ئازاری بەشی خوارەوەی پشت یەکێکە لە بڵاوترین کێشە تەندروستییەکان کە کاریگەری ڕاستەوخۆ دەخاتە سەر بڕبڕەکان و ناوچەی کەمەر. ئەم ئازارە زۆربەی کات لە ئەنجامی ماندووبوونی زۆری ماسولکەکان یان کێشەکانی دیسک و جومگەوە سەر هەڵدەدات.
🔷نیشانەکان و پەرەسەندنی ئازار
بەپێی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی "clevelandclinic"ی پزیشکی، نیشانەکانی ئەم حاڵەتە جیاوازن؛ ڕەنگە تەنها ئازارێکی کەم بێت یان بگۆڕێت بۆ ئازارێکی توند کە بەرەو قاچەکان شۆڕ ببێتەوە. زۆرجار ئەم حاڵەتە سڕبوون و گرژبوونی توندی ماسولکەکانی لەگەڵدایە، کە دەبێتە هۆی پەکخستنی چالاکییە ڕۆژانەکان.
♦سەرەکیترین هۆکارەکانی ئازاری پشت:
١. هەڵگرتنی کەلوپەلی قورس بە شێوازێکی نادروست.
٢. زیادبوونی کێشی جەستە و قەڵەوی.
٣. لاوازیی ماسولکەکانی سک کە پەستان دەخەنە سەر بڕبڕەکان.
٤. هۆکارە پەیوەندیدارەکان بە تەمەن، وەک داخورانی جومگەکان و تەسکبوونەوەی کەناڵی بڕبڕەی پشت.
🔷ڕێگاکانی چارەسەر:
پزیشکان لە قۆناغی یەکەمدا پەنا دەبەنە بەر:
پشوودانی کورتخایەن و بەکارهێنانی دەرمانی ئازارشکێن.
ئەنجامدانی چارەسەری سروشتی (Physiotherapy) بۆ بەهێزکردنی ماسولکەکان.
لە حاڵەتە توندەکاندا، ڕەنگە پێویست بە بەکارهێنانی دەرزی تایبەت یان دەستێوەردانی نەشتەرگەری بکات بۆ چاککردنەوەی دیسکەکان.
♦کەی پێویستە دەستبەجێ سەردانی پزیشک بکرێت؟
پسپۆڕان هۆشداری دەدەن کە لە کاتی دەرکەوتنی ئەم نیشانانەدا نابێت کات بەفیڕۆ بدرێت و پێویستە سەردانی فریاکەوتن بکرێت:
🔹هەستکردن بە بێهێزیی لە ڕادەبەدەری قاچەکان.
🔹لەدەستدانی کۆنترۆڵی میز و پاشەڕۆ.
🔺خۆپاراستن باشترە لە چارەسەر:
بۆ دوورکەوتنەوە لە دووبارەبوونەوەی ئەم کێشەیە، پزیشکان ئامۆژگاری هاووڵاتییان دەکەن کە کێشی جەستەیان بە تەندروستی بهێڵنەوە و بەردەوام بن لە ئەنجامدانی وەرزشی گونجاو بۆ پاراستنی هێزی بڕبڕەی پشتیان.