
هەولێر
بەرتەسککردنەوەی ئازادیی کاری میدیایی و ڕێگری لە گەیاندنی دەنگی هاووڵاتییان لە فراوانبووندایە، رۆژی یەكشەممە هێزەکانی ئاسایش لە گەراجی هەولێر - کەرکوک ڕێگرییان لە تیمی کەناڵی ئازادی کرد بۆ ئەنجامدانی ڕاپۆرتێکی مەیدانی تایبەت بە قەیرانی بەنزین.
تیمەکەی ئازادی بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ قەیرانی گرانی و بەرزی نرخی بەنزین و گلەیی و گازندەی شۆفێران و وەرگرتنی ڕای شۆفێران سەردانی گەراجەکەیان کرد، بەڵام دەستبەجێ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ڕێگرییان لێکرا و ڕێگەیان پێنەدرا لەگەڵ شۆفێران قسە بکەن یان دیمەنەکانی پەیوەست بەو کێشە خزمەتگوزارییەوە تۆمار بکەن و بگوازنەوە.
ئەم ڕێگرییە لەکاتێکدایە کە شۆفێران و هاووڵاتییانی شاری هەولێر بەدەست گرانی نرخی سووتەمەنییەوە دەناڵێنن و چاوەڕێی ئەوەن میدیاکان دەنگدانەوەی ناڕەزایەتییەکانیان بن بۆ بەرپرسانی حکومی. بەڵام ڕێگریکردن لە میدیاکان بۆ گەیاندنی ئەم کێشەیە، پرسیاری جدی لەسەر سنووردارکردنی ئازادیی ڕادەربڕین و هەوڵی کپکردنی دەنگی شەقام دروست دەکات.
هیوا عومەر بەرپرسی ڕاگەیاندنی ناوەندی حزبی شیوعی کوردستان، ئەم ڕەفتارەی ئاسایش بە پاشەکشەی زیاتری ئازادی کاری ڕۆژنامەوانی ناودەبات و پێی وایە کە ڕێگریکردن لە ڕوماڵکردنی کێشە خزمەتگوزارییەکان، نەک هەر چارەسەرێک ناهێنێتە کایەوە، بەڵکو دەبێتە هۆی زیاتر پەکخستنی مافە مەدەنییەکانی هاووڵاتییان بۆ دەربڕینی گلەیی و کێشەکانیان.
ووتیشی ئەوەی دەکرێت پێشێلکردنی یاسای کاری ڕۆژنامەوانیەو پێویستە لایەنە پەیوەنددارەکان سنوورێک بۆ ئەم جۆرە ڕەفتارانە دابنێن. See less
