاووڵاتیانی سنوورەکەمان لە هەر کوێ بن...
هاووڵاتیانی ئازیز...
وەکوو هەموولایەک ئاگادارین لە ڕۆژانی ٢٠ و ٢١ ی ١١ ی ٢٠٢٤ پرۆسەی سەرژمێری لە عێراق و هەرێمی کوردستان ئەنجامدەدرێت و پرۆسەیەکی گرنگ و چارەنووسسازە بۆ ئێستا و داهاتووی ناوچە کوردستانییەکانی سنووری ماددەی ١٤٠ ی دەستووری عێراق، داواتان لێدەکەین هەمووتان بۆ ئەم ئەرکە گرنگ و مێژووییە، بۆ ناو تۆمارکردنتان لە ١٦ ی ئەم مانگە و پرۆسەی سەرژمێری لە ڕۆژانی ٢٠ و ٢١ ی ئەم مانگەدا بگەڕێنەوە بۆ سنووری ناوچەکانی مەخموور و قەراج و گوێڕ و دیبەگە و هەموو ناوچە کوردستانییەکانی تر.
هاونیشتیمانیانی ئەو سنوورە کە بەهۆی سیاسەتی تەرحیل و تەعریب و وێرانکردنی گوندەکان و هەر هۆکارێکی تر ئێستا لە شار و شارۆچکەکانی ژێر دسەڵاتی هەرێمی کوردستان نیشتەجێن، هیوادارین لە ڕۆژی سەرژمێریدا بگەڕێنەوە سنوورەکە.
ئێمە سەرباری ڕەخنە و تێبینی و دڵگرانیەکانمان لەدەسەڵاتدارانی سنورەکە و قۆرخکاری دەسەڵات و نەبوونی هاوکاری و نەبوونی هاندانی جووتیاران بۆ ئاوەدانکردنەوەی گوندەکان و نەبوونی یەکسانی هەلی کار بۆ گەنجان، سەرباری هەموو ئەوانە، ئێمە بە ئەرکی سەرشانی خۆمانی دەزانین بۆ ئەوەی دانیشتووانی ڕەسەنی ناوچەکە بۆ ئەو پرۆسەیە بگەڕێنەوە، هەردوو بارەگای حزب لە دیبەگە و مەخموور کراوە دەبێت بەبێ جیاوازی و لە لەخزمەتتان دەبین و هاوکار دەبین بۆ سەرخستنی ئەم پرۆسەیە بە شێوەیەکی ڕاست و دروست و مافی خەڵکی ڕەسەنی سنوورەکە پارێزراوبێت لە پرۆسەی سەرژمێریدا.
هیوادارین بە دەنگ بانگەوازەکەمان بێن و هەموومان لە خەمی چارەنووسی سنوورەکەمان بین.
حزبی شیوعی کوردستان
کۆمیتەی ڕێکخستنی مەخموور.
١٥-١١-٢٠٢٤