
یاداشتنامەیەك بۆ هەریەكە لە بەرێزان :
- ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
- حكومەتی عێراق و وەزارەتی كشتوكاڵ
- حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی كشتوكاڵ
لە رێگەی ئەم یاداشتەوە پێتان رادەگەیەنین جوتیارانی كوردستان لە لایەك لە لایەن حكومەتی عێراق و لە لاكەی تر لە لایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان رووبەرووی پەراوێزخستن و پشتگوێخستن دەبنەوە، داواتان لێدەكەین بەزووترین كات بەدواداچوون بكەن لەبارەی هەرەشەو داگیركردنی زەوی جوتیارانی سەرگەران و تۆبزاوە و ناوچەكانی تری كەركوك كە نمونەیەكە لە تابلۆیەكی گەورەتری بارودۆخی جوتیارانی ئەو ناوچانە .
هاوكات لەسنوری حكومەتی عێراقی جووتیاران تەواوی گەنمەكانیان لێ وەردەگیرێت بەڵام لەكوردستان بەهۆی دانانی چەندین رێكارو رۆتین جوتیاران ناچاركراون و دەبێت ناویان تۆمار كرابێت و بۆ هەر دۆنمێكیش تەنها 178كیلۆی لێ وەر دەگیرێت لەكاتێكدا بەرهەمی دۆنمێك سەروی تەنێك دەبێت لەگەڵ ئەوەشدا سەدان جووتیار بەرهەمی هەیە و ناوی تۆمار نەكردووە و واتێگەیشتووە هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو تەواوی گەنمەكەی لێ وەر دەگیرێت .
لەوبارەیەوە داوادەكەین :
1- دەست بەجێ پرۆسەی ڕادەستكردنی گەنمی جووتیاران بەپسولە بەوەستێنرێت و ڕێگا لەو بە بازرگانیكردنە بەپسولە بگیرێت و جووتیارانی ڕاستەقینە بەیەك قۆناغ گەنمەكانیان لێ وەربگیرێت، بەچاودێری لاینە پەیوەندی دارەكان ئەوەش ئەركی حكومەتی هەرێمی كوردستانە .
2- پیویستە دڵنیایی بدرێتە جووتیارانی هەرێمی كوردستان هاوشێوەی جووتیارانی خوارو ناوەڕاستی عێراق تەواوی گەنمەكانیان لێ وەربگیرێت .
3- پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان و عێراق تەواوی گەنمی جووتیاران وەربگرێتەوە بەهەمان نرخ كەدیاری كراوە .
4- رێگریبكرێت لە دەستدرێژییەكانی سەر زەوی جوتیاران لە ناوچەدابراوەكان بەتایبەتی ئەو دەستدرێژیانەی ئێستا دەكرێتە سەر زەوی جوتیارانی تۆبزاوە و سەرگەران .
تایبەتمەندی جوتیارانی مەڵبەندی هەولێری حزبی شیوعی كوردستان
8/6/2023