
پەیامنێری سۆران
منداڵان، ناسکترین چڵی ژیان و هیوابەخشی دواڕۆژن؛ بە ئامانجی ڕێزگرتن لەم توێژە گرنگە و چاندنی زەردەخەنە لەسەر لێویان، لیژنەی سۆرانی (کۆمەڵەی ئافرەتانی کوردستان)، بە هەماهەنگی و هاوکاری لەگەڵ (تۆڕی عێڕاق بۆ مافەکانی منداڵان)، ئاهەنگێکی خنجیلانە و پڕ لە چاڵاکیی هەمەجۆریان بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی منداڵانەوە ڕێکخست.
ئەم ئاهەنگە کە تێیدا ژمارەیەکی بەرچاو لە منداڵان و کەسوکاریان ئامادەی بوون، چەندین بڕگەی سەرنجڕاکێش و پەروەردەیی لەخۆ گرتبوو، کە بریتی بوون لە:
١ـ ئاواز و گۆرانی:
بۆنی خۆشیی جەژن و شادی لە دەنگی منداڵەکاندا ڕەنگی دابووەوە، بە میوزیک و گۆرانییە تایبەتەکانی خۆیان، کەشێکی پڕ لە وزە و دڵخۆشییان دروستکرد.
٢ـ مافەکانی منداڵ لە درووشمەکاندا:
لەم بڕگەیەدا، بە ئامانجی هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و خودی منداڵانبوو بە مافەکانیان، چەندین درووشمی تایبەت بە مافە سەرەتاییەکانی منداڵان نمایش کران، کە تێیدا جەخت لە دابینکردنی ژیانێکی شایستە و پاراستنی منداڵان لە هەموو جۆرە توندوتیژییەک کرایەوە.
٣ـ پیشانگای بەهرەکان:
بەشێکی تری ئاهەنگەکە تایبەت بوو بە کردنەوەی پیشانگایەکی وێنەکێشان بۆ منداڵان. وێنەکانیان گوزارشتیان لە خەون و خەیاڵە ناسکەکانی منداڵان دەکرد.
٤ـ خەڵات و شیرینی:
بۆ ئەوەی یادگارییەکی جوان لە مێشکی منداڵەکاندا بمێنێتەوە، لە کۆتایی چالاکییەکەدا دیاری و شیرینی و نووقڵ بەسەر سەرجەم منداڵانی بەشداربوودا دابەش کرا، کە ئەمەش خۆشییەکی زیاتری بە دڵی ئەوان بەخشی.
ئەم جۆرە چاڵاکییانە نیشانەی بایەخدانی ڕێکخراوەکانە بە نەوەی نوێ و هەوڵدانە بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی تەندروست کە تێیدا منداڵ بە ئازادی و بە مافە ڕەواکانییەوە گەورە بێت.
ڕۆژی جیهانیی منداڵان (۱ـی ٦) لە هەموو منداڵانی کوردستان پیرۆزبێت.








'



