
ئەمڕۆ، لە شاری هەولێر، سكرتێری كۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی كوردستان و ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی، پێشوازییان لە شاندێكی هاوبەشی حزبە شیوعییەكانی وڵاتانی ئوردن، عێراق و لوبنان كرد.
دیدارەكە بە مەبەستی تاووتوێكردنی دوایین گۆڕانكارییە سیاسییەكانی ناوچەكە و بەهێزكردنی پەیوەندییە مێژووییەكانی نێوان ئەو حزبانە بەڕێوەچوو.
لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا، شاندی میوان كە پێكهاتبوون لە: جیهاد محەمەد (ئەندامی مەكتەبی سیاسی حزبی شیوعی ئوردن)، ئەبو رافد (جێگری سكرتێری حزبی شیوعی عێراق) و مەسعود محەمەد (نوێنەری حزبی شیوعی لوبنان).
لەلایەن هاوڕێ ئەبو كاروان، سكرتێری كۆمیتەی ناوەندی و هاورێیان بابا عەلی جەباری، هۆگر چەتۆ ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و شنۆ عەبدولمەجید ئەندانی كۆمیتەی ناوەندی و نەبەز مستەفا ئەندامی پەیوەندییەكانی ناوەندی، پێشوازییان لێكرا.
تەوەری سەرەكی گفتوگۆكان تەرخانكرا بۆ شیكردنەوەی بارودۆخی ئاڵۆزی ناوچەكە، بەتایبەتی مەترسییەكانی دەستێوەردانی هێزە ئیقلیمییەكان و ئەو ململانێیە سەربازی و سیاسییانەی لە نێوان زلهێزەكاندا لە ئارادایە.
هەردوولا هاوڕابوون كە ئەم ململانێیانە كاریگەری نەرێنی ڕاستەوخۆیان لەسەر سەقامگیری ناوچەكە و چارەنووسی گەلان هەیە.
لە بەشێكی تری دیدارەكەدا، جەخت لەسەر بەرپرسیارێتی مێژوویی هێزە چەپ و دیموكراتخوازەكان كرایەوە، ئامادەبووان ئاماژەیان بەوە كرد كە پێویستە ئەم هێزانە ڕۆڵی كاریگەرتریان هەبێت لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەكان، داكۆكیكردن لە مافی چەوساوەكان و هەوڵدان بۆ چەسپاندنی دادپەروەری كۆمەڵایەتی و ئاشتی.
