ڕۆژ شەممە ٢٤-٥-٢٠٢٥ وەفدێکی مەڵبەندی هەولێری حزبی شیوعی کوردستان پێک هاتبوو لە هاوڕێیان فاتیح مستەفا ئەندامی مەڵبەند، جەوهەر سەیدا بەرپرسی تایبەتمەندی جووتیارانی مەڵبەند، دێدەوان شێخ شەروانی ئەندامی تایبەتمەندی جووتیاران، سەردانی گوندی سۆربەشی هەمزەیان لە دەشتی شەمامک کرد و سەردانی ئەو جووتیارانەیان کرد کە بە هۆی ئاگرەکەی دوێنێ شەو کێڵگەکانیان سووتاوە و زەرەرێکی زۆریان پێگەیشتووە.
هاوڕێیان بە ناوی حزب هاوخەمیان بۆ دەربڕین و سەردانی کێڵگە سووتاوەکانیان کرد و گوێیان لە داواکاری و پێشنیازەکان گرت.
جووتیاران ئاماژەیان بە زیانەکانیان کرد کە بە سەدان دۆنم زەوی سووتاوە و ڕەخنەیان لەلایەنە پەیوەندیدارەکان گرت کە چارەسەری بنەڕەتی بۆ ڕێگریکردن لە کەوتنەوەی ئاگر ناکەن و ساڵانە ئەو کارەساتانە ڕوودەدەنەوەو جووتیاران ڕەنج بە خەسار دەبن، بە تایبەتی ژمارەی کەمی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەو دووریان لە گوندەکان و ناتوانن فریای ئەم سنوورە بەرفراوانەی دەشتی شەمامک بکەون لە کاتی ئاگرکەوتنەوەدا، هەروەها داوا دەکەن وەزارەتی کشت و کاڵ قەرەبوویان بکاتەوە.
هاوڕێیانی مەڵبەندی هەولێر لەگەڵ دەربڕینی پشتیوانیان بۆ ئەم داواکارییانە، بەڵێنیان پێدان هەموو هەوڵێکیان بۆ بدەن لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ ئەوەی وەڵامی داواکارییەکانیان بدەنەوە و بخرێنە بواری جێبەجێکردن.