
هونەرمەند تەحسین فائق: پێویستە ئەو چیرۆكە پڕتاسەو جەرگبڕانەی نەتەوەكەمان ببنە هەوێنی دەیان شاكاری سینەمایی
هونەرمەند تەحسین فائق تۆفیق، لە شاری هەولێر لەدایك بووە،دەرچووی بەشی موزیكی پەیمانگەی هونەرە جوانەكانە.
لە ساڵی 1980 ئاشنای جیهانی هونەر دەبێت ،كاتێ لە قوتابخانە لەسەردەستی مامۆستا "جەلیل" بەشداری سەرجەم چالاكییەكانی قوتابخانە دەكات ،وەكو (خۆشنووسی ، نیگار، شانۆ..) دواتر لەرێگەی هونەرمەندانی كۆچكردوو(تەحسین شەعبان و هاشم زەینەل) لە "دار فن" بەشداری چەندین ئۆپەرێت و شانۆگەری دەكات هەروەها لە ساڵی 1985 بەشداری چەندین كاری شانۆیی دەكات دواتر لەگەڵ چەندین تیپی شانۆیی وەكو ئەكتەر بەشداری چەند شانۆگەرییەك دەكات .. لە ساڵی 1986 لەلایەن رژێمی لە ناوچووی بەعس بەهۆی ئاشكرابوونی لە كاری رێكخستنی ناو شار دەستگیر دەكرێت دوایی بەهۆی لێبووردنی گشتی لە ساڵی 1988 ئازاد دەكرێت. تەحسین فائق بەشانۆ دەستی بەكاری هونەری كرد لە بواری نووسینیش خاوەن قەڵەمێكی باشی تێكستە،بەڵام دواتر لە بواری سینەما دەگیرسێتەوە وەك فیلمسازێك زیاتر دەناسرێت خاوەنی چەندین كاری سینەماییە بۆیە لەم دیدارە هونەرییەدا پرسیارەكانمانزیاتر لە بواری سینەما ئاراستە كردووە.
هەڤپەیڤین= كامەران حاجی ئەلیاس
*سەرەتا بابزانین چۆن ئاشنا بوونت بە هونەری سینەما ؟
- سەرەتای ئاشنابوونم بەهونەری سینەما لە شانۆوە سەرچاوەی گرتووە، بەڵام بەر لە راپەرینی بەهاری 1991ی گەلەكەمانەوە، كامێراو تەكنیكی وێنەگرتن لە كوردستان قەدەغەبوو، بەعس وەكو چەكێكی كاریگەرو پڕمەترسی سەیری دەكرد، بۆیە ئەوسا تەنیا بینەرێكی سەرسەخت بووم، چێژ و ووزەی و ئیلهامم لێوەردەگرت بۆ ئەزموون و كارە شانۆییەكان.
*سینەماكارانی كورد لە فیستیڤاڵەكان، چەندین خەڵاتی جیهانیان بەدەست هێناوە، ئایا ئەمە ئەوە دەگەیێنێت كە سینەمای كوردی لە ئاست سینمای جیهانی دایە؟
- دەتوانم بڵێم سینەمای كوردی لە باشوور ئەو تەمەنە درێژ و ئەزموونە زۆرەی نیە كە بتوانێت هاوشانی سینەمایی جیهانی هەنگاوی خێرا بنێت و كێبركێ لەگەڵ سینەمایەك بكات كەتەمەنی سەرووی (120) ساڵە، بەڵام پێویستە شانازی بكەین كە فیلمسازان و سینەماكارانمان توانیان لە دەرگا و پەنجەرەكانی فیلمی فیستیڤاڵە جیهانییەكان بدەن و تۆپەكان لەسەر خۆیان واڵا بكەن و خەڵاتی فیستیڤاڵەكان بەدەست بهێنن، ئەمە لە كاتێك دایە كە ماوەی (10) ساڵ حكومەت فۆندی بۆ گەشەی سینما تەرخان كرد نێوەی زیاتری دەدرا بە دەرهێنەرانی دەرەوەی باشوور،ئەوەش تا ڕادەیەك بێئومێدی بۆ سینەماكارانی ناخۆ دروست كرد و هیچ سوودێكی بەو تەوژمە سینەماییە نەگەیاند، تەنانەت ستافی ناوخۆشیان فەرامۆش كرد و هیچ ئەزموونێكیان فێری لاوە فیلمسازان نەكرد.
* ئەو گرفت و ئاریشانە چین كە دەبێتە بەربەست بۆ سینەماكارانی كوردستان؟
-لەئێستادا ئێمەی كورد لەلایەنە هونەریەكانی دروستكردنی فیلم هەنگاوی زۆر تۆكمەمان ناوە ئەو فیلمە "كۆمێرشاڵ"انەی ئێستا دروست دەكرێن شایەتی ئەو ڕاستییەن، بەڵام گەشەی كولتووری لەهەموو دنیا و وڵاتان میزانییەی ساڵانەی نەبڕاوەی بۆ تەرخان دەكەن، بۆ ئەوەی بەهاوكاری فۆندی حكومی بتوانێ بەردەوام بێت، بەتایبەت لای ئێمە كە، كەرتی تایبەت، سینەما هێشتا نەبووە بەكولتوور و پارەی خۆی ناهێنێتەوە ئەمەش گرفتی سەرەكی سینەماكاری كوردە وێڕای لۆكاڵی سیناریۆ و كۆپی كردنی ژانڕ و ئەزموونەكانی دەوروبەرمان.
* هۆڵەكانی سینەما لە كوردستان تاچەند گونجاون بۆ نمایشی فیلمەكان؟
- دەتوانم بڵێم لەئێستاد، هۆڵەكانی سینەما لە ناو مۆڵەكاندا لەئاست، ستانداردی جیهانین لەهەموو پارێزگاكانی كوردستان هۆڵی زۆر باش هەن .
*كردنەوەی بەشی سینەما لەكۆلیژەكانی سلێمانی و هەولێر و دهۆك تاچەند فاكتەر بووە بۆ پێشڤەچوونی سینەمای كوردی؟
- هەڵبەت ئەو هەنگاوە بوێر ودڵسۆزانەیەی دكتۆر (سەلمان فائق) بووە بەردی بناغە بۆ هەر سێ پارێزگای هەرێمی كوردستان، كە سینەما بەزانستی بخوێندرێ، دوای كردنەوەی بەشی سینەمای كۆلێژی هونەرە جوانەكان، چەندین پۆل لەو سینەماكارانە دەرچوون، بەشێكیان وەكوتوێژەر و ڕێبەرو ڕێنیشاندەرو مامۆستاو سەرۆك بەشن لەهەمان كۆلێژبەشەكەی تریان ، لەبوارە پراكتیكییەكە بەردەوامن لە كاری سینەمایی، ئەوەش وادەكات كە ئاییندەی فیلمی كوردی و سینەمای كوردستان لە ئاییندە بگاتە دۆخی زێڕینی خۆی.
*رەخنە و رەخنەگری سینەما لەكوردستان چۆن دەبینیت؟
-ڕەنگە وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە ئاسان نەبێت، چوونكە هونەری سینەما لای ئێمە هێشتا نەگەیشتۆتە شووناس، ئەوەی كەتا ئێستا هەیە لاسایی كردنەوەی ژانڕە باوەكانە، زۆر كات نائاگایانە ئاوێتە كردنی چەند ژانڕێكە، پێموایە هێشتا زووە بڵێین ڕەخنەگری سینەماییمان هەیە.
*تاچەند سینەمای كوردی توانیویەتی گوزراشت لە ناسۆرییەكانی گەلەكەی بكات؟
- زۆر بەی هەوڵەكان لەو سۆنگەیەوە سەرچاوە یان گرتووە، بەڵام تا ئەمڕۆ هیچ كامیان تینوێتی نەشكاندووین ، پێویستە ئەو چیرۆكە پڕتاسەو جەرگبڕانەی نەتەوەكەمان ببنە هەوێنی دەیان شاكاری سینەمایی، ئێمە كێشەی گەورەمان لەگەڵ كوردبوونی خۆمان هەیە لەهەموو بوارەكان ،نەك تەنیا سینەما، ئەوەتا فەرهەنگ و كولتووری نەتەوەییمان بەدەستی خۆمان خەتەنە دەكەین مناڵەكانمان ئاشنای زمانە بیانییەكان و ئەنتی كولتووری خۆمان دەكەین،پێموایە دەساڵیتر كوڕو كچەكانمان گەورەدەبن و هاوسەرگیری دەكەن زمانێك نامێنێت بۆ ئا خاوتن لەنێوانیانداجگە لەزمانە بیانییەكان،ئەو نەوەیەی كە ئەوان دەیخەنەوە ئیدی تەواو نامۆیە بە كۆمەڵگەو كولتوورو مێژووی نەتەوەیەك كە ناوی كوردە.
هونەرمەند تەحسین فائق و وێستگە هونەرییەكانی:
-ئامادەكردن و دەرهێنانی شانۆگەری (مانگێكی دی دێت) نووسینی "عەزیزنەسین" وەرگێڕانی پڕۆفیسۆر"هیمدادی حوسێن" ١٩٨٥
-دەرهێنانی شانۆیی"دایكە ئازاكە" نووسینی گەروە نووسەرو دەرهێنەری ئەڵمانی (پرتۆڵد برێخت"1986 .
- ئەكتەریسەرەكی (مۆنۆدراماینامۆ) كە نمایشێكی پانتۆمایم بوو، نووسینی"پشتیوان عەبدوڵا ، دەرهێنان "حوسێن زارین" ١٩٨٦
- ئامادەكردن و دەرهێنانی شانۆگەری "ڕێبواری هەژارو خۆشەویستی" نووسینی"گەوهەر موراد" ١٩٨٦
- نووسین و دەرهێنانی شانۆگەری "ڕاپەڕین" ١٩٩٢
- نووسین و دەرهێنانی شانۆگەری "برسییەكانی سەردەم" ١٩٩٣
- نووسین و دەرهێنانی "كەرنەڤاڵی ئەنفال" وەك شانۆیی سەرشەقام بەهاوبەشی لەگەڵ هونەرمەند "لالۆ ڕەنجــدەر" ١٩٩٣
- ئامادەكردن و دەرهێنانی شانۆی وێنەیی "لە پشت دەرگا داخراوەكان" نووسینی "ژان پۆل سارتەر" ١٩٩٤
- دەرهێنانی شانۆگەری "مەرگ و تارماییەكان" نووسینی حاكم "عوسمان یاسین" ١٩٩٤
- نووسین و دەرهێنانی شانۆگەری "دۆزەخی هەمیشەیی" ١٩٩٤
- ئامادەكردن و دەرهێنانی نمایشی" براكوژی" كەژانڕی شانۆی ڕەش بوو، لەدەقێكی شیعری"جاك بریڤەر" ١٩٩٥
- نووسین و دەرهێنانی شانۆگەری "مەملەكەتی ئەفیوون" ١٩٩٥
- ئامادەكردن و دەرهێنانی شانۆگەری "وێرانەخاك" نووسینی : ت.س.ئەلیوت
.- ئامادەكردن و دەرهێنانی شانۆگەری"میدیاشا" نووسینی"یۆرپیدس" ١٩٩٧
- ئامادەكردن و دەرهێنانی پێرفۆڕمانسی "پەنجەكانی شەیتان" ٢٠٠٥
ناوی بەرهەمە سینەمایی و تەلەفزۆنیەكان:
- نووسین و دەرهێنانی زنجیرە درامای(٧) ئەڵقەیی"نەگبەت"بەرهەمیتەلەفزیۆنیگەلیكوردستان١٩٩٢-١٩٩٣هەولێر.
- دەرهێنانی فیلمی "ڕەشەبای مەرگ" بەرهەمی كۆمەڵەی هونەرە جوانەكان ١٩٩٥ - ١٩٩٦هەولێر.
- سیناریۆو دەرهێنانی كورتە فیلمی "هەرمان" چیرۆكی شێرزاد پۆلیس، بەرهەمی وەزارەتی ڕۆشنبیری. ١٩٩٩–٢٠٠٠سلێمانی.
- سیناریۆو دەرهێنانی كورتە فیلمی "وێران" بەرهەمی وەزارەتی ڕۆشنبیری. ٢٠٠٠-٢٠٠١سلێمانی.
- سیناریۆو دەرهێنانی كورتە فیلمی " سێبەری خۆر" بەرهەمی وەزارەتی ڕۆشنبیری ٢٠٠١–٢٠٠٢سلێمانی.
- سیناریۆ و دەرهێنانی فیلمی دۆكیۆمێنتەری "دڕندەكانی ڕۆژ" بەرهەمی وەزارەتی ڕۆشنبیری. ٢٠٠٣سلێمانی.
- سیناریۆو دەرهێنانی كورتە فیلمی "جەلادو فڕین" نووسینی "بەختیار عەلی" بەرهەمی كۆمەڵەی هونەرە جوانەكان مەڵبەندی گشتی سلێمانی. ٢٠٠٤
- سیناریۆو دەرهێنانی كورتە فیلمی "گومان" بەرهەمی فیستیڤاڵی ئاڵای زێڕین هەولێر 2005.
- سیناریۆو دەرهێنانی كورتەفیلمی "سایكۆبات" بەرهەمی بەڕێوەبەرایەتی سینەمای سلێمانی. ٢٠٠٦
- سیناریۆو دەرهێنانی فیلمی "منیش قسەم هەیە" بەرهەمی گروپی شوناسی هونەری. ٢٠٠٦
- سیناریۆو دەرهێنانی فیلمی "ناسنامەی دۆزەخ" سەبارەت بەكارەساتی ئەنفال. بەرهەمی وەزارەتی ڕۆشنبیری. ١٩٩٧
- سیناریۆو دەرهێنانی فیلمی ئێكسپێرمێنتالی "دیوار" بەرهەمی بەڕێوەبەرێتی سینەمای سلێمانی. ٢٠٠٨
-یاریدەری دەرهێنەری فیلمی "شەوی حیساب" بەختیار عەلی، بەرهەمی بەڕێوەبەرێتی سینەمای سلێمانی. ٢٠٠٨–٢٠٠٩
- سیناریۆودەرهێنانی فیلمی دۆكیۆمێنتەری "لاوكی خەزان" بەرهەمی بەڕێوەبەرایەتی گشتی سینەما هەولێر. ٢٠١٠
- سیناریۆو دەرهێنانی فیلمی "پەیكەرە لمینەكان" بەرهەمی بەڕێوەبەرایەتی سینەمای هەولێر. ٢٠١١ - ٢٠١٢
- سیناریۆو دەرهێنانی فیلمی "بەهەشتی ژیان" بەرهەمی بەڕێوەبەرایەتی سینەمای هەولێر. ٢٠١٩
ئەو پێگەو پۆستانەی كە خزمەتی تێدا كردووە:
*دامەزرێنەرو سەرۆكی تیپی شانۆی هاوچەرخ لە ١٩٨٦تا١٩٩٦
*ئەندامی دەستەی كارگێڕی یەكێتی هونەرمەندانی كوردستان لە ١٩٩٧هەتا٢٠٠١
*سەرۆكی لقی هەولێری كۆمەڵەی پاڕاسایكۆلۆژی كوردستان. ١٩٩٨تا٢٠٠٢
*سەرۆكی تیمی خۆبەخشی ڕێكخراوی مانگی سووری عێراقی لە ساڵی. ٢٠٠٠تا٢٠٠٤
*دامەزرێنەری گروپی شوناسی هونەری ٢٠٠٥
*بەڕێوەبەری نووسینگەی سلێمانی تەلەفزیۆنی ئەلعڕاقییە. ٢٠٠٦–٢٠٠٨
*دامەزرێنەرو خاوەن پشك لەكۆمپانیای "دراما فیلم" لەسلێمانی ٢٠٠٨تا٢٠١٠
*ئەندامی دەستەی كارگێڕی سەندیكای هونەرمەندانی كوردستان/لقی هەولێر لە ٢٠١١ – ٢٠٢٦
NCO دامەزرێنەرو سەرۆكی ڕێكخراوی سینەمای نەتەوەییی *
لە ٢٠١٤–٢٠٢٦بۆگەشەپێدانی بواری ڕۆشنبیری سینەمایی.
