
سی و چوار ساڵ بەر لە ئێستا و لە ٦-٣-١٩٩١ بە سەرکردایەتی و پلان و بەرنامەی حزبی شیوعی، لە ناو جەرگەی هەولێر و لەبەردەم باغی شار، بە بەشداری ڕێکخستنەکان و دۆستانی حزب و بە سەرپەرشتی دەستەیەک لە هاوڕێیانی شار و شاخ، خۆپێشاندان و راپەڕین لە دژی ڕژێمی بەعس دەستیپێکرد.
ئەو ڕۆژە بەدەم نەعرەتەی قارەمانانەی هاوڕێیان ئومێد مەلا حەسەن و دیدار حەمەد شەقڵاوەیی لەسەر پیکابێك لەناو جەرگەی بازاڕی هەولێر و وتنەوەی (بژی هێزی پێشمەرگە سەدام نزیکی مەرگە ) و ( ئازادی و دیموکراسی سەدام لاچێ لە کورسی ) و (نان . کار. ئازادی) و(بڕوخێ ڕژێمی فاشی سەدام) تەوقی ترسی بەعس لەناخی تاک بە تاکی خەڵکی هەولێر شکێندرا.
راپەڕینی شیوعییەکان لە ناو جەرگەی شاردا، هەرەسی بە دیواری سەختی ترس و تۆقاندنی بەعس هێنا کە دەیان ساڵ بوو کاریان بۆ دەکرد و هەوڵیان دەدا بە ئاگر و ئاسن و کوشتن هەرچی دەنگی ئازاد و بە ئیرادەیە کپ و خامۆشی بکەن.
راپەڕینی شیوعییەکان سام و چڕنوکی بەعسییەکانی شکاند و ڕێگا خۆشکەر بوو بۆ ئەوەی لە ڕۆژی ١١ی ئاداری ١٩٩١ شاری هەولێر لە ماوەی چەند سەعاتێکدا ئازاد بکرێت و ورەی بەعسی بە یەکجاری ڕوخاند لەبەردەم هێزی پێشمەرگە و جەماوەردا.
لە یادی ٦ ی ئاداردا، سڵاو لەو کچ و کوڕە ئازایانەی حزب و گەل، کە بێباک لە ترس و مردن هاتنە مەیدانی ڕوو بە ڕوو بوونەوەی بەعس و ئومێد و هیوایان بە شار و کوردستان بەخشییەوە.
سڵاو لەو هاوڕێ ئازاو قارەمانانەی شیوعی، هاوڕێیانی ڕێکخستنەکانی ناو شار و ئەوانەی لە شاخەوە خۆیان گەیاندەوە هەولێر و سەرکردایەتی خۆپێشاندان و ڕاپەڕینیان کرد.
لە لاپەڕەکانی مێژووی هەزاران ساڵەی هەولێردا ٦ ی ئاداری ١٩٩١ یەکێکە لە ڕووداوە هەرە گرنگەکان و فەرامۆش ناکرێت و لەبیرناکرێت.

