
ڕێگای کوردستان
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە لێدوانێکی نوێدا بۆ کەناڵی ١٤ی ئیسرائیلی، ئاستی گرژییەکانی لەگەڵ تاران گەیاندە لوتکە و ڕایگەیاند، توانای کۆنتڕۆڵکردنی گەرووی هورمزمان هەیە و بە کردار کار لەسەر ئەوە دەکەن.
ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد کە هەماهەنگییان لەگەڵ ئیسرائیل لە باشترین ئاستدایە و گوشارەکان وایانکردووە ئێران بۆ ڕێککەوتن بپاڕێتەوە.
هاوکات لەگەڵ ئەم هەڕەشانەدا، ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز ئاشکرای کردووە کە هێزە دەستەبژێرەکانی ئەمریکا، لەوانە (رێنجەرز و سیلز)، گەیشتوونەتە ناوچەکە و لە ئێستادا ژمارەی سەربازانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ٥٠ هەزار کەسی تێپەڕاندووە.
ئەم جموجۆڵە سەربازییانە دەرگا بەڕووی چەندین سیناریۆدا دەکاتەوە، لەوانە، کۆنتڕۆڵکردنی گەرووی هورمز، دەستبەسەرداگرتنی دوورگەی (خارگ)ی نەوتی و لێدانی بنکە ئەتۆمییەکانی ئەسفەهان.
لە بەرامبەردا، ئێران کاردانەوەی توندی نیشان داو ئیسماعیل بەقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، کە تاران ئامادەی هەموو سیناریۆیەک و تەنانەت ڕووبەڕووبوونەوەی زەمینییشە. بەقائی هۆشداریی دا کە هەر هێرشێک بۆ سەر خاکی ئێران، وەڵامێکی توند و بێوێنەی لێدەکەوێتەوە.
ئەم گۆڕانکارییانە نیشانەی ئەوەن کە ناوچەکە لەبەردەم قۆناغێکی یەکلاکەرەوە و مەترسیداردایە.