
هاوڕێ کرێکار
سەبارەت، بەدۆخی دواکەوتنی مووچە و ئەو گرفتانەی دروستدەکرێت، سوبحی مەهدی وتەبێژی حزبی شیوعی کوردستان، بەڕێگای کوردستانی وت: بەداخەوە هەرجارەی بە بەهانەیەک، بەناوی ڕێکخستنی لیستی مووچە، سەرەتای هەفتە دەخەنە کۆتاییەکەی، و لەکۆتایی هەفتەشدا مژدە دەدەن کە هەفتەی داهاتوو لیستەکە ئامادەدەبێت، و دواجاریش دەڕوات تا تێپەراندنی کۆی ڕۆژەکانی مانگ و خەڵک و مووچەخۆران بەدیار هیواوە بێزار دەکەن.
ویشی: ئەمکارە جۆرێکە لەهەوڵەکانی داپۆشین و شاردنەوەی هەموو ئەو کەموکوڕیانەی لەهەبوونی ناوی وەهمی و بندیوار، ئەوە ئەنجامە بۆ نادامەزراوەییبوونی فەرمانگەکانی حکومەت، و ئەو دابەشبوونەیە لەسەربنەمای دووزۆنی و ناشەفافبوونی خەرجی و داهات لەیەکەم کابینەوە بۆ ئێستا.
لاى خۆیانهوه توێژە جیاجیاکانی سنووری ئیدارەی گەرمیانیش باس لەهۆکارەکانی دواکەوتنی مووچە و پێنەدانی لەکاتی خویدا دەکەن، ڕۆژنامەنووسێک دەڵێت: گرفتی دابەشنەکردنی مووچەی مووچەخۆران پشکی شێری بەر هەرێم دەکەوێت، مووچەخۆرێکیش ئاماژە بەوە دەکات: له ڕاستیدا مووچە بەمشێوازەی ئێستا له تونێلێکی تاریک و نا دیاردایە، وتەبێژی حزبی شیوعیش پێيوایە، ناشەفافبوونی خەرجی و داهات لەیەکەم کابینەوە تا ئێستا، هۆکاری سەرەکی ئەم گرفتەی مووچەیە.
ئەیاد محەمەد، ڕۆژنامەنووس لەشارۆچکەی کەلار ، سەبارەت بەهۆکاری سەرەکی ئەو گرفتانە کە مانگانە بۆ مووچە دروست دەکرێت، بۆ ڕێگای کوزدستان وتی: ئێمە ئەگەر دروست بزانین هۆکاری ئەم دۆخە کێیە، ئەوا چارەسەرکردنیشی هێندە قورس نەدەبوو، بەڵام ئەوەی دەبینرێت کێشە سەرەکیيەکە لەنێوان هەرێم و بەغداد دایە، تێڕوانینی ئێمە لەهەرێم تا ئەم ساتە بڕوامان وایە لایەنی جێبەجێنەکردنی ڕێککەوتنەکان هەرێمی کوردستانە چونکە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ حکومەتی عادل عبدالمهدی و کازمی دەبینین هەمیشە دەرفەتی ڕێککەوتن و چارەسەرکردن دراوە بەهەرێم، بەڵام هەرێم هەمیشە بەدوای ئەو دەرفەتەدا گەڕاوە کە دەستی سەربکەوێت و عێراق لاوازبێت.
وتیشی: گرفتی دابەشنەکردنی مووچەی مووچەخۆران پشکی شێری بەر هەرێم دەکەوێت، بەڵام باکگراوندی ئەم ڕووداوانە شتێکی تر هەیە پەیوەندی بە وڵاتانی دراوسێوە هەیە عێراق و هەرێم ئێستا دوو جێگان کە هەژموونی وڵاتان بەسەریاندا زاڵە جگە لە ئەمریکا و ئێران، تورکیا و ئێرانیش هەیە ئەگەر وڵاتی تریش نەبێت، لەهەرێمی کوردستانیش ئەو ئاراستانە بەڕوونی هەستیپێدەکرێت تەنانەت لەنێوان پارێزگای هەولێر و سلێمانیشدا، بۆیە لە ئێستاشدا کە بڕیاری دادگای فیدراڵی هەیە بۆ بەنیشتمانیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم وەک عێراق هەرێم پابەند نابێت، بەپێی بڵاوکراوەکان ڕێککەوتنەکان جێبەجێ ناکات، مانگانە پارەیان ڕوو لەزیادبوونە، بۆیە هەرێم و عێراق گرفتیان زۆرە هەربۆیە داواکاری مووچەخۆان ئەوەیە قووتیان بەبارمتە نەگیرێت و جیابکرێتەوە لە ململانێی سیاسی و زیاتر متمانەیان بەعێراقە تاکو هەرێم ئەویش بەهۆی ئەو گرفتە یەک لەدوای یەکانەی بۆ مووچە دروستدەکرێت لەهەرێمی کوردستان.
هەروەها باسی لەوەشکرد، لەساڵی ٢٠١٤ــەوە تاکو ئێستا بەردەوامی هەیە ساڵانە مووچەی مووچەخۆران یان لێدەبڕدرێت یان لێی نادرێت یان بەناوی پاشەکەوت و ناوی نوێی دیکەوە نادرێت، پێنەدان و لێبڕین و دواکەوتنی مووچەش لەکاتێکدایە کە پارەیەکی زۆر قەرز هێنراوەتە سەر هەرێمی کوردستان کە باجەکەی نەوەی داهاتوو دەیدات نازانی هی چیيە ئەم قەرزە، چونکە نەوت بەبۆری فرۆشراوە لەکاتی ڕاگرتنیشیدا بە تەنکەر و قاچاخ فرۆشراوە، داهاتی ناوخۆ هەبووە، ئەم هۆکارانە و زۆری تریش وایکردووە هاووڵاتی متمانەی بەم سیاسی و دەسەڵاتدارانە لاوازبێت و بڵێت هۆکارەکان لە گەردنی هەرێمە نەک شوێنی تر..
سیروان سلێمان، مامۆستایەکی دانیشتووی ناحیەی ڕزگاریيە، بەڕێگای کوردستانی وت: تاکە چارەسەری مووچەی بنەڕەتی پێویستە کۆی لایەنە سیاسیيەکان ئاشتەوایی سیاسی لە هەرێمی کوردستان ڕابگەیەنن، ئارامی بۆ دانیشتووانی هەرێمی کوردستان مسۆگەر بکرێ، هەر کات ئاشتەوایی سیاسی جێگیر بوو، ئەو کات دەتوانرێ پرۆژەیەک بۆ چارەسەری کێشەی مووچە دابنرێ.
وتیشی: له ڕاستیدا مووچە بەمشێوازەی ئێستا له تونێڵێکی تاریک و نادیاردایە، بۆ ئەوەی ڕووناکیيەک بدۆزینەوە پێویستە ناوماڵی کورد کۆبکرێتەوە، ببینە خاوەن یەک گوتاری هاوبەش و ڕێک و پێک ئەوکات بە کۆدەنگی دەتوانرێ پلان بۆ چارەی مووچە بدۆزرێتەوە، لە ڕاستیدا بەمشێوازەی ئێستا زۆر بە ئەستەم دەبينم.
سۆلاڤ عەلی، فەرمانبەری دانیشتووی شارۆچکەی کەلار، بە ڕێگای کوردستانی وت: هۆکاری دواکەوتنی مووچە و ئەو یاریەی هەموو مانگێگ بەفەرمانبەران دەکرێت، هۆکارەکەی تەنها خودی فەرمانبەران خۆیەتی، چونکە ئێمەی مووچەخۆران بەهۆی ئەوەی یەکگرتوو نین، ئەو دەرفەتەمان بۆ حکومەت هێشتووەتەوە بەبیانوی جیاجیا کۆتایی مانگەکان یاری بەچارەنووسمان بکات .
وتیشی: بەڕای من حکومەتی هەرێم بەهۆی تەڵەکەبازی خۆیەوە، هۆکاری سەرەکی دواکەوتنی مووچەی ئێمەی فەرمانبەرانە و بەئارەزووی خۆی یاری بەچارەنووسی ئەم میللەتە دەکات و بێدەنگی خەڵکیش هۆکارە بۆ ئەوەی ئەمە ڕووبدات .