
ڕێگای کوردستان/ دەڤەری ڕاپەڕین
کاسترۆ مەعروف ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، پشتگیریی لە جووتیارانی کوردستان دەکەین بۆئەوەی گەنمی ئەمساڵیان لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە وەربگیرێت و ڕەنج بەخەسار نەبن. ھاوکات بۆ پشتگیری جووتیارانی کوردستانیش، لەبەردەم بارەگای مەڵبەندی ڕاپەڕینی حزبی شیوعی گردبوونەوەیەک بەڕێوەچوو.
ئەمڕۆ چوارشەممە(٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٣) ژمارەیەک ئەندام و كاديرانى حزبی شیوعی لە سنووری دەڤەری ڕاپەڕین، لەبەردەم بارەگای ڕانیەی حزبی شیوعی کوردستان، گردبوونەوەیەکیان سازکرد و تیایدا وێڕای پشتیوانی و پشتگیریی جووتیارانی کوردستان بۆ ساغکردنەوەی بەرھەمی گەنم و جۆی ئەمساڵیان، ھاوکات داواشیان کرد کە حکوومەتی عێراق بە یەک چاو سەیری ھەموو بەشەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان بکات و بەروبوومی گەنم و جۆی ئەمساڵیان لێ وەربگرێتەوە.
ھاوڕێ(بەکرەسوور) بە نوێنەرایەتی تایبەتمەندێتی جووتیارانی مەڵبەندی ڕاپەڕینی حزبی شیوعی ڕایگەیاند، حکوومەتی عێراق نابێ جیاوازی لەنێوان ناوچە جیاوازەکانی عێراق و کوردستاندا بکات، دەبێت گەنمی جووتیارانی کوردستانیش ھاوشێوەی ناوچەکانی تری عێراق وەربگریرێت.
ناوبراو گوتیشی"پێویستە حکوومەتی ھەرێم و ھەروەھا نوێنەرانی کورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بێنە سەرھێڵ بۆئەوەی ئەوەی کێشەی گەنمی جووتیارانی کوردستان چارەسەر بکرێت".
ھەروەھا گوتیشی"ھەرچەشنە کەمتەرخەمییەکی حکوومەتی ھەرێم لەوبارەوە، بەزیانی جووتیارانی کوردستان تەواو دەبێت".
"کاسترۆ مەعرووف" ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی کە لەو گردبوونەوەیەدا ئامادەبوو، ڕایگەیاند ھەموو ھەوڵێک دەدەن داوای جووتیارانی کوردستان بە ئەنجام بگات و حکوومەتی عێراق ناچار بکرێت ھاوشێوەی ناوچەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق، سەرجەم گەنم و جۆی جووتیارانی کوردستانیش وەبگرێتەوە بۆئەوەی جووتیاران و زەحمەتکێشانی کوردستان زەرەرمەند نەبن.
وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی عیراق بڕیاریداوە بۆ ئەمساڵی ٢٠٢٣، ٣٧٥ ھەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی ھەرێمی کوردستان وەربگرێت، بە شێوەیەک ١٢٠ ھەزار تۆن لە پارێزگای ھەولێر، ١١٣ ھەزار تۆن لە پارێزگای دھۆک و ١٤٢ ھەزار تۆنیش لە پارێزگای سلێمانی.
ئەم بڕیارەی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی عیراق نیگەرانی جووتیارانی کوردستانی لێکەوتۆتەوە و وەرگرتنی ئەو بڕە گەنمە بە کەم دەزانن و داوا دەکەن ڕێژەیەکی زۆرتری گەنمی جووتیاران وەبگرێتەوە.
کۆمپانیای گشتی بازرگانی دانەوێڵە، لە وەزارەتی بازرگانی عێراق، بڕی ٨٥٠ ھەزار دینار دەدات بە جوتیاران لە بەرامبەر ھەر تۆنێک گەنمدا.
ھاوکات، بەپێی خەمڵاندنی وەزارەتی بازرگانی، پێشبینیدەکرێت بەرھەمی ئەمساڵی گەنمی جوتیاران بگاتە نزیکەی چوار ملیۆن تۆن و بەشی پڕکردنەوەی ٨٥% ی پێداویستی عێراق لە گەنم بکات.
