
🔻لە شکۆی دیموکراسییەوە بۆ پەککەوتنی پەرلەمان
🔻هەڕەشەی سەر هەڵدانەوەی دوو ئیدارەیی مەترسیەکی گەورەیە
ڕێگای کوردستان
ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان لە کاتێکدا یادی ٣٤ ساڵەی یەکەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی خۆی لە ١٩ی ئایاری ١٩٩٢ دەکاتەوە، کە مێژووی ئەم دامەزراوە یاسادانانە لێوانلێوە لە وێستگەی پڕ لە هەورازو نشێو و ململانێی قووڵی سیاسی.
ئەو ئەزموونەی بە گەشبینییەکی گەورەوە وەک گواستنەوە لە خەباتی شاخەوە بۆ خەباتی شار دەستی پێکرد، زوو ڕووبەڕووی بەربەستی سەخت بووەوە.
دوای تەنها دوو ساڵ لەو دەستکەوتە، سیستەمی (فیفتی فیفتی) و ململانێی دەسەڵات، هەرێمەکەی ڕاپێچی شەڕی ناوخۆیی ماڵوێنکەر کرد لە ساڵی ١٩٩٤.
ئەو شەڕە نەک تەنها متمانەی هاووڵاتیانی بە پرۆسەی دیموکراسی لاواز کرد، بەڵکو دەرەنجام دابەشبوونی جوگرافی و کارگێڕی لێکەوتەوە و قەوارەکەی کردە دوو ئیدارەیی (زەردو سەوز)، کە تائێستاش پاشماوە و سێبەرە تاریکەکەی بەسەر جومگەکانی دارایی و ئەمنی و سیاسی هەرێمەوە ماوەتەوە.
ئەمڕۆ کە یادی ئەو وەرچەرخانە مێژووییە دەکرێتەوە، پەرلەمانی کوردستان لە دۆخێکی شەرمەزکەردایە، داوی ١٨ مانگ لە هەڵبژاردنی خولی شەشەم ، بەهۆی ناکۆکی و ململانیەی سیاسی نێوان پارتی و یەکێتی، پەرلەمان لە کارکەوتووەو ئەم دامەزراوە نیشتمانییە کراوەتە قوربانی ناکۆکییە سیاسییەکان.
لە ٣٤ەمین ساڵیادی یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا، پرۆسەی دیموکراسی هەرێم لە بەردەم مەترسیدایە.
پەککەوتنی پەرلەمان و سەرهەڵدانەوەی هەڕەشەی دوو ئیدارەیی لە ئەنجامی ململانێ حزبییەکان، نەک تەنها دەستکەوتەکانی ڕابردوو دەخەنە مەترسییەوە، بەڵکو هەنگاوێکی کوشندەن کە قەوارە دەستووری و سیاسییەکەی هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی لێکترازان و مەترسیی جدی دەکەنەوە.
