
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی"nvisioncenters"، بەکارهێنانی چاویلکە نابێتە هۆی خراپتربوونی بینایی، بەڵکو تەنها ئەو گۆڕانکارییانە چاک دەکات کە بەهۆی کێشەکانی شکانەوەی تیشک وەک نزیکبینی، دووربینی و ئەستیگماتیزم دروست دەبن.
هەر بە پێی هەواڵەكە، بەکارهێنانی نمرەی هەڵەی چاویلکە دەبێتە هۆی ماندووبوونی چاو، سووربوونەوە، و سەرئێشە، بەڵام نابێتە هۆی زیانی هەمیشەیی بۆ بینایی.
بەڵام بۆ منداڵان بابەتەکە جیاوازە، بەکارنەهێنانی چاویلکە یان بەکارهێنانی نمرەی هەڵە دەبێتە هۆی ئەوەی کێشەی نزیکبینی بە خێراییەکی زۆرتر پەرە بسێنێت.
توێژینەوە درێژخایەنەکان دەریانخستووە کە پێدانی نمرەی دروست بە منداڵان یارمەتی خاوکردنەوەی پەرەسەندنی کێشەکانی چاو دەدات.
چاویلکە تەنها ئامرازێکی یاریدەدەرە بۆ ئەوەی تیشک بە دروستی بکەوێتە سەر تۆڕی چاو و نیشانە ناخۆشەکانی وەک تەڵخ بینین و سەرئێشە نەهێڵێت.
