
ڕێگای کوردستان
ئابووری عێراق ڕووبەڕووی قەیرانێکی گەورەو مەترسیدار دەبێتەوە،ئەمەش دوای ئەوەی هەناردەی نەوتی وڵات بەهۆی لێکەوتەکانی شەڕ و هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، داڕمانێکی گەورەی بەخۆیەوە بینی و گەیشتە نزمترین ئاستی چەند دەیەی ڕابردوو.
بەپێی نوێترین ئامارەکان، کۆی گشتیی هەناردەی نەوتی عێراق لە ١٨ ملیۆن و ٦٠٤ هەزار و ٩٥١ بەرمیل لە مانگی ئازارەوە، بۆ تەنها ٩ ملیۆن و ٨٨٤ هەزار و ١٣٠ بەرمیل لە مانگی نیساندا کەمیکردووە.
ئەم داتایانە نیشانی دەدەن کە هەناردەکردن تەنها لە ماوەی یەک مانگدا نزیکەی نیوە کەمیکردووە و پتر لە ٨.٧ ملیۆن بەرمیل نەوت پاشەکشەی کردووە.
ئەم دۆخەی ئێستا جیاوازییەکی ڕیشەیی و ترسناکی هەیە لەگەڵ قۆناغی پێش دەستپێکردنی شەڕەکە، لە کاتێکدا عێراق پێش گرژییەکان مانگانە لە نێوان ١٠٠ بۆ ١٠٥ ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردە دەکرد و داهاتەکەی پتر لە ٨ ملیار دۆلار بوو، ئێستا هەناردەی مانگانە بۆ کەمتر لە ١٠٪ی دۆخی ئاسایی دابەزیوە، ئەمەش بەهۆی پەککەوتنی تەواوەتی گەشتە دەریاییەکان لە گەرووی هورمز و کەنداو بەهۆی مەترسییە ئەمنییەکانەوە.
شارەزایانی ئابووری هۆشداری دەدەن کە دابەزینی داهاتی مانگانەی نەوت بۆ کەمتر لە ٨٠٠ ملیۆن دۆلار، بودجەی گشتی و دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران دەخاتە بەردەم مەترسییەکی ڕاستەقینەی داڕمانەوە، چونکە نەوەد و پێنج لەسەدی ئابووری عێراق بە تەواوی پشت بە فرۆشتنی نەوت دەبەستێت و وڵاتەکە گورزێکی گەورەی بەرکەوتووە کە ڕەنگە نەتوانێت بە ئاسانی لێی دەرباز بێت.
