
رێگای كوردستان
١٤ی شوباتی هەموو ساڵێک بۆنەیەکی مێژوویی گرنگە بۆ شیوعیيەکان لە عێراقدا، بەو پێیەی یادی ئەو شەهیدە شیوعییانە دەکرێتەوە کە گیانیان بەختکرد لەپێناو بنەما کۆمۆنیستییەکان و دادپەروەری کۆمەڵایەتیدا. ئەم ڕۆژە تەنها یادی شەهیدان نییە، بەڵکو ڕۆژێکی خەباتە کە ڕەنگدانەوەی خەباتی بەردەوامی ئازادی و یەکسانی و مافی مرۆڤە. ئەم ڕۆژە ڕەنگدانەوەی ئەو ڕاستییەیە کە عێراق گۆڕەپانی ململانێی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئاڵۆز بووە، دیارترینیان ئەو خەباتە بوو، کە شیوعیيەکان لە سەردەمی جۆراوجۆردا دژی ڕژێمە پاوانخوازەکان و داگیرکارییەکان ئەنجامیاندا.
بزووتنەوەی شیوعیيەت لە عێراق لە بیستەکانی سەدەی ڕابردوودا سەریهەڵدا، وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بەو نادادپەروەرییە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەی کە گەلی عێراق لەژێر دەسەڵاتی کۆلۆنیالیزمی بەریتانیادا تووشی بوو، دواتریش لەژێر کاریگەريی ڕژێمە ستەمکارەکاندا. شیوعیيەکان لە عێراق خەباتیان دەکرد بۆ دادپەروەری کۆمەڵایەتی و بەدەستهێنانی مافی یەکسان بۆ کرێکاران و جووتیاران و چینە زەحمەتکێشەکان و هەژارەکان. ئەوان شەڕی تاڵیان لە دژی ئەو ڕژێمانە کرد کە وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر دەسەڵاتی خۆیان دەیانبینی .
بۆنەی ڕۆژی شەهیدی شیوعی لە عێراق و کوردستاندا هەموو ساڵێک تەنها یادێک نییە بۆ ڕێزلێنان لەو کەسانەی کە گیانیان بەخشی لەپێناو دۆزی ڕەوای بیروباوەڕیان، بەڵکو بانگەوازێکە بۆ بیرهێنانەوەی گرنگی ئەو پرەنسیپە شیوعیيانەی، کە بەرگرییان لە چینە هەژارەکان و کرێکاران و جووتیاران دەکرد، لەکاتێکدا کە دەوڵەت هەوڵەکانی بۆ پاڵپشتیکردنی نوخبەی دەسەڵاتدار لەسەر حیسابی هەژاران تەرخان دەکرد. ئەم ڕۆژە بە نوێبوونەوەی پابەندبوون بە بەها شۆڕشگێڕییەکان و پشتیوانیکردن لە پرەنسیپەکانی دادپەروەری و یەکسانی و دەرفەتێک بۆ یەکخستنی ئەو هێزە جەماوەرییانە دادەنرێت، کە لە هەموو کاتێکدا دژی نادادپەروەری و ستەمکاری دەوەستنەوە.
ئەم بۆنە و یادە پڕشکۆیە بەکاردێت، لە دەوری مافی بەرەنگاربوونەوە و درێژەدان بە خەبات بۆ ڕزگاری ئينسانەکان، جەخت لەسەر پێزانینی قوربانیدانی شەهیدە کۆمۆنیستەکان دەکرێتەوە، کە لەپێناو ئامانجە شۆڕشگێڕییەکاندا گیانیان بەخشی بۆ یەکسانی و ئازادی بۆ هەمووان، هەروەها دووپاتکردنەوەیە بۆ ئیرادەی نوێ و بەردەواميی خەبات دژی هێزە ستەمکارەکان .
ڕۆژی شەهیدی شیوعی عێراقی بە یەکێک لە ڕۆژە گرنگەکانی یادەوەری سیاسی عێراق دادەنرێت، بەو پێیەی ئەو نەوە شۆڕشگێڕانەی لە دەیان ساڵی ڕابردوودا خەباتیانکردووە، بە نەوەکانی ئێستاوە دەبەستێتەوە، کە تا ئێستاش هەمان مەشخەڵیان هەڵگرتووە لە بەرەنگاربوونەوەی نادادپەروەری و ستەمکاریدا. بیری شیوعی لە عێراقدا هەرگیز تەنها بیرۆکەیەکی تێپەڕنەبووە و بەردوامی خۆی هەیە، بەڵکو نزیکبوونەوەیەک بووە لە ژیانێکی ئایدیۆلۆژی ڕاستەقینە، کە لە خواستی خەڵکەوە سەرچاوەی گرتووە بۆ گۆڕانکاری و ڕزگاری.
ڕۆژی شەهیدی شیوعی لە عێراق و كوردستان، بانگەوازێکە بۆ پابەندبوون بەو بیرۆکە شۆڕشگێڕانەی کە بەرگریيان لە گەل دەکرد لە بەرامبەر ڕژێمە ستەمکارەکاندا. ڕۆژێکە کە ڕەنگدانەوەی پابەندبوونە بە بەهاکانی وەک ئازادی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و مافەکانی مرۆڤ. بەبیرهێنانەوەی ئەم یادە بۆ گەلی عێراق و كوردستان، پابەندبوونی نەوە نوێیەکان نوێدەبێتەوە بۆ درێژەدان بە خەبات بۆ ئایندەیەکی باشتر، لەچوارچێوەی بنەماکانی دادپەروەری و یەکسانی.