
ئیسماعیل بەقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، پەیوەندییەکانی نێوان تاران و بەغدا پۆڵایینن. ئەو جەختی کردەوە کە گۆڕانی حکومەتەکان لە عێراق کاریگەری لەسەر هاوپەیمانی ستراتیژی و مێژوویی نێوان هەردوو وڵاتی دراوسێ ناکات، چونکە بنەمای پەیوەندییەکان جێگیرن.
بەقائی ئاماژەی بە مەلەفی گەرووی هورمز کرد و ڕایگەیاند، ڕێکخستنە نوێیەکان لەگەڵ عومان بۆ پاراستنی ئاسایشی گەرووەکەیە. ئەو وتی تاران دۆستایەتی ناوچەکەی دەوێت، بەڵام نیگەرانە لەو وڵاتانەی ئاسمانی خۆیان دەدەنە هێرشبەران. هەروەها بوونی ئەمریکای لە ناوچەکە وەک مەترسی ناوبرد.
لەسەر مەلەفی ئەتۆمی، بەقائی ئاشکرای کرد دانوستانەکان بە نێوەندگیری پاکستان بەردەوامن، بەڵام جەختی کردەوە پیتاندنی یۆرانیۆم هێڵی سوورە و دەبێت سزاکان هەڵبگیرێن و داراییە بلۆککراوەکانیان ئازاد بکرێن.
لەکۆتاییدا، وتەبێژی دەرەوەی ئێران دەستبەسەرکردنی بەلەمێکی وڵاتەکەی لەلایەن کوێتەوە سەرکۆنە کرد و هاوکات پتەوی پەیوەندییەکانی تارانی لەگەڵ پەکین دووپاتکردەوە.
