
ڕێگای کوردستان
وەزارەتی دارایی هەرێم ڕایدەگەیەنێت سبەی لیست و تەرازووی پێداچوونەوەی دارایی ڕەوانەی بەغدا دەکرێت، فەرمانگەی تەکنەلۆجیاش باس لە ئامادەکردنی سیستمی پەیڕۆڵ دەکات. بەڵام ئەم ڕیکلامە میدیاییانە ڕاستییەکی تاڵ دەشارنەوە.
ئەم هەنگاوانە تەنیا چاوشارکێ و یارییەکی دەروونیی دەسەڵاتە لەگەڵ مووچەخۆرانی هەرێم بۆ کاتکوشتن و سەرقاڵکردنیان لەنێوان لێدوان و شاندە تەکنیکییە بێئاکامەکاندا.
هەموو ئەم ئامادەکارییانە بۆ تەمویلی مووچەی مانگی ئایار، تەنیا نمایشێکی کاتین و لە کۆتاییدا هۆکاری سەرەکیی کێشەکە دەشارنەوە، چونکە خاڵی جەوهەری و بەربەستی ڕاستەقینە، نەناردنی داهاتی نانەوتی هەرێمە بۆ بەغدا. بەردەوامیی نەناردنی داهاتە ناوخۆییەکان بەردەوام گرفتی سەرەکی دواکەوتنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بووە.
چاودێرانی سیاسی بۆچوونیان وایە، ئەم ئامادەکاری و ڕێکارانەی دەسەڵاتداران بۆ مووچە باسی دەکەن، لە ڕۆژانی داهاتوودا دەبێتە هۆی شۆککردنی سەرجەم مووچەخۆران، بەو پێیەی بەغدا تا ئەم ساتە ئامادە نییە بەبێ ناردنی داهاتی نانەوتی مووجەی هەرێم خەرج بکات.
چاودێران پێشیان واێە، ئەم جۆرە یاریکردنە بێباکانەیە بە قوتی خەڵک، فەرمانبەرانی خستووەتە دۆخێکی دەروونیی پڕ لە دڵەڕاوکێ و فشاری توند، کە چیتر توانای بەرگەی ئەم هەموو چەواشەکارییەیان نەماوە.
