
سەروتاری رێگای كوردستان
ئەركی مێژوویی و هەڵوێستی حزبی شیوعیی كوردستان لە قۆناغی قەیرانەكاندا
لە دۆخێكی هەستیاری وەك ئێستادا، كە هەرێمی كوردستان بە قۆناغێكی پڕ لە ئاڵنگاری و قەیرانی بەردەوامی حوكمڕانی تێپەڕ دەبێت، حزبی شیوعیی كوردستان لە ئاست ئەركە نیشتمانی و چینایەتییەكانیدا، بە پێداچوونەوەیەكی ورد و بابەتییانە بۆ واقیعی سیاسی، درێژە بە دیدار و گفتوگۆ فراوانەكانی لەگەڵ جەماوەری گەلەكەمان و چین و توێژە جیاوازەكان لە شار و شارۆچكەكان دەدات. ئەم جوڵە مەیدانییە، تەنها وەك چالاكییەكی حیزبی سەیر ناكرێت، بەڵكو پڕۆژەیەكی سیاسیی ستراتیژییە بۆ دۆزینەوەی دەرچەیەك لە بنبەستی سیاسیی ئێستا، لە ڕێگەی گەڕانەوە بۆ سەرچاوەی سەرەكیی دەسەڵات، كە بریتییە لە «جەماوەر».
لە دیداری ئەم دواییەی مەكتەبی سیاسیدا لە شاری كەركوك، كە بەشێكە لە زنجیرە دیدارە نیشتمانییەكان، بە وردی و بە زمانێكی فكری و زانستییانە، كێشەی سیستەمی حوكمڕانی و بنەماكانی دادپەروەریی كۆمەڵایەتی خرایە بەرباس. ئەوەی لەم گفتوگۆیانەدا جەختی لەسەر كرایەوە، پێویستیی ئاراستەكردنی ئیرادەی سیاسیی هاووڵاتیانە بۆ قۆناغێكی كاراتر؛ بە جۆرێك كە چەمكی «هاووڵاتیی كارا» تەنها لە چوارچێوەی بەشداریكردنی شكڵیی لە هەڵبژاردنەكاندا كورت نەكرێتەوە، بەڵكو ببێتە خاوەن ڕۆڵ لە دارشتنی بڕیاری سیاسی و ئابووریی وڵاتدا.
حزبی شیوعیی كوردستان لەم قۆناغەدا، «پەرە بە كاری هاوبەشی سیاسی و جەماوەریی » دەدات . لە دیدی حزبی شیوعییەوە؛ پاشەكشەی پرسی نیشتمانی لە ناوچە دابڕێنراوەكان و نەبوونی گوتارێكی یەكگرتووی نیشتمانی بەرامبەر بە بەغدا، دابڕاونییە لە لێكەوتەكانی قەیرانی سیاسی هەرێمی كوردستان و دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی ئەو بۆشایییەیە كە لە ئەنجامی بێمتمانەییی خەڵك بە دامەزراوەكانی دەوڵەت و داخستنی پەرلەمان دروست بووە. دۆزینەوەی چارەسەری قەیرانەكان لە دامێنی كۆمەڵگەوە – لە نێو كرێكاران، گەنجان، ژنان، ڕۆشنبیران و بێكاراندا بەشێكی جەوهەری رێچار و گەرانەوەی متمانەی جەماوەرە بە پرۆسەی سیاسی .
لە كاتێكا هێزەكانی دەسەڵات بێ باكانە مامەڵەدەكەن لەم هەلومەرجەدا ئەركی ئۆپۆزیسیۆن لە پرسی نیشتمانسازیدا، بە ئەركێكی مێژوویی سەیر دەكەین بۆ ئەوەی قۆناغی رزگاریی نیشتمانی بەسەركەوتوویی تێپەڕێت، پێویستە گوتارێكی هزریی جێگرەوە پێشكەش بكرێت كە لەسەر بنەمای دادپەروەری و یەكسانی و سەروەریی یاسا بێت، نەك لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی تەسك. ئێمە وەك حزبی شیوعیی كوردستان، بە هەموو تێكۆشەرانمانەوە لە گوند و شارەكان، بەردەوام دەبین لە سەركردایەتیكردنی ئەم گفتوگۆیە نیشتمانییانە، تاوەكو جەماوەر خۆی ببێتە بڕیاردەری كۆتایی.
لە كۆتاییدا، پێدراوە سیاسییەكان دەیسەلمێنێت كە كاتێك هەڕەمی دەسەڵات خۆی دەبێتە سەرچاوەی قەیران، ئەوا تاكە چارەسەری زانستی و نیشتمانی، گەڕانەوەیە بۆ ئیرادەی جەماوەر. ئەمە ئەو پەیامەیە كە مەكتەبی سیاسیی حزبی شیوعیی كوردستان بە دەنگی بەرز لە كەركوك و سەرانسەری كوردستانەوە رای دەگەیەنێت: بەبێ گۆڕانكاری لە ئاستی سیاسی و ئابوری ، گۆڕانكارییەك لە پێناو خەڵك و نیشتمانەكەمان بێت ئامانجەكەی بەهێزكردنی بنەماكانی نیشتمانێك بێت كە شایستەی خەبات و قوربانیدانی گەلەكەمان بێت ناتوانین ئەم قۆناغە بەسەركەوتوویی تێپەرێنین .
