
ڕێگای کوردستان
لە ساڵیادی تۆمارکردنی داستانی مێژوویی هەندرێندا، شاندێکی باڵای حزبی شیوعی کوردستان، بەیاوەری کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی حزبی شیوعی عێراق و کوردستان، سەردانی خانەوادەی فەرماندەی کاریگەر و لێهاتووی داستانەکە، شەهید فاخیر مێرگەسۆرییان لە شاری هەولێر کرد و لەلایەن بنەماڵەکەیانەوە بەگەرمی پێشوازی کران.
شاندەکە پێکهاتبوو لە هاوڕێیان ئەبوکاروان سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی و ڕێباز هاشم و شنۆ مەجید ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی و بەختیار شەعبی ئەندامی چاودێری ناوەندی و مامۆستا مەغدید حاجی سکرتێری مامۆستایانی پیشەیی.
لەم بەسەرکردنەوەیەدا، تیشک خرایە سەر ڕۆڵی مێژوویی و قارەمانانەی شەهید فاخیر مێرگەسۆری، کە لەو داستانەدا شان بەشانی هاوڕێکانی نەبەردییەکی مەزنی نواند لە تێکشکاندن و ڕاوەدووڕانی سوپای عێراق، کە بووە هێمای خۆڕاگریی و قارەمانی بۆ خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستان و عێراق.
پاشان وەک وەفادارییەک بۆ خوێنی پاکی شەهیدان، لە کۆتایی سەردانەکەدا قەڵغانی ڕێزلێنان لەلایەن ڕابیتەی ئەنساری حزبی شیوعی عێراق و کتێبی بیرەوەری داستانی هەندرێن و خوا کورک، لەلایەن کە لەلایەن مامۆستا مەغدید حاجی نووسراوە، پێشکەش بە خانەوادەی شەهیدی فەرماندە کرا.
لای خۆشیانەوە، خانەوادەی شەهید فاخیر خۆشحاڵی قووڵی خۆیان بۆ ئەم بەسەرکردنەوەیە دەربڕی و ئەم هەڵوێستە نیشتمانی و پڕ لە وەفایەی شاندی حزبی شیوعی کوردستانیان بەرز نرخاند، کە هەمیشە یادەوەریی تێکۆشەرانی ڕێگای ئازادی بە زیندوویی ڕادەگرن.



