ئەمڕۆ ڕۆژی هەینی ڕێكەوتی (٢٤-١-٢٠٢٥) كەسایەتی ناوداری عێراقی و كوردستانی (هاوڕێ موكەرەم تاڵەبانی ) ماڵئاوایی لە ژیان كرد .
مەكتەبی سیاسی حزبی شیوعی كوردستان بەنیگەرانیەكی زۆرە وە ئەم هەواڵە بەهەموو لایەک ڕادەگەیەنێت.
لەم بۆنە غەمناكەدا سەرەخۆشی لە خۆمان و سەرجەم بنەماڵە و كەسوكاری هاوڕێ تێكۆشەری دێرێنی شیوعی و نیشتمانپەروەر (د . موكەرەم تاڵەبانی ) دەكەین و هاوغەمی كوڕ وكچ و بنەماڵەكەی و سەرجەم تاڵەبانیەكانین .
( هاوڕێ موکەرەم تاڵەبانی ) بەشداری لە درووستکردنی ڕێکخراوی دارکەر دەکات ودوواتر پەیوەندی بە ڕیزەكانی (حزبی هیوا) دەکات و دوای هەڵوەشانەوەی ئەو حزبە پەیوەندی بە ڕیزەكانی (حزبی شیوعی عێراق ) دەکات بە سەرکردایەتی هاوڕێ فەهد و یەكێک لەو پارێزەرانە دەبێت کە لە دادگا داکۆکی لە هاوڕێ فەهد دەکات و دەبێتە یەکێک لە هاوڕێ و سەركردە دیارەكانی حزب و لەوڕێگەیەشدا تووشی ئازار و ڕاودونان و لە سەردەمی پاشایەتی حەوت ساڵ زیندانی دەکرێت. لە ساڵی (١٩٦٣) دا بە (٣)ساڵ زیندانی لەلایەن ئینقلابچیەكانی بەعسەوە زیندانی دەکرێت ، پاش ئازاد بوونی
لە كاركردن لە ناو ڕیزەكانی حزبی شیوعیدا بەردەوام دەبێت و ڕۆڵێكی باش وكاریگەری دەبێت بۆ خزمەتی گەل و نیشتمان ولەو چوارچێوەیەدا چەندین پۆستی بەرزی ئیداری وەرگرتوە . هاوڕێ موکەرەم تا دوا ساتەكانی ژیانی وەك نیشتمانپەروەرێکی دڵسۆز و بوێر دەمێنێتەوە وخزمەتی بیری پێشكەوتوخوازی دەكات و خاوەنی چەندین كتێبی سیاسی و بەرهەمی ئەدەبییە و وەفادارانە مامەڵەی لەگەڵ خەڵك کردووە وهاوكار و پشتیوانی ژیانی خەڵكی زەحمەکێش بووە.
كۆچی دوایی زیانێكی گەورەی بە بزوتنەوەی نیشتمانی و دیموكراتی و چەپی كوردستانی و عێراقی گەیاند.
یادت بەخێر هاوڕێی تێكۆشەری خەباتی نیشتمانی و چیانەیەتی و دیموكراتی
( موكەرەم تاڵەبانی )
مەكتەبی سیاسی
حزبی شیوعی كوردستان .
(٢٤-١-٢٠٢٥)