
پەیامی حزبی شیوعی کوردستان بە بۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان.
بەڕێزان/ سکرتێر و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان
لە (38) مین ساڵڕۆژی دامەزراندنی حزبە تێکۆشەرەکەتان، حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، بەناوی سکرتێر و مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی و سەرجەم کادیر و ئەندامانمان لەحزبی شیوعی کوردستاندا، پڕ بە دڵ پیرۆزبایی گەرمی ئەو یادەتان لێدەکەین و هیوای سەرکەوتن و سەرفرازیتان بۆ دەخوازین. خەبات و تێکۆشانی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان لە مێژوی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلەکەماندا شان بە شانی لایەنە سیاسییەکان لە پێناو بە دیهێنانی مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان و عەدالەتی کۆمەڵایەتی بەرز دەنرخێنین کە دەیان شەهیدی قارەمانی پێشکەش بەوڵات کردوە.
بەڕێزان/ لەم کاتەی کە یادی ساڵڕۆژی دامەزراندنی حزبە تێکۆشەرەکەتان دەکەنەوە، ناوچەکە بە گشتی هەر لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیی و هەرێمایەتی و ناوخۆییشدا، بە هەلومەرجێکی هەستیار و مەترسیدا تێپەڕ دەبێت، بێگومان ئەم بارودۆخە کۆدەنگی و یەکڕیزی نێوماڵی کوردستانی وەکوو پێویستییەک دەخاتە سەرشانی هەموو لایەک، هەروەها ژیان و گوزەرانی فەرمانبەران و خەڵکی کوردستان لە بارودۆخێکی سەختی دارایی دایە بەهۆی نەبوونی مووچە و شایستە دارایییەکانیان بۆ ئەمەش پێویستە حکومەت بە زووترین کاتدا چارەسەرێکی ڕیشەیی بۆ ئەو بابەتە بدۆزێتەوە.
حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان لە لیژنەی کاری هاوبەشی چەپی کوردستان شان بە شانی حزبی شیوعی کوردستان و بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان ڕۆڵ و کاریگەری گەورەی هەیە لە داکۆکی کردن لە مافە سیاسی و ژیان و گوزەران وئازدییەکانی ڕەوای خەڵکی کوردستان.
دووبارە پیرۆزباییتان لێ دەکەین، هەر شاد و سەرکەوتوو بن.
لەگەڵ ڕێزماندا
مەکتەبی سیاسی
حزبی شیوعی کوردستان