ڕێگای كوردستان / دهۆك بەڕۆژی

بەرهەمە دەستییەكان لەئێستادا بەهۆی جوانی و سەرنجڕاكێشی خواستێكی زۆریان لەسەرە، ئەوەش وای كردووە كە كاری دەستی لە جیهاندا نرخ و بەهایەكی تایبەتی هەبێت، هاوكات سۆشیال میدیا خزمەتێكی باشی ئەو پیشەوەرانەی كردووە و ئاسانكاری دەكات بۆ ئەوەی كارە دەستییەكانیان لە ئەكاونت و پەیجەكانی ئینتەرنێت نمایش بكرێن و بە بازاڕ بكرێن.

(ئەژین زرار )كچە گەنجێكی دەستڕەنگینە و دانیشتووی قەزای ناوەندی سۆرانە، وەك خۆی باسی دەكات ماوەی 10 ساڵە لە ناو ماڵەكەی خۆیدا سەرقاڵی كارە دەستییەكانیەتی و لە ڕێگەی ئۆنڵاینەوە بەرهەمە دەستكردەكانی بە بازاڕ دەكات.

 ئەژین زرار لەساڵی ١٩٩٢ لە دیانا لە دایكبووە و دانیشتووی قەزای ناوەندی سۆرانە، ئەو دەرچووی قۆناغی ئامادەییە، لە دیدارێكی تایبەتدا بەمجۆرە باس لە كارە دەستییەكانی بۆ ڕێگای كوردستان دەكات:  "دوای ئەوەی نەمتوانی درێژە بە خوێندن بدەم، حەز و خولیام بۆ كاری دەستی بووە پیشەیەكی سەركەوتوو و پڕۆژەیەكی بچووك،،سوپاس بۆ خوا داهاتی كارەكەم تاڕادەیەك بژێوی ژیانمی ڕایی كردووە".

 سەبارەت بە جۆری بەرهەمە دەستییەكانی ئەو خانمە دەستڕەنگینە دەڵێت: پیشە دەستییەكانم ئەو كار و بەرهەمانە دەگرێتەوە كە بە ئەندێشە و هزری خۆم سازیان دەكەم و لە كەرستە و شتومەكی خۆجێیی دروستیان دەكەم، نموونەی ئێكسوارات و نەخشاندنی چەرم و فوم چنین بە مەكرومە، هەروەها دیزاینكردنی هەنار و پێنوس و شوشە و دیكۆراتی جوانكاری نێوماڵ.

ئەژین زرار، بۆ داهاتووی كارەكەی خوازیارە بەرهەمە دەستییەكانی لە هەموو ناوچەكەدا بناسرێت و لەمبارەیەوە دەڵێت: وەكو دیزاینكارێك چەندین ساڵە هەرلەماڵەوە لە پیشەكەم بەردەوامم و سەرەتا لە ئیشی بچووكەوە دەستم پێی كرد، بۆ داهاتوو هەوڵی ئەوە دەدەم پەرەی زیاتر بە كارە دەستییەكانم بدەم و پڕۆژەكەم گەورەتر بكەم، بۆ ئەوەی كارەكەم ببێتە بڕاندێكی ناسراو.

لەكۆتایدا، ئەژین زرار ئەوەشی خستەڕوو: سوپاس بۆ ڕۆژنامەی ڕێگای كوردستان، كەگرنگی دەدات بەتواناكانی خانمان لەهەمووبوارەكانەوەبەهیوام كەبەردەوامبن لەپاڵپشتی وبەسەركردنەوەی خانمانی دەستڕەنگین وبەهرەمەند.