لە پەكین بەشێك لەو منداڵانەی ئۆتیزمیان هەیە لە یانەیەك فێری ئەسپسواری دەكرێن؛ بەشێك لەوانەی ئۆتیزمیان هەیە سەرەڕای ئەوەی ناتوانن گفتوگۆ بكەن و پەیوەندیی كۆمەڵایەتی ببەستن، بە باشی دەتوانن لەگەڵ ئەسپ مامەڵە بكەن.

لوشیا ژوو، راهێنەر دەڵێت، "پێویستت بە بەكارهێنانی زمانێكی زۆر نابێت لەگەل ئەسپدا. تەنیا پێویستە بە نەرمونیانی قاچ و جەستەمان بەكاربهێنین. بۆ منداڵانی تووشبوو بە ئۆتیزم ئەمە ئاسانە، ئەوەی قورسە پەیوەندیی كۆمەڵایەتییە."

بەگوێرەی ئامارەكانی رێكخراوی "وایس ڤۆت،" بەریتانیا زۆرترین تووشبووی ئۆتیزمی لێیە و لە 100,000 كەسدا، 700 كەس ئۆتیزمیان هەیە. دووەم وڵات سوێدە كە لە 100,000 كەس، 661 كەس ئۆتیزمیان هەیە. عێراق لە ریزبەندییەكەدا 177ـەم وڵاتە و لە 100,000 كەسدا 297 كەس ئۆتیزمیان هەیە، كۆی گشتی 125,448 كەس ئۆتیزمیان هەیە. لە 100,000 منداڵ و مێرمنداڵ 328یان ئۆتیزمیان هەیە كە دەكاتە 44,416.

توێژینەوەیەكی رێكخراوی سپارك ئاماژە بەوە دەكات، ئەو منداڵ و مێرمنداڵانەی ئۆتیزمیان هەیە و ئەسپسواری دەكەن، لە پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكاندا بەرەوپێشچوونیان بەخۆوە بینیوە بەراورد بەوانەی ئەسپسواری ناكەن.

ڤێنیسا ڤاندێڤرەی، بەڕێوەبەری یانەی ئەسپسواری دەڵێت، "ئێمە بڕیارماندا رێكخراوی (هیوا) بانگهێشت بكەین و یانەكە بۆ ئەوان تەرخان بكەین. ئەمەش سوود بە تەندروستیی ئەوان دەگەیێنێت و زۆر كەس لەلای ئێمە باشتر بووە."

یەك لەسەر شەشی ئەو منداڵانەی ئۆتیزمیان هەیە ناتوانن گفتۆگۆ بكەن؛ یەك لەسەر 10شیان وردەگەرییان نییە (بێ تەركیزن)، سێیەكی ئەوانەی ئۆتیزمیان هەیە خەمۆكیشیان هەیە، سێیەكی ئەو منداڵانەشی ئۆتیزمیان هەیە بەهرەدارن. سێیەكی دایك و باوكی ئەو منداڵانەی ئۆتیزمیان هەیە هەست بە تەنیایی دەكەن.

نزیكەی 75 ملیۆن كەس لە جیهاندا ئۆتیزیمیان هەیە، كە دەكاتە نزیكەی 1%ی جیهان. ساڵی 2021، لە هەموو 100 منداڵێك، منداڵێك ئۆتیزمی هەبووە. لە ساڵی 2000ەوە ئۆتیزم 178% زیادیكردووە.