
ڕێگای کوردستان/ هەولێر
مەغدید حاجی، سکرتێری رێکخراوی پیشەیی مامۆستایان، لە لێدوانێکی نوێدا نیگەرانییە قووڵەکانی خۆی سەبارەت بە ڕاگرتنی پڕۆسەی خوێندن و پەنابردن بۆ خوێندنی ئۆنلاین دەربڕی و ڕایگەیاند کە ئەم بڕیارانە زیانی گەورە بە ئاستی زانستی قوتابیان دەگەیەنن.
بە بڕوای مەغدید حاجی، گۆڕینی خوێندن بۆ سیستەمی ئۆنلاین هەنگاوێکی سەرکەوتوو نییە، چونکە ئەزموونی سەردەمی کۆڕۆنا سەلماندی کە ژێرخانی تەکنیکی و باری دارایی هەرێم بۆ ئەم جۆرە خوێندنە گونجاو نییە. ئاماژەی بەوەش کرد کە کێشەی کارەبا، باری سەختی ئابووری کەسوکاری قوتابیان بۆ دابینکردنی ئامێرەکان، و نەشارەزایی بەشێک لە مامۆستایان و قوتابیان لە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا، وای کردووە خوێندنی ئۆنلاین بێسوود بێت. هەرچەندە پێی وایە زانکۆکان دەتوانن تا ڕادەیەک سوودی لێ ببینن، بەڵام بۆ ناوەندەکانی خوێندن بە گشتی بە گونجاوی نازانێت.
سکرتێری رێکخراوی پیشەیی مامۆستایان پرسیاری ئەوە دەکات، بۆچی تەنها مەترسی لەسەر قوتابخانەکانە؟ لە کاتێکدا مزگەوتەکان ڕۆژانە پێنج جار و لە نوێژی هەینیدا بە لێشاو پڕ دەبن لە هاوڵاتی، بازاڕەکان و کافتریای گەنجان و شەقامەکان جمەیان دێت، بەڵام تەنها دەرگای ناوەندەکانی خوێندن دادەخرێن، ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە پڕۆسەی پەروەردە لە لایەن دەسەڵاتەوە بە هەند وەرنەگیراوە.
مەغدید حاجی ڕەخنەی توند لەوە دەگرێت کە کاربەدەستانی هەرێم بەدوای هەر بیانوویەکدا دەگەڕێن بۆ پەکخستنی خوێندن، ئاماژە بەوە دەکات کە نەک تەنها لە کاتی جەنگ و تەنگژەکاندا، بەڵکو لە کاتە ئاساییەکانیشدا پشووەکان بە شێوەیەکی ناتەندروست درێژ دەکرێنەوە. بۆ نموونە پشووی جەژن و نەورۆز و سەری ساڵ کە دەبێت چەند ڕۆژێکی کەم بن، دەکرێنە هەفتە و چەندین ڕۆژی دیکەشی بەناوی (لێدان) و فەرامۆشکردنی دەوامەوە بەفیڕۆ دەچێت.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، مەغدید حاجی گومانی خۆی دەخاتە ڕوو کە دەسەڵاتدارانی هەرێم بە ئەنقەست پشووەکان زیاد دەکەن، نەک لەبەر خەمی قوتابیان، بەڵکو بۆ ئەوەی ڕێگری بکەن لە کۆبوونەوەی مامۆستایان و ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر دواکەوتنی مووچە. بە وتەی ئەو، پڕۆسەی خوێندن کراوەتە قوربانیی مەرامە سیاسییەکان و ئەمەش بووەتە هۆی دابەزینی ئاستی زانستی لە هەرێمی کوردستاندا.