لەكاتی قسەكردن، تووڕەبوون یان زەردەخەنە و پێكەنیندا، پێستی دەموچاو لە شوێنێك یان زیاتر دونوشتێتەوە یان لۆچ دەبێت بە هۆی جوولاندنەوەی یەكێك یان پتر لە ماسوڵكەكانی دەموچاو. هێڵی لۆچەكە بەگشتی بە گۆشەی 90 پلە دەبێت لەسەر ئاراستەی گرژبوونی ئەو ماسوڵكەی كە كەوتۆتە ژێرەوەی. بۆنموونە هێڵەكانی نێوچەوان ئاسۆیین چونكە ماسوڵكەكان بە شێوەیەكی شاقولی گرژدەبنەوە. لەكاتی زەردەخەنە و پێكەنیندا، گەورەترین هێڵی لۆچبوون لە گۆشەی هەردوولای دەم تا دەگەنە نزیك لووت پەیدا دەبن، پاشان دیار نامێنن تا كاتی زەردەخەنە یان پێكەنینێكی تر. هۆكاری راستەقینە لەپاڵ لۆچەكانی پێكەنین بریتییە لە كەمبوونەوەی توانای لاستیكیی پێست، هەروەها لەگەڵ بەتەمەنداچووندا ئەم هێڵانە بە شێوەیەكی بەردەوام دەمێننەوە. هۆكار و گۆڕانە بایۆلۆژییەكان یان هۆكارە ناوەكییەكان Intrinsic كە لەدەستی مرۆڤدا نین، بۆ نموونە كەمبوونەوەی رێژەی چەوری لەش، پوكانەوەی ماسوڵكە، هۆكاری بۆماوەیی(زگماكی)، رێژەی بۆیەی پێست(میلانین)، رێژەی دەردانی چەوری لە گلاندەكانی چەوری پێست. ئەو هۆكارانەی دەتوانیت كۆنترۆلیان بكەیت بریتین لە: بەركەوتن بە تیشكی سەرووی وەنەوشەیی كە لە تیشكی خۆردایە كە بە بەهێزترین هۆكاری لۆچبوون هەژمار دەكرێت. زیاتر بەركەوتن بە تیشكی خۆر دەبێتە هۆی زیاتر تێكشكانی شانە بەستەرەكانی پێست و كەمبوونەوەی توانای لاستیكیی پێست. بێگۆمان نابێ ئەم كاریگەرییانە وامان لێبكات كە دووركەوینەوە لە پێكەنین كە رۆڵی هەیە بۆ بەهێزكردنی بەرگری لەش و كەمكردنەوەی سترێس.